سەرەتا
وتاری‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران سه‌باره‌ت به‌ پێشێلكارییه‌كان دژ به‌ رۆژنامه‌نوسان له‌ 2017 دا

1/13/2018

به‌داخه‌وه‌، ئاماره‌كان نه‌ك هه‌ر نائومێدكه‌رن، به‌ڵكو دروست وایه‌ بلێین ئێمه‌ له‌ڕوبه‌ڕێكداین ته‌جاوه‌زی‌ خۆڵه‌مێشی‌ كردوه‌و به‌هه‌مو پێوه‌رێك زۆنێكی‌ ڕه‌شه‌ له‌پشێلكاری‌.
ناكرێت ده‌سه‌ڵاتێك خاوه‌نی‌ ئه‌م سیڤیه‌بێ له‌ده‌ستدرێژی‌ بۆ سه‌ر ئازادی‌ و ئه‌م ئاماره‌ ڕه‌شه‌ی‌ له‌ده‌ستوه‌شابێته‌وه‌و قسه‌ش له‌سه‌ر مافی‌ مرۆڤ و بیڕوڕای ئازادبكات، له‌هه‌رجێگایه‌ك ژیان باجی‌ وتن بو، وشه‌ به‌گوله‌ وه‌ڵامدرایه‌وه‌، ئیتر له‌بری‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئازادی‌، ده‌بێت قسه‌ له‌وه‌ بكه‌ین كه‌ ئازادی‌ له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌دایه‌.
به‌ڕێزان، پێشهات و ڕوداوه‌كان سه‌نگی‌ مه‌حه‌ك و پێوانه‌یه‌كی‌ ساده‌ن بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ باش و ده‌سه‌ڵاتی‌ خراپ، جیاكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ گوێمان لێیده‌بێت له‌وه‌ی‌ به‌چاوی‌ خۆمان ده‌یبینین.
ئه‌وه‌ی‌ به‌رده‌وام گوێمان لێیده‌بێت ده‌سه‌ڵات تاسه‌ر ئێسقان دیموكراتخوازه‌و ڕێز له‌ئازادییه‌كان ده‌گرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ به‌چاوی‌ خۆمان ده‌یبینین، كاتێك هاوڵاتیان داوای‌ مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی‌ خۆیان ده‌كه‌ن، ده‌سه‌ڵاتداران چه‌ند ته‌نگه‌ نه‌فه‌س و بێته‌حه‌مولن و به‌چ شێوازێك ڕوبه‌رویان ده‌بنه‌وه‌، به‌پاساوی‌ ده‌ستبردن بۆ ماڵی‌ گشتی‌، بێسڵكردنه‌وه‌ ده‌ستدرێژی‌ ده‌كه‌نه‌ سه‌ر ژیانیان، له‌كاتێكدا هاوڵاتیان خاوه‌نی‌ ئه‌صلی‌ و شه‌رعی‌ هه‌مو موڵك و ماڵی‌ ئه‌م وڵاته‌ن، جگه‌ له‌وه‌ی‌ ده‌یان تۆمه‌تیشیان بۆ داده‌تاشن و هه‌رجاره‌و ده‌ستێك ده‌خه‌نه‌ پشتیان.
ساڵانێکی زۆر حیکایەتی هەناردەکردنی دیموکراسیان بۆکردین، بەڵام ئامارەکانی ئەمڕۆ و دوێنێ پێماندەڵێ، هاوشانی نان خۆیان و تەنی پێویستیەکی حەیاتیشمان بەهاوردەکردنی ئازادییە، ئێرە نە مێرگێک بو بۆ ئازادی، نەبەهەشتی جیاوازییەکانیش وەک دەوترا، بەڵکو هاوشێوەی پروپاگەندەی خۆشگوزەرانی و گەیشتن بەڕەفاهیەت، چیرۆکێک بو پڕ لەتراژیدیاو کارەساتی خەمناک.
ڕۆژنامه‌نوسانی‌ به‌ڕێز، ئێوه‌ كه‌قوربانیه‌كی‌ به‌رده‌وامی‌ هه‌مو دۆخه‌كانن، كارێكتان هه‌ڵبژاردوه‌ پڕیه‌تی‌ له‌سه‌ر ئێشه‌، ڕێگایه‌كتان گرتوه‌ سیخناخه‌ له‌هه‌وراز و نشێوی‌، كێشه‌كه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نیه‌ ده‌ستان ناگات به‌زانیاری‌، بگره‌ هه‌ندێك جار ده‌ستڕاگه‌یشتن و بڵاوكردنه‌وه‌شی‌ جۆرێكه‌ له‌گیانبازی‌ و سه‌ركێشیكردن به‌ژیانتان، كێشه‌ی‌ گه‌وره‌ی‌ ئه‌م وڵاته‌ی‌ ئێمه‌ له‌وه‌دایه‌ ئه‌رك و مافه‌كان به‌یاسا ڕێكناخرێن تامافی‌ هه‌مولایه‌ك پارێزراوبێت، به‌ڵكو زۆرجار ئه‌ویاسانه‌شی‌ ده‌سه‌ڵات خۆی‌ ده‌ریده‌كات، ڕێزی‌ لێناگرێت، به‌تایبه‌ت ئه‌و یاسایه‌ی‌ په‌یوه‌سته‌ به‌مافه‌كانی‌ ئێوه‌ مه‌به‌ستم، یاسای‌ ژماره‌ 35 ساڵی‌ 2007 ه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ تێبیینه‌كی‌ زۆریشی‌ له‌سه‌ره‌ به‌ڵام هێشتا به‌رپرسانی‌ هه‌رێم ئاماده‌نین جێبه‌جێی‌ بكه‌ن و په‌نا بۆ یاسا كۆنه‌كه‌ی‌ سه‌رده‌می‌ رژێمی‌ پێشو ده‌به‌ن له‌پێناو ترساندنی‌ ڕۆژنامه‌نوسان و ساركردنه‌وه‌یان له‌پیشه‌كه‌یان.
به‌رێزان، ئه‌و ململانێ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و سیاسی و پیشه‌یی‌ به‌رۆكی‌ چین و توێژه‌جیاوازه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگای‌ كوردی‌ گرتوه‌، حوكمكه‌رانی‌ هه‌رێم به‌رپرسی‌ ئه‌وه‌ل و كۆتایین لێی‌، به‌شێكی‌ گه‌وره‌ی ناڕونیه‌كان پابه‌ستی‌ قوڵیان هه‌یه‌ به‌ناعه‌داله‌تی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و شاردنه‌وه‌ی‌ داهاته‌كان، زۆربه‌ی‌ كێشه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگاكه‌مان درێژكراوه‌ی‌ ئه‌م كێشانه‌ن و به‌چڕكردنه‌وه‌ی‌ هه‌وڵه‌كانیش بۆچارسه‌كردنیان به‌شی هه‌ره‌ زۆری كێشه‌كان چارسه‌رده‌بن.
شه‌فافیه‌ت به‌رقه‌راربێت شاردنه‌وه‌ پێویست ناكات، یاسا سه‌روه‌ربێت به‌كارهێنانی‌ چه‌ك و توندتیژی‌ ئیجاب ناكات، حكومه‌ت به‌رپرسیارانه‌ ئه‌ركه‌كانی‌ جێبه‌حێبكات خه‌ڵك له‌خۆشیدا نه‌بێت ناڕژێته‌ سه‌رشه‌قام، سامانی‌ گشتی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ عادیلانه‌ دابه‌شبكرێت، ئاشتی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ جێگه‌ی‌ ناكۆكی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و ئاشتی‌ چینایه‌تیش جێگه‌ی‌ جیاوازی‌ چینایه‌تی‌ ده‌گرێته‌وه‌، كه‌ ئه‌مانه‌ش هیچیان ئاماده‌نه‌بون دۆخێكی‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ئێستا ده‌خولقێت.
حەزەکەم هەر لەم بۆنەیەدا ئەوە بڵێم وەک جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەمیشە پشتیوانێکی بەردەوامتان بوم و ئەبم، هەواڵی هەر پێشلکارییەکمان دژ بەڕۆژنامەنوسان و ئازادییە مەدەنییەکان پێگەیشتبێت لەهەر کونج و قوژبنێکی کوردستان یاخود شارەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق، جگە لەدەربڕینی هەڵوێستی ڕون و ڕاشکاو ئەوەی پێویست بوبێت لەچوارچێوەی ئەرک و مەهامدا درێغیم نەکردوە، هەمیشە بونی خۆمم وەک مرۆڤێکی ئازاد و بۆچونی سیاسیشم لەگەشەکردن و بەرگریکردن لەئازادییەکاندا بینیوەتەوە.
له‌كۆتایدا ئه‌مه‌وێت سوپاسی‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆ بكه‌م بۆ داكۆكیكردن له‌مافی‌ ڕۆژنامه‌نوسان و ڕێكخراوی‌ پاڵپشتیی‌ میدیای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ (ims) كه‌ له‌ساڵی‌2003وه‌ ڕۆلێكی‌ دیاری‌ هه‌بو له‌پاڵپشتیكردنی‌ میدیای‌ ئازاد و كاری‌ ڕۆژنامه‌وانی‌ له‌عێراق و هه‌رێمی‌ كوردستان.

ئارام شێخ محه‌مه‌د
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
۱۳/۱/۲٠۱۸



بەیاننامە و لێدوان

Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure