ئارام شێخ محەمەد هەڕەشەی بایكۆتی پرۆسەی سیاسی لەعێراق دەكات
شارپرێس
ئارام شێخ محەمەد جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڕەشەی بایكۆتی پرۆسەی سیاسی لەعێراق كرد، ئەگەر بەغدا بەدەم داواكارییەكانی كوردەوە نەیەت.
فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق رۆژی شەممە 11/11/2017 لەگەڵ ژووری حكومەتو پەرلەمانی بزووتنەوەكەی كۆبووەوە، كە بەپێی زانیارییەكان كۆبوونەوەكە بۆ پرسی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لەبودجەی گشتی عێراق بووە.
هەر بەپێی زانیارییەكان لەكۆبوونەوەكە فراكسیۆنی گۆڕان بڕیاریداوە، بەوەی دەست بەهەڵمەتێكی سیاسی بكات، ئەوەش لەسەر ئاستی عێراق لەپێناوی جێگیركردنی پشكی 17%ی هەرێم لەبودجەی گشتی.
لەو بارەوە ئارام شێخ محەمەد، كە لەپشكی گۆڕان جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بۆ شارپرێس رایگەیاند، دەست بە "هەوڵێكی جددی" دەكەن، ئەوەش بۆ جێگیركردنی پشكی 17%ی هەرێم لەبودجەی گشتی عێراق، كە ئەو كارە بەهەماهەنگی لەگەڵ فراكسیۆنو لایەنە كوردییەكان لەبەغدا دەبێت.
ئارام شێخ محەمەد راشیگەیاند، هەوڵەكە لەگەڵ هەردوو حكومەتی عێراقو هەرێمی كوردستان دەبێتو هەڕەشەی ئەوەشی كرد، ئەگەر بەغدا بەدەم خواستەكانی كوردەوە نەیەت لەپرسی بودجە، ئەوە وەك كورد تا بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسی لەعێراق دەچن.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەفتەی رابردوو پرۆژەیاسای بودجەی گشتی پەسەندكرد، كە بەپێی پرۆژەكە كورد پشكی 12%ی بۆ دیاریكراوە، لەكاتێكدا پێشتر 17% پشكی هەبوو، ئەمەش نیگەرانی لایەنە كوردییەكانی لێكەوتووەتەوە.
جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران ئەوەشی راگەیاند، بەپێی عورفی سیاسیو ئیداری ساڵانی پێشوو پشكی كورد 17% بووە، دەبێت ئەمساڵیش ئەو بەشە بۆ هەرێم لەیاسای بودجە جێگیربكرێت، ئەمە جگە لەدابینكردنی تەواوی شایستە داراییەكانی هەرێمو موچەی فەرمانبەرانو هێزەكانی پێشمەرگە.
ئارام شێخ محەمەد هەروەها رایگەیاند، "لەگەڵ داواكارییەكانمان لەحكومەتی عێراق بۆ مافەكانی كورد، داواو فشاریش لەحكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، بۆ ئەوەی بەداواكارییەكانی بەغدا رازی بێت، ئەویش بەگێڕانەوەی داهاتی خاڵە سنوورییەكانو فڕۆكەخانەكانو رادەستكردنی ئەو نەوتەی هەرناردەی دەكات".
جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق جەختیشیكردەوە، ئەو هەوڵەیان تەنیا لەپێناوی دابینكردنی بودجەو موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەبێتو دەبێت هەردوو حكومەتی هەولێرو بەغداش هەنگاوەكانی داهاتوویان بەو ئاراستەیە بێت.
لینکی شارپرێس