سەرەتا
چەند سەرنجێکی کورت لەسەر یاسای بودجە‌‌‌

3/14/2015

یاسای بودجە بە یەکێک لەو یاسا گرنگانە دائەنرێ کە بە هۆیەوە سەرجەم تێچونەکانی دەوڵەت بە هەردو لایەنی بەکاربردن و وەبەرهێنان دیاری دەکرێت و حکومەت لەسەر بنەمای ئەو یاسایە موچەی فەرمانبەران و کاربەدەستانی دەوڵەت لە هەموئاستەکان و هاوکات پرۆژە جۆراوجۆرەکانی خزمەتگوزاری و بنیاتنان و گەشەپێدان دەخاتە گەڕ.
بودجەی عێراق بە ١٢٥ ترلیۆن دیناری عێراقی مەزەندە کراوە کە نزیکەی ٨٠ ترلیۆنی بۆ بەکاربردنە بە ڕێژەی ٦٤% و بڕی ٤٥ ترلیۆنیش وەک وەبەرهێنان بە ڕێژەی ٣٦% دیاری کراوە لە تێچونەکاندا لە کاتێکدا ئیراداتی دەوڵەت بە نزیکەی ١٠٠ ترلیۆن خەمڵاندوە ئەوەش لە سەر بنەمای فرۆشتنی یەک بەرمیل نەوتی خاو بە ٦٠$ دولاری ئەمریکی و ئەمەش سەرەڕای کورتهێنانی ساڵانی ڕابردو بەهۆی گەندەڵی و دیارنەمانی پارە و پەسەند نەکردنی بودجە لە ٢٠١٤ و دەستکراوەیی حکومەتی پێشو بۆ سەرفرکردنی پارەیەکی زۆر بە ناوی تێچونی جەنگ ، خۆی لە خۆیدا دەبێتە کورتهێنان چونکە نرخی نەوت لە دابەزینی بەردەوامدایە چونکە ئابوری و داهاتی عێراق بەڕێژەیەکی زۆر پشت بە ئابوری نەوت و فرۆشتنی ئەبەستێت بە ڕێژەی ٨٤% و ڕێژەی کورتهێنانەکەش هیچ دیارنییە کە چەند ئەبێ گرنگترین ئەو ئاستەنگانەی کە ڕوبەڕوی ئەم بودجەیە دەبنەوە دەتوانین بە کورتی دەستنیشانی بکەین لە:
• دابەزینی نرخی نەوت
• زیادبونی تێچونی جەنگ بە تایبەت بەهۆی شەری دژی داعش
• وێران بونی ناوچەیەکی زۆر بەهۆی جەنگەوە کە سەرجەم دام و دەزگاو سەروماڵی هاوڵاتیانی وێرانکردوە
• زیادبونی پێداویستی و تێچونی تایبەت بە ئاوارەکان کە بارگرانی بۆ بودجە دروست کردوە لە هەمولایەکەوە
• بەردەوام بون یان چارەسەرنەکردنی نەزیفی بەهەدەردانی پارە و گەندەڵی بەهۆی نەفەقاتی بێ سود و موچەی بەرزی پلە باڵاکان و زۆری ژمارەی پاسەوان و ناوی وەهمی و بندیوار و موستەشاری بێ ئێش و نەسریەی زۆر و زەوەندی بێ لێ پرسینەوە
• نەبونی سەرچاوەی تری تەمویل بۆ بودجە و تەنها پشتبەستن بە فرۆشتنی نەوت
ئەوەی کە پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە:
لەم بودجەیەدا کە ڕێژەی ١٧% دیاری کراوە بۆ هەرێمی کوردستان کە نزیک دەبێتەوە لە ١٦ ترلیون دیناری عێراقی، چەند ئاستەنگێک دێتە ڕێگەی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان کە بریتین لە:
1. ڕێژەی هەناردەکردنی نەوت کە لە یاساکەدا دیاری کراوە لە مادەی یەکەم بڕگەی یەکەم خاڵی (ب) داهاتوە لە بڕی (٣٣٠٠٠٠٠) سێ ملیۆن و سێ سەدهەزاربەرمیل نەوت ڕۆژانە دەبێ (٢٥٠٠٠٠) دوسەدوپەنجاهەزار بەرمیل نەوتی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە دابین بکرێ و (٣٠٠٠٠٠) و سێ سەدهەزاربەرمیل نەوتیشی لە کەرکوکەوە ڕەوانەبکرێ ، بەومانایە کە (٥٥٠٠٠٠) پێنج سەدوپەنجاهەزار بەرمیل نەوت بەهەرێم و کەرکوک دابین کردنەکەی لە ئەستۆی هەرێمدایە.
2. موچەی پێشمەرگە زۆر ئاشکرا نیە کە چۆن دیاری ئەکرێ وەک لە بڕگەی پێنج لە مادەی ٩ ی یاساکەدا هاتوە.
3. لەمادی ١٠ بە سێ برگە سەرەرای ئەوەی کە حکومەتی ئیتحادیش ئەبێ ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات لە ڕێکەوتنەکە بەڵام پێویستە لە سەرهەرێم لە ڕێگای دیوانی چاودێری دارایی ئیراداتی ئیتحادی ناوخۆلە هەرێمی کوردستان هەمو مانگێک بخاتە سەرحسابی وەزارەتی دارایی ئیتحادی و لەکاتی پەیوەست نەبون لایەنەکەی تر ئیلتزاماتی دارایی یان نەوتی جێبەجێ ناکات.
4. تێچونی کۆمپانیا نەوتیەکانی هەرێم بەشێک ئەبێ لە پشکی ١٧% سەرەڕای ئەم تێبینیانە ئەبێ ئەوە بزانین کە ئاستەنگی سیاسی لە وەها بارودۆخێکدا کە عێراق تێیدا ئەژی هەمو کاتێک بۆی هەیە لە ناکۆکی سیاسی دا ئەوئەزمونە دوبارە بێتەوە کە بەهەر هۆیەکەوە بێ بودجە نەنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان ، یان ئەگەر عێراق توشی قەیرانی دارایی گەورە بێتەوە کە کورتهێنان و نەمانی پارە بەرۆکی خۆی بگرێ لە بەغداد نەتوانرێ پارەبنێردرێ بۆ هەرێمی کوردستان وەک ئەوەی ئێستە ئێمە ڕوبەڕوی بوینەتەوە لە هەرێمی کوردستان ، بە تایبەت کە سەرچاوەی دارایی ئێمە تەنها پشت بە ئەوبڕە پارەیە دەبەستێ کە لە بەغدادەوە ڕەوانەی کوردستان ئەکرێ ، بۆیە پێویستە لە هەرێم هەنگاوبنرێت بۆ:
1. سیاسەتی کەمکردنەوەی خەرجی و تێچونی بێ سود بەپلانێکی تۆکمە بگیریتە بەر.
2. هاوسەنگی لە موچەدا دروست بکرێ و سیستمی بانکی دابمەزرینرێ.
3. دیاردەکانی گەندەڵی لە پرۆژەی وەهمی و بەهەدەردانی سەروەت و سامانی گشتی بنبڕبکرێ.
4. پێویستە بیر لە سەرچاوەی داهاتی تر بکرێتەوە و تەنها پشت بەو بڕە پارەیە نەبەسترێ کە لە بەغدادەوە دێ و ئەگەر نەهات حکومەت نەتوانێ لانی کەم موچە دابین بکات.
5. رزگارکردنی پرۆژەکانی وەبەرهێنان لە چنگی سەرانی حیزب و کۆمپانیا وەهمی و سێبەرەکانیان.
6. بوژاندنەوەی کەرتی تایبەت و کشتوکاڵ.

ئارام شێخ محمد
١٧ جانوەری ٢٠١٥



بەیاننامە و لێدوان

Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure