سەرەتا
یەکێتـــی و پەرلــەمان

8/5/2017


ئارام شێخ محەمەد

لە دوای کودەتاکەی پارتی لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ کە بوە هۆی داخستنی پەرلەمان و ناشیرینکردنی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، هاوکات بوە هۆکارێکیش تا بە تەواوی دنیابینی و ئاراستەی بیرکردنەوەی هێزە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان لە ناوخۆ و دەرەوەی حیزبە سیاسیەکانيش ساغ بكاتەوه کە تێڕوانینیان بۆ حوکمڕانی لە کوردستان چۆنە و لایەنگیری لە چی مۆدێلێک ئەکەن .
سەرەتا هەژمونەکە زۆر بەهێزبو بە تایبەت لە هەنگاوەکانی یەکەمی هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بۆ گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی، تەنها ئەوانەی بە ڕاستگۆیی دژی بون بەرامبەری وەستانەوە و کەمینەش بون، بۆیە نەتوانرا دانیشتنی پەرلەمان دوابخرێ، بەڵام دوای ئەوەی پارتی پەرلەمانی داخست، وردە وردە ئەوانەی کە بەناچاری و بە درۆ دوای پرۆسەکە کەوتبون ڕوی ڕاستەقینەیان ئاشکرابو، ئەگەر یەکێ بتوانێ هەمو لێدوانەکانی ئەوانە لێ باتەوە کە ئێستە به غەڵەتی ئه زانن بە ئاشکرا دەرئەکەوێ کە چۆن ئاراستەی قسەکانیان گۆڕانی بەسەردا هاتوە.
لە سەرەتا ئەیانوت ئەم داوایە هی ئێمەشە و داوای گۆڕینی یاساکەیان ئەکرد، دوایی وتیان کاتەکەی باش نەبوە و نەئەبو ئەو کارە بکرایە و کاتی نەبو، ئێستەش ئەڵێن غەڵەت بو نابێ دوبارەی بکەنەوە.
ئەوانەی خوارەوەش لە پەرلەمان لە سەرەتاوە هەڵگری ئەم پەیامە بون و پاش ماوەیەک لە لایەن بەرپرسەکانیانەوە لە یەکێتی بە (قاز) ناوبران بەوەی گوایە بێ گەڕانەوە بۆ مەکتەب سیاسی كه نەیانویستوە ببنە قاز و گەر قازبونتان ناوێ ئاواتان لێ بەسەردێ و لەگەڵ ئەوەی کە بۆ مێژوی خۆیان گەر بۆ حیزبەکەشیان نەبێ ببنە خاوەنی (شانازی) لە بەشداری گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی دیارە ئەوەی یەکەمیان هەڵبژاردوە و نايانەوێ غەڵەتەكه دوباره بكەنەوه.
لە دەرەوەی ئەم چەواشەکاریە بەردەوامە وەک ئەڵێن بۆ خۆدزینەوە لە ئەسڵی مەتڵەب ، بە تایبەت ئێستا یەکێتی ئیعلانی کرد کە ئەوان دۆخەکەیان چاکردۆتەوە دوای ئەوەی خەڵک تێکیداوە و بەمزوانە دەرگای پەرلەمان ئەکرێتەوە.

ئەمجارەیان بۆچی ؟
سەرەتا ئەبێ لەوەوە دەستپێبکەین ئیعلانکردنی چارەسەری کێشەکە لە زاری مەکتەب سیاسی یەکێتیەوە وەک خۆیان ناوی ئەبەن بە چارەسەر (ئەگەر ئەمە چارەسەربێ) بەم شێوە ئیستفزازیە خۆی بێ هۆکارنیە و لە خۆڕانیە ، چونکە یەکێک ئیدعای چارەسەربکا بەم ئسلوبە ناشیرینە هیچ بابەتێک باس ناکا لە کاتێکدا خۆی ئەڵێ خەڵکی تر تێکیدا و ئێمە چاکمان کرد کە هێشتا چاکیش نەبۆتەوە.
یەکێتی زۆرباش ئەزانێ کە ئەم بابەتە بە دەرەجەی یەکەم پەیوەندی بە گۆڕان و پارتیەوە هەیە ، چونکە ئەم دو هێزە دو نوێنەری ئاشکرای دو سیستمی حوکمڕانین لە کوردستان بێ یاری کردن بە کەلیمە و فڕێدانی قسەی پوچ و بێ مانا و ستۆکی سیاسی سەدەیەک لەمەوبەر.
فڕێدانی قسەیەکی لەم جۆرە بۆ کاراکردنەوە یا ئاساییکردنەوەی پەرلەمان کە ئەمیش دیسان دو بابەتی جیان لەیەک بەم شێوەیە ئەوەندەی بۆ ئاژاوەیە ئەوەندە بۆ چارەسەر نیە، چونکە یەکێتی باش ئەزانێ کە گۆڕان بۆ هیچ بابەتێ بە تایبەتی ریفراندۆم و شتی تر مل نادا بە ئاساییکردنەوەی پەرلەمان، چونکە وەک ئەوە وایە لەسەر مایە دەرکرابی و بە قەرزاری بتبەنەوە و ئەگەر گۆڕان شتی لەم بابەتە قبوڵ بکا بێجگە لە زەرەری خۆی هیچی لێ سەوزناکا، بە تایبەت گۆڕان لە سەر بابەتی گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی کودەتای بەسەردا کراوە نەک بۆ قەرەبوی شتێکی تر کە گۆڕان نە بەشداربوە و نە بەشدارە و نە پرسیشی پێکراوە کاتێ باس و خواسی ریفراندۆم هێنراوەتە ئاراوە، بەڵکو بەردەوام تەخوین و هەندێ جاریش موزادەیەی لەسەرکراوە و لەسەریش ئەکرێ بۆ ریفراندۆم.
فڕێدانی ئەم بەناو چارەسەرە بەم شێوە ئیستفزازیە لە کاتێکدایە کە یەکێتی پرسی ریفراندۆمی بەستۆتەوە بە کاراکردنەوەی پەرلەمان، بەومانایەی ئەگەر پەرلەمان کارانەبێتەوە رەنگە یەکێتی رازی نەبێ بە ریفراندۆم، چونکە ئەوکاتە بۆ یەکێتی لە هەمو ڕویەکی ئیقلیمی و ناوخۆیی و دەرەکیەوە قورسە و ناتوانێ بەم شێوەی ئێستە لەگەڵ ریفراندۆمەکەی پارتی بێ، لێرەوە گەر مەرجەکەی یەکێتی نەیەتە دی یەکێتی پێ دەرباز ئەبێ و ریفراندۆمیش ناکرێ و رەنگە یەکێک لە ئامانجە شاراوەکانی یەکێتی لە ڕاستیدا بۆ دورخستنەوەی کردنەوەی دەرگای پەرلەمان ئەوەبێ گۆڕان بکاتە هۆکار.
ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان بەم کاراکردنەوەیە رازی نەبێ کە کۆمەڵ-یش هەمان هەڵوێستی هەیە و تائێستەش بێ گۆڕان رازی نیە بچێتەوە پەرلەمان، ئەوکات یەکێتی ئەبێ لەگەڵ پارتی بڕوا ئەم کارە بکا و وەک ئەو بەشەی یەکگرتوی لێ بەسەردێ کە لەگەڵ پارتی بون بۆ هەموارنەکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم.
لەم حاڵەتەدا یەکێتی ئەچێتەوە سەردۆخی هاوپەیمانی ستراتیژی جارانی لەگەڵ پارتی، چونکە پارتی بەڵێنی ئەوەی پێداون کە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وەرگرنەوە و ئەمەش یەکێتی چ لە ناوخۆی خۆیدا و چ بۆ کوردستانیش بە تەواوەتی ساغ ئەکاتەوە.
بڕیارەکانی ئەم چەند رۆژەی داهاتو ئەوەندەی لە دەستی گۆڕان و یەکێتی-یە ئەوەندە لە نێوان گۆڕان و پارتی نیە، چونکە پارتی لە سەلامەتی دایە و ئێستا قسەکە لە سەر ئەوەنیە پەرلەمان بۆچی کارا یا ئاسایی ئەکرێتەوە، بەڵکو لە باشترین حاڵەتدا ئەوەیە دەرگاکەی بەبێ دەنگی بکرێتەوە و تەنها ئەمە کراوەتە ئامانج نەک ئەوەی بۆچی مەبەستێ بێ و پارتیش هێواش هێواش لە ژێر لێوەوە خۆی لەوە لادا کە ئەیوت بە مەرجی ریفراندۆم رازییە بە کاراکردنەوەی پەرلەمان. چونکە کاتێ پارتی زانی گۆڕان بەمە ڕازی نابێ و ئەویش ئیشی بە پەرلەمانە بۆ ریفراندۆم ئیتر وازی لێهێنا و یەکێتی خێرا بو بە ئاڵاهەڵگری مەرجە وازلێهێنراوەکەی پارتی .
یەکێتی هەرچەندە بانگەشە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکا بەڵام وەک ئەڵێن (کلمە حق یراد بها الباطل) تاخۆی پێ لە ریفراندۆم بدزێتەوە چونکە ئەزانێ گۆڕان ئەم کارە ناکا و خۆشی لە ریفراندۆمەکە قوتارئەکا، بۆیە یاریە نوێکەی یەکێتی ئەوەیە لایەک لەسەر حسابی لاکەی تر بە ئەرزدا بدا و خۆشی موستەفید بێ؛ ئەمەش تەنها گۆڕان ئەتوانێ پوچەڵی بکاتەوەو ئەم بڵقە بە تەواوی بتەقێنێ و بەپێچەوانەشەوە گەر بزوتنەوەی گۆڕان بە مە ڕازی بێ زەرەر ئەکا و جەبهەکەی تر بەهێزئەبێتەوە و ئەچینەوە دۆخی حوزەیرانی ٢٠١٣ .



بەیاننامە و لێدوان

Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure