سەرەتا
چاوپێكه‌وتنی جێگری‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی‌ (ئاوێنه‌)

3/14/2015

ئارام شێخ محه‌مه‌د، جێگری‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق له‌م گفتوگۆیه‌ی‌ ئاوێنه‌دا ده‌ڵێت "ئه‌و كاته‌ی‌ كه‌ وتم هیوادارم كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ موچه‌ی‌ پله‌ باڵاكان كوردستانیش بگرێته‌وه‌، هه‌ندێ‌ براده‌ر به‌و قسه‌یه‌م په‌ست بون".

ئا: ئاسۆ سه‌راوی‌

ئاوێنه‌: سه‌ره‌تا با له‌رێككه‌وتنی‌ هه‌ولێر‌و به‌غداوه‌ ده‌ستپێبكه‌ین، به‌بۆچونی‌ تۆ خاڵی‌ به‌هێز‌و لاوازی‌ ئه‌م رێككه‌وتنه‌ چییه‌؟

ئارام شێخ محه‌مه‌د: خاڵه‌ به‌هێزه‌كه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌باردۆخێكدا كرا كه‌ هه‌ردولا پێویستیان به‌یه‌كتر بو، واته‌ بوه‌ جۆرێك له‌ئه‌مری‌ واقع، پێشر نێوانی‌ هه‌ولێر‌و به‌غدا زۆر خراپ بو ته‌نانه‌ت كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی‌ وه‌زیره‌ كورده‌كانیش گه‌ڕانه‌وه‌ هه‌رێم، هاتنی‌ داعش زیاتر ئه‌وه‌ی‌ پێویست كرد كه‌ هه‌ولێر‌و به‌غدا له‌یه‌ك نزیكببنه‌وه‌‌و سه‌ره‌نجام ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌ی‌ لێكه‌وته‌وه‌، خاڵی‌ لاوازیشی‌ ئه‌گه‌ر هه‌بێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ داخۆ ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌ تا چه‌ند جێبه‌جێ‌ ده‌كرێت، ئه‌ركی‌ هه‌مو لایه‌نه‌ كوردیه‌كانه‌ به‌وردیی‌ چاودێریی‌ جێبه‌جێكردنی‌ بكه‌ین.

ئاوێنه‌: پێشتر سه‌رۆكی‌ حزبێك له‌كوردستان وتبوی‌ بون‌و نه‌بونی‌ كورد له‌په‌رله‌مانی‌ عێراق وه‌ك یه‌كه‌، ئێستا كه‌ ئێوه‌ له‌وێن ئه‌مه‌ وایه‌؟

ئارام شێخ محه‌مه‌د: په‌رله‌مانی‌ عێراقی‌ هی‌ هه‌مو عێراقیه‌كانه‌، به‌شێك له‌و په‌رله‌مانه‌ ئیستیحقاقی‌ وه‌ك كورد، هه‌تا ئه‌و كاته‌ی‌ كورد به‌شێك له‌عێراق بێت، به‌شداریكردنی‌ كورد له‌په‌رله‌مانی‌ عێراق گرنگیی‌ خۆی‌ هه‌یه‌، عێراق ناتوانێ‌ عێراق بێت به‌بێ‌ كورد، واته‌ ده‌وڵه‌تی‌ عێراق به‌بێ‌ كورد ناتوانێ‌ به‌مجۆره‌ی‌ ئێستای‌ هه‌بێت.

ئاوێنه‌: به‌ڵام له‌پێكهێنانی‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ عه‌بادی‌ پێچه‌وانه‌ی‌ ئه‌وه‌مان بینی‌، حكومه‌ته‌كه‌ دروستكرا به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ چاوه‌ڕێی‌ كورد بكه‌ن؟

ئارام شێخ محه‌مه‌د: جارێ‌ با ئه‌وه‌ بڵێم په‌رله‌مانتاره‌كانی‌ كورد هه‌ر پێنج فراكسیۆنه‌كه‌ پێكه‌وه‌، سه‌ره‌تا به‌بڕیاری‌ سه‌ركردایه‌تی‌ كورد چوینه‌ به‌غدا، له‌وێش ئه‌و شه‌وه‌ی‌ حكومه‌ت راگه‌یه‌نرا كه‌ نه‌چوینه‌ هۆڵی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌ر له‌سه‌ر داواكاریی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ كورد بو، هه‌ر به‌بڕیاری‌ ئه‌وانیش چوینه‌وه‌ هۆڵی‌ په‌رله‌مان، جگه‌ له‌وه‌ ئه‌وده‌مه‌ حكومه‌ت به‌ناته‌واویی‌ راگه‌یه‌نرا، له‌لای‌ ئێمه‌و ئه‌و قسه‌یه‌ی‌ هیچ مانایه‌كی‌ سیاسیی‌ نییه‌ كه‌ ده‌وترێ‌، بون‌و نه‌بونی‌ كورد له‌په‌رله‌مانی‌ عێراق وه‌ك یه‌كه‌، هه‌ر له‌شه‌ڕی‌ داعشدا ئه‌وه‌ ده‌ركه‌وت رۆڵی‌ كورد‌و پێشمه‌رگه‌ چه‌ند گرنگه‌ بۆ عێراق.

ئاوێنه‌: له‌به‌غدا له‌نێوان هێزه‌ كوردیه‌كاندا ململانێی‌ حزبیی‌ بونی‌ هه‌یه‌، به‌چه‌شنێك كه‌ زیانی‌ به‌به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی‌ كورد بگه‌یه‌نێت؟
ئارام شێخ محه‌مه‌د: واقیعێك هه‌یه‌ كه‌ جێگای‌ ده‌ستخۆشییه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ تا ئێستا كوتله‌ كوردییه‌كان له‌به‌غدا به‌پشویه‌كی‌ كوردانه‌ كار ده‌كه‌ن هیوادارم هه‌رواش بمێنێته‌وه‌.

ئاوێنه‌: بۆ بڕیاردان له‌په‌رله‌مانی‌ عێراق، ئه‌وه‌نده‌ی‌ ئاگاداربیت فشاری‌ ده‌ره‌كیی‌ له‌سه‌ر كورد هه‌یه‌؟

ئارام شێخ محه‌مه‌د: له‌ماوه‌ی‌ رابردو به‌ڵێ‌ هه‌بو، له‌سه‌ر هه‌مو لایه‌نه‌كانیش ئه‌و فشاره‌ هه‌بوه‌، نه‌ك به‌ته‌نها له‌سه‌ر كورد، جۆری‌ فشاره‌كانیش چۆن بوه‌ به‌نمونه‌، ئه‌و رۆژه‌ی‌ گفتوگۆكرا بۆ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ عێراقی‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی‌ ئه‌مه‌ریكا‌و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان قسه‌مانكرد ئاراسته‌ی‌ قسه‌كانی‌ ئه‌وان ئه‌وه‌بو كه‌ ده‌بێت هه‌ر له‌و رۆژه‌دا حكومه‌ت رابگه‌یه‌نرێ‌، هه‌تا شه‌وه‌كه‌ی‌ كه‌ له‌مه‌كۆی‌ سه‌ره‌كیی‌ گۆڕان له‌سلێمانی‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ نوێنه‌رانی‌ كورد كرا ئه‌وان جه‌ختیان له‌سه‌ر پێكهێنانی‌ حكومه‌ته‌كه‌ ده‌كرده‌وه‌، ئێمه‌ وتمان با ئه‌و شه‌وه‌ حكومه‌ت رانه‌گه‌یه‌نرێ‌‌و بچێته‌ رۆژی‌ دواتر، كه‌چی‌ وتیان بڕیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ نابێت له‌وه‌ زیاتر دوابكه‌وێت. دواتر وتیان كێشه‌ نییه‌ ئێوه‌ وه‌كو كورد داواكاریه‌كانی‌ خۆتان بهێڵنه‌وه‌، به‌ڵام حكومه‌ته‌كه‌ هه‌ر راده‌گه‌یه‌نرێ‌.

ئاوێنه‌: رۆڵی‌ كورده‌ له‌حكومه‌ت‌و په‌رله‌مانی‌ عێراق چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنی‌؟

ئارام شێخ محه‌مه‌د: رۆڵی‌ كورد خراپ نییه‌، به‌ڵام ئێستا له‌عێراقدا هێزه‌ سوننیه‌كان زیاتر گرنگییان پێده‌درێت.

ئاوێنه‌: بۆچی‌؟

ئارام شێخ محه‌مه‌د: له‌ماوه‌ی‌ رابردودا ئه‌وه‌نده‌ی‌ سه‌ردانی‌ ده‌ره‌وه‌مان كردوه‌و به‌شداریی‌ چه‌ندین كۆڕ‌و كۆبونه‌وه‌مان كردوه‌، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌ركه‌وتوه‌ كه‌ ئاراسته‌یه‌ك هه‌یه‌ پێیوایه‌ ئه‌وه‌ی‌ داعشی‌ هێنایه‌ عێراقه‌وه‌ زیاتر ئه‌و شكستانه‌یه‌ كه‌ له‌حكومه‌تی‌ پێشوی‌ عێراقدا هه‌بوه‌، ئه‌و پشتگوێخستنه‌ی‌ هێزه‌ سوننیه‌كان گرفته‌كانی‌ قوڵتركردۆته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ پێیانوایه‌ له‌ئێستادا موراعاتكردنی‌ سوننه‌ زۆر پێویسته‌ بۆ نه‌مانی‌ ئه‌و گرفتانه‌. ته‌نانه‌ت له‌پێدانی‌ پۆسته‌كانیش له‌حكومه‌تی‌ عێراقیدا ئه‌وه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی‌ هه‌بوه‌، سوننه‌ مافی‌ شه‌ش وه‌زاره‌تی‌ هه‌یه‌، كه‌چی‌ زیاتریان پێدراوه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ له‌په‌رله‌مان ئه‌وه‌مان نه‌كردوه‌ به‌پێی‌ ئیستیحقاقی‌ لایه‌نه‌كان پۆسته‌كانمان دابه‌شكردوه‌.

ئاوێنه‌: كورد كێشه‌ی‌ له‌گه‌ڵ شیعه‌ زۆرتره‌ یان سوننه‌؟

ئارام شێخ محه‌مه‌د: له‌دوای‌ روخانی‌ رژێمی‌ به‌عسه‌وه‌، ئێمه‌ وه‌ك كورد كێشه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتمان له‌گه‌ڵ شیعه‌ هه‌بوه‌و كێشه‌ی‌ خاكیشمان له‌گه‌ڵ سوننه‌ هه‌بوه‌، لوتكه‌ی‌ ئه‌و ناكۆكیانه‌مان له‌گه‌ڵ شیعه‌ له‌حكومه‌ته‌كه‌ی‌ (نوری‌ مالیكی‌)دا ره‌نگدانه‌وه‌ی‌ هه‌بو، سه‌باره‌ت به‌سوننه‌ش كه‌ ئێمه‌ وه‌كو كورد هاوسنورین له‌گه‌ڵیاندا، ئێستا ئه‌وان ده‌یانه‌وێ‌ سود له‌پێگه‌‌و ده‌سه‌ڵاتی‌ كورد‌و پێشمه‌رگه‌ وه‌ربگرن بۆ ئازادكردنی‌ ناوچه‌كانیان له‌ده‌ستی‌ داعش، چونكه‌ به‌بێ‌ كوردستان ئه‌وه‌یان پێناكرێت.

ئاوێنه‌: كورد له‌كوێی‌ ململانێی‌ شیعه‌‌و سوننه‌دایه‌؟

ئارام شێخ محه‌مه‌د: كورد نابێت ببێته‌ به‌شێك له‌و ململانێیه‌، كورد ئه‌بێت ئه‌جێنده‌ی‌ نیشتیمانیی‌ خۆی‌ هه‌بێت، بۆ كورد دو شت زۆر گرنگه‌، یه‌ك پێویسته‌ ئێمه‌ هه‌رێم له‌روی‌ دیموكراسیی‌‌و كرانه‌وه‌ی‌ زیاتر به‌هێزتر بكه‌ین، هه‌ر ئه‌وه‌ش بوه‌ هۆی‌ پاراستنی‌ هه‌رێم له‌كاتێكدا داعش هاتبوه‌ مه‌خمور ئه‌مه‌ریكا زۆر به‌زویی‌ هاته‌ سه‌ر هێڵ‌و ئه‌و مه‌ترسیه‌ی‌ دورخسته‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ پێویسته‌ له‌به‌غدا گوتارێكی‌ نه‌ته‌وه‌ییمان هه‌بێت، ئه‌وه‌ زۆر گرنگه‌ بۆ كورد.

ئاوێنه‌: له‌كاتێكدا باس له‌كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ موچه‌كانتان ده‌كه‌ن بۆ نیوه‌، به‌ڵام ده‌وترێ‌ ئۆتۆمبیلی‌ درعتان به‌پاره‌یه‌كی‌ خه‌یاڵیی‌ بۆ كڕراوه‌؟
ئارام شێخ محه‌مه‌د: ئێمه‌ له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كدا، له‌30-11، وه‌كو ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ په‌رله‌مان بڕیارماندا موچه‌كانمان كه‌مبكرێته‌وه‌، به‌نیازیشین ئه‌وه‌ بخه‌ینه‌ چوارچێوه‌یه‌كی‌ یاساییه‌وه‌، ئێمه‌ پێمانوایه‌ هه‌ڵه‌یه‌ك له‌سیستمه‌كه‌دا هه‌یه‌‌و پێویستی‌ به‌راستكردنه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌و موچه‌ زۆره‌‌و ئیتمیازاته‌ خه‌یاڵیه‌ی‌ پله‌ باڵاكان له‌عێراقدا ده‌بێت كه‌مبكرێته‌وه‌، من له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كوتله‌كانی‌ په‌رله‌مان باسی‌ ئه‌وه‌م كرد ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان بیه‌وێ‌ قسه‌ی‌ له‌سه‌ر بكرێت ده‌بێت له‌خۆیه‌وه‌ ده‌ست به‌چاكسازیی‌ بكات، ئه‌بێت ئه‌و بۆچونه‌ی‌ خه‌ڵك بگۆڕێت كه‌ ئه‌و پۆستانه‌ چیتر پۆستی‌ خۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردن نییه‌، به‌ڵكو پۆستی‌ نوێنه‌رایه‌تییكردنه‌. ته‌نانه‌ت ئه‌و كاته‌ وتم هیوادارم كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ موچه‌ كوردستانیش بگرێته‌وه‌، به‌ڵام هه‌ندێ‌ براده‌ر به‌و قسه‌یه‌م په‌ست بون، ئێستاش جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ ئه‌بێت ئه‌و جیاوازییه‌ی‌ له‌نێوان موچه‌ی‌ پله‌ باڵاكان‌و پله‌ نزمه‌كاندا هه‌یه‌ كه‌مبكرێته‌وه‌، به‌نمونه‌ هیچ ره‌وا نییه‌ كه‌سێك له‌عێراقدا 200 هه‌زار دینار موچه‌ی‌ بێت‌و كه‌سێكی‌ تر 14 ملیۆن دینار.

ئاوێنه‌: باشه‌ ئه‌مانه‌ بۆ ناكه‌نه‌ پڕۆژه‌ یاسا تا له‌په‌رله‌مان یاسای‌ له‌سه‌ر ده‌ربكرێت؟
ئارام شێخ محه‌مه‌د: به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌مه‌ پرۆژه‌ یاسایه‌ك‌و كاریشی‌ بۆ ده‌كه‌م.

ئاوێنه‌: له‌باره‌ی‌ زۆریی‌ پاسه‌وانه‌وه‌ قسه‌ زۆر ده‌كرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ده‌وترێ‌ هه‌ر په‌رله‌مانتارێك 30 پاسه‌وانی‌ هه‌یه‌‌و تۆش وه‌ك جێگری‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان 40 پاسه‌وانت هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش زۆر نیه‌؟
ئارام شێخ محه‌مه‌د: بۆ ئه‌وه‌ش پرۆژه‌م هه‌یه‌ پێشكه‌شی‌ ده‌كه‌م، به‌راستیی‌ نابێت سیسته‌می‌ دانانی‌ پاسه‌وان به‌و جۆره‌ی‌ ئێستای‌ بمێنێ‌، له‌پرۆژه‌ یاساكه‌شدا باسی‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌م ده‌كرێت فیرقه‌یه‌كی‌ پاسه‌وانیی‌ تایبه‌ت به‌په‌رله‌مان دروست بكرێت، پاسه‌وانه‌كانیش به‌پێی‌ پێویستیی‌ به‌سه‌ر كوتله‌كاندا دابه‌ش بكرێت، ئه‌وه‌ فیرقه‌یه‌ش سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ بێت، به‌ڵام به‌رپرسیارێتی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ خۆی‌ هه‌بێت‌و سه‌ر به‌په‌رله‌مان بێت، موچه‌كانیشیان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ بدرێت، نه‌ك بچێته‌ سه‌ر حسابی‌ په‌رله‌مانتاران، له‌دنیادا كۆمپانیای‌ تایبه‌تی‌ ئه‌منیی‌ هه‌یه‌‌و ده‌كرێت عێراق سود له‌جۆره‌ بیرۆكه‌یه‌كی‌ وه‌هاش وه‌ربگرێت.

ئاوێنه‌: به‌شێك له‌په‌رله‌مانتارانی‌ كورد، به‌تایبه‌ت ئیسلامیه‌كان، هه‌ندێ‌ له‌موچه‌كانیان ده‌ده‌نه‌وه‌ به‌حزبه‌كانیان، ئێوه‌ش وه‌كو گۆڕان هه‌مان شت ده‌كه‌ن؟

ئارام شێخ محه‌مه‌د: ئێمه‌ 30%ی‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ وه‌ریده‌گرین ده‌ده‌ینه‌ گۆڕان، واته‌ به‌و 9 په‌رله‌مانتاره‌ی‌ گۆڕان، مانگانه‌ 27 ملیۆن دینار ده‌ده‌ینه‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان.



بەیاننامە و لێدوان

Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure