سەرەتا
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕێگریکرد لە پێشنیازی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک

NRT

ئومێد محەمەد – بەغداد
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەڕێگەی بەکارهێنانی ڤیتۆوە ڕێگریکرد لە پێشنیازی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک.

ڕێبوار تەها ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی وت "پێشتر لەلایەن چەند پەرلەمانتارێکەوە ئیمزا کۆکرابووەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "ئارام شێخ محەمەد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لەڕێگەی بەکارهێنانی ڤیتۆوە، ڕێگەی نەدا لە دانیشتنی ئەمڕۆدا گفتوگۆ لەسەر پێشنیازی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک بکرێت".

ئەو پەرلەمانتارە، هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک بە مەترسی دەزانێت و جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە "ئەگەر ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک هەڵبوەشێتەوە، کورد ناتوانێت پۆستی پارێزگار وەربگرێتەوە، لەبری پارێزگاریش حاکمێک بۆ شارەکە دیاری دەکرێت، تا کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگاکە".

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ ی تشرینی یەکەمی ڕابردووەوە، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک کۆبوونەوەی ئەنجام نەداوە، بەڵام سەرۆکی ئەنجوومەنەکە لە بانگهێشتنامەیەکدا داوایکردووە، ڕۆژی سێ شەممە ٢١ ی ئەم مانگە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ئێستای کەرکوک ئەنجام بدرێت.

 

سەرچاوە: NRT



بەیاننامە و لێدوان

Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure