سەرەتا
چاو پێكه‌وتنی ئارام شێخ محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی‌ روداو

3/13/2015

لە هەڵبژاردنەكانی 30ی نیسانی رابردوودا بۆ پەرلەمانی عێراق زیاتر لە 140 هەزار دەنگی هێنا، بەردەوام پەیوەندی تەلەفۆنی بۆ دێت و پیرۆزبایی لێدەكرێ، خۆی رێكخەری ژووری هەڵبژاردنەكانی بزووتنەوەی گۆڕانە.

ئارام شێخ محەممەد، سەرۆكی لیستی گۆڕان بۆ پەرلەمانی داهاتووی عێراق، لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) دەڵێ "گۆڕان دەنگی زیادی كردووەو زیاتر لە نیو ملیۆن دەنگی هێناوە و هەڤاڵ ئەبوبەكریش دەبێتە پارێزگار و دەبێ بڕیارەكانی جێبەجێ بكرێن". لەبارەی زیادبوونی دەنگەكانی یەكێتیش دەڵێ "یەكێتی تەزویرێكی زۆری كردووە و مردووەكانیش دەنگیان بۆ یەكێتی داوە".
خەڵكمان لەگەڵە و مەرج لە هیچ كەسێك قبووڵ ناكەین


رووداو: یەكێتی دەڵێ گۆڕان لەم هەڵبژاردنەدا شكستی هێنا، بەڕاست بزووتنەوەی گۆڕان لەم هەڵبژاردنەدا دۆڕا؟

ئارام شێخ: هەركەس چی دەڵێت با بیڵێت، ئەگەر بە داتا قسەبكەین، ئێمە لە هەڵبژاردنی 21ی ئەیلولی 2013دا بۆ پەرلەمانی كوردستان 476396 دەنگمان هێنا و ئێستا بێجگە لە دەنگدانی تایبەت ئەو دەنگەمان بە زیادەوە هێناوەتەوە، ئەگەر دەنگدانی تایبەتی بچێتە سەر دەبێتە نیو ملیون و زیاتریش، كەواتە دەنگمان زیادی كردووە و لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیدا 13 كورسی دەبەین و لە هەولێر بۆ یەكەمجار بزووتنەوەی گۆڕان 4 كورسی دەبێ و لە دهۆكیش یەك كورسی، ئەمە بۆ گۆڕان گرنگیی خۆی هەیە، بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش ئێمە كورسیەكانمان زیاد دەكات و لە 8 كورسییەوە دەبێ بە 9 كورسی، ئیتر كەمكردنی چی؟

رووداو: دەنگی گۆڕان بە گشتی لە هەموو عێراق نزیكەی چەندە؟

ئارام شێخ: لە هەموو ناوچەكان بە دەنگی تایبەتەوە نزیك دەبین لە 520 هەزار دەنگ بە كەركووكەوە، بێ كەركووك خاوەنی نیو ملیۆن دەنگین، چونكە ئێمە تەنیا لە هەرێمی كوردستان و كەركووك بەشداریمان كردووە لە هەڵبژاردن.

رووداو: مەلا بەختیار دەڵێ بەهیچ شێوەیەك قبووڵ ناكەین هەڤاڵ ئەبوبەكر ببێتە پارێزگاری سلێمانی، ئەگەر گۆڕان سووربێ لەسەر ئەوە، ئێمە بڕیارەكانی ئەو پارێزگارە جێبەجێ ناكەین، گۆڕان هەڤاڵ ئەبوبەكر دەكاتە پارێزگاری سلێمانی؟
دەنگەكانی یەكێتی هەڵاوسانی پێوە دیارە


ئارام شێخ: دكتۆر هەڤاڵ بە شەرعیەتی هەڵبژاردن دەبێتە پارێزگار لەسەر بنەمای ئیستیحقاقی ئەو لیستە و یاسایەكیش هەیە رێگە بەوە دەدات كە یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2009ی ئەنجوومەنی پاریزگاكانی هەرێمی كوردستانە، هەر لایەنێك بتوانێ بۆ كاندیدی پارێزگار دەنگی پێویست بهێنێ دەبێتە پارێزگار و یاسا و رێگای لێپرسینەوەش زۆرە بۆ كەسێك نەیەوێ بڕیار جێبەجێ بكات، ئەو كاتە جەنابی پارێزگار و حكومەتی هەرێمی كوردستان و دادگا و لێپرسینەوەی یاسایی بڕیار دەدەن و دەبێ لە فەوزاو موزایەدەی ئەم و ئەو و دەسەڵاتی حیزب رزگارمان بێت.

رووداو: هۆی كەمبوونەوەی دەنگەكانی گۆڕان لە هەولێر چییە؟

ئارام شێخ: لە هەولێر بەشێكی كەمی دەنگەكان كەمی كردووە و ئێستا ئێمە خەریكی ئەوەین دوای هەڵبژاردن لەوە بكۆڵینەوە كە بۆچی وایە، جا ئێمە هەمیشە خانەیەكی بەتاڵ بۆ تەزویر جێدەهێڵین لە لێكۆڵینەوەكانماندا، واتە بێجگە لە تەزویر ئینجا بۆچی و ئەوەش دوای هەڵبژاردن دەیكەین.

رووداو: دەگوترێ لەبەر ئەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتی رێككەوتنی كرد لەسەر پێكهێنانی حكومەت بۆیە دەنگەكانی كەم بوونەوە، وایە؟

ئارام شێخ: ئێمە لەگەڵ پارتی وەك حیزبێك كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكانی 21/9 بوو رێككەوتین لەسەر پێكهێنانی حكومەت و هەوڵێك هەبووە و هەیە هەمیشە خەڵكی پێ بگەوجێندرێ لەلایەن لایەنێكەوە كە هەموو رۆژ بۆ خۆیان حەڵاڵە چ بە تاك و چ بە كۆ لای پارتی بن، بەڵام رێككەوتن بۆ پێكهێنانی حكومەت وا تەفسیر بكەن.

رووداو: راستە یەكێتی ساختەكاری كردووە لەم هەڵبژاردنە؟ ئەگەر كراوە لە كام شوێن كردوویانە و بەڵگە چییە؟

ئارام شێخ: بەڵێ ساختەكارییان كردووە لە سلێمانی و هەولێر و دهۆك و دەنگەكانیان هەڵاوسانی پێوە دیارە و تەنیا دەنگی یەكێتی بەرز بووەتەوە و دەنگی لایەنەكان كەمیان نەكردووە، تەزویرەكەش بریتی بووە لە بەكارهێنانی كارتی ئەلیكترۆنی دووبارە و هەندەران و مردووەكان بە ناسنامەی تەزویر، شتی وا نییە لە هیچ شوێنێكی دنیا تۆ دەنگت زیاد بكات و كەس دەنگی كەم نەكات، بە تایبەتی دەنگی گەورە هێزەكان.
 
دكتۆر هەڤاڵ بە شەرعیەتی هەڵبژاردن دەبێتە پارێزگار


رووداو: ئەی گۆڕانیش ساختەكاری نەكردووە؟

ئارام شێخ: نەخێر، چونكە گۆڕان بە چی ساختەكاری بكات، خۆ نە حكومەت و نە دائیرەی نفوس و نە بەڕێوەبەرێتی هاتوچۆ و نە پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایش و كۆمیسیۆن و دارایی گشتی بەدەستەوەیە تا تەزویری پێبكات و تەزویریش بەو شتانە دەكرێ.

رووداو: ئامادەن لەگەڵ یەكێتی هاوپەیمانێتی ببەستن بۆ بەڕێوەبردنی سلێمانی، ئەگەر بەڵێ مەرجی گۆڕان بۆ یەكێتی چییە؟

ئارام شێخ: ئەگەرەكانی هاوپەیمانێتی لە دوای هەڵبژاردن كراوە دەبن و ئێمە بۆ گفتوگۆ هەمیشە دەرگامان كراوەیە لە پێناوی ئەوەی كە نەك هەر سلێمانی بەڵكو كوردستان ئارامی بەخۆوە ببینێت و پێشتریش هەر وامان كردووە، لەم رووەوە ئێمە هەمیشە لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان بەرپرسیارانەتر مامەڵەمان كردووە.

رووداو: ئەگەر یەكێتی مەرجی قورسی هەبوو، گۆڕان لەسەر بەڕێوەبردنی سلێمانی لەگەڵی رێكدەكەون؟

ئارام شێخ: ئێمە مەرج لە هیچ كەسێك قبووڵ ناكەین و رای خۆمان هەیە و دەنگمان هەیە و خەڵكمان لەگەڵە و بۆ رێككەوتنیش بەرنامەمان هەیە بۆ بەڕێوەبردنی سلێمانی و لەسەر ئەو بنەمایە بۆ بەڕێوەبردنی سلێمانی قسە دەكەین.

رووداو: پارتی لە سلێمانی نزیكەی 90 هەزار دەنگی هەیە، ئەگەر یەكێتی بە مەرجەكانی گۆڕان رازی نەبوو هاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتی دەكات؟

ئارام شێخ: وەك گوتمان ئەگەرەكانی هاوپەیمانی لەگەڵ هەموو لایەنەكان كراوەیە و لە كوێدا قازانجی گشتی تێدا بێ ئەوە بۆ سلێمانی دەكەین لەگەڵ هەموو لایەنەكاندا.
بزووتنەوەی گۆڕان زیاتر لە نیو ملیۆن دەنگی هێناوە


رووداو: پارتی دەڵێ لە سلێمانی لەلایەن یەكێتییەوە پەراوێزخراوین، ئێستا بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن لە سلێمانی پۆستی دەدرێتێ؟

ئارام شێخ: ئێمە دەمانەوێ لەهەموو شوێنێك پەراوێزخستن نەمێنێ و لەهەر شوێنێك ئێمە دەسەڵاتمان هەبێ دەمانەوێ هەموو لایەن و هێزێك بەپێی ئیستیحقاقی خۆی پشكی هەبێ و بەشداری بكات ئەگەر ئارەزوی بەشداریكردنی هەبێ.

رووداو: گۆڕان لە هەولێر داوای پۆست دەكات؟

ئارام شێخ: بەڵێ بۆ نا، بەپێی ئیستیحقاقی خۆمان داوای دەكەین و مافی خۆشمانە.

رووداو: داوای چ پۆست دەكەن لە هەولێر؟

ئارام شێخ: ئەوە بۆ دوایی و بۆ هەموو باسێ خواسێ.

رووداو: گۆڕان چەند كورسی دەهێنێ بۆ پەرلەمانی عێراق؟

ئارام شێخ: تا ئێستا 9 كورسی دەهێنێت.

رووداو: چۆن بەشداری دەكەن لە حكومەتی عێراقدا؟

ئارام شێخ: بە هاوبەشی لەگەڵ هێزە كوردییەكانی دیكە بە گوێرەی سەنگی خۆمان بەشداری دەكەین.

رووداو: ئەگەر داوا بكرێ یەك لیستی كوردی بەرامبەر بەغدا دروست بكرێ، گۆڕان دەچێتە نێو ئەو لیستە؟

ئارام شێخ: گەر ئەو لیستە دروستكرا قسەی خۆمان دەبێت، گرنگ ئەوەیە كورد یەكدەنگ بێت ئەگەر یەك لیستیش نەبێ، ئێمە پێمان باشە كورد ئەجێندایەكی نیشتمانی هەبێ بۆ گفتوگۆكردن لە بەغدا لەبری ئەجێندایەكی حیزبی.
پێمان باشە كورد ئەجێندایەكی نیشتمانی هەبێ لەبری ئەجێندایەكی حیزبی


رووداو: یەكێتی دەڵێ پۆستی سەرۆكی عێراق بۆ كوردە و لەنێو كوردیش تەحسیل حاسڵە كە بۆ یەكێتییە، ئەمە یەكلا بووەتەوە كە ئەو پۆستە بۆ یەكێتی بێت؟

ئارام شێخ: ئێمەش پێمان باشە بۆ كورد بێت، پاشان رێككەوتنی هێزە كوردییەكان و پەرلەمانی كوردستان دیاری دەكات بۆ كێ دەبێ.

رووداو: گۆڕان داوای پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دەكات؟

ئارام شێخ: بۆ نا، لە سیاسەتدا هیچ ئەگەرێك دوور نییە، هەر كەسێكی شیاومان بۆ ئەو پۆستە بشێ لە گفتوگۆكاندا باسی دەكەین.

رووداو: گۆڕان پاڵپشتی مالیكی دەكات بۆئەوەی ببێتەوە سەرۆك وەزیران؟

ئارام شێخ: گۆڕان پاڵپشتی و هاودەنگی كورد دەكات ئەگەر هەموو لایەنەكان پێكەوە بگەینە ئەنجامێك لە گفتوگۆكانی ناوخۆمان وەك كورد، ئینجا پێمان باشە لەسەر ئەم پرسە كورد هەمووی هاوڕابێت و كەس ساتوسەودا بە هیچ پرسێكەوە نەكات وەك لە رابردوودا كراوە و پاشان باجەكەی خەڵكی كوردستان بیدات و لە ئێستاوە هیچ لایەنێك ئینفراد نەكات بە بڕیارەوە و پاشان داوای ئیجماع لە هەموو لایەنەكان بكرێ.



بەیاننامە و لێدوان

Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure