سەرەتا
لە ساڵیادى ١٢یەمین راپرسی لەسەر دەستور

10/21/2017

بەڕێزانی ئامادەبو، ئەم کاتەو هەمو کاتێکتان باش...
له‌سه‌ره‌تادا ده‌مه‌وێت هه‌وڵی ئه‌و كه‌سانه‌ به‌رزبنرخێنم كه‌ له‌ دوانزه‌هه‌مین ساڵیادی راپرسی هاوڵاتیان له‌سه‌ر ده‌ستور ئه‌م بۆنه‌یه‌یان رێكخستوه‌، هه‌روه‌ك به‌ پێویستی ده‌زانین رێز و پێزانینی خۆمان ده‌رببڕین بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ به‌شداربون له‌ نوسینه‌وه‌ی‌ ده‌ستور به‌كۆی‌ ناونیشانه‌كانیه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و ده‌ستوره‌، به‌ردی بناغه‌ی‌ به‌پێی‌ بنه‌ماكانی‌ مافی مرۆڤ و ژیانی‌ دیموكراتی‌ دانا له‌گه‌ڵ بنه‌مای‌ جیاكردنه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی ته‌شریعی و راپه‌ڕاندن و ته‌ئكیدكردنه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی هه‌مو ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ ده‌وڵه‌ت و جێگیركردنی ئازادییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی گه‌لی‌ عێراقی و جێگیركردنی میكانیزمه‌كانی ئه‌و ئازادییانه‌.
ئه‌مڕۆ كاتێك قسه‌ له‌سه‌ر ده‌ستور ده‌كه‌ین، قسه‌مان له‌سه‌ر گرێبه‌ستێكی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ كه‌ گره‌نتی مافی هه‌مو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا ده‌كات له‌ چوارچێوه‌ی‌ یاسا به‌ جیاوازی نه‌ته‌وه‌و لایه‌نگرییانه‌وه‌، ئه‌و بڕوانامه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ متمانه‌ له‌نێوان هاوڵاتی و ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت و جێگیركردنی ده‌وڵه‌تی هاوڵاتیبون و جێبه‌جێكردنی دادی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ هه‌موان و به‌بێ جیاوازی دێنێته‌ ئارا.
گومانی تێدا نیه‌ ده‌ستوری‌ ئێستای‌ كۆماری‌ عێراق كه‌ له‌ ساڵی 2005 گه‌لانی عێراق ده‌نگیان له‌سه‌ر دا به‌ كوردیشه‌وه‌ له‌رێگای‌ راپرسیه‌وه‌، خاڵێكی وه‌رچه‌رخان بو له‌ مێژوی سیاسی عێراقی نوێ له‌ دوای‌ روخانی سه‌دام حوسه‌ی-نه‌وه‌ له‌ ساڵی 2003.
ئێمه‌ش بانگه‌شه‌ی‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین پێویستمان به‌وه‌یه‌ په‌نابه‌رینه‌ به‌ر ده‌ستوری عێراق كه‌ ته‌ئكیدی‌ له‌سه‌ر پاراستنی مافی هه‌موان كردوه‌ته‌وه‌ له‌ مه‌ودای‌ له‌ خۆگرتنی چه‌مك و بنه‌ما مرۆییه‌كان كه‌ بوه‌ته‌ نه‌خشه‌رێگایه‌كی رون بۆ چه‌مكی سیسته‌می حكومڕانی له‌ عێراق و بنه‌ما دیموكراتییه‌كان له‌رێگای‌ پیاده‌كردنی هه‌ڵبژاردن و بونیادنانی ئاڵوگۆڕی ئاشتیانه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات و له‌ رێگای‌ جێبه‌جێكردنی ده‌ستور به‌ هه‌مو ماده‌كانیه‌وه‌، ده‌توانین ژینگه‌یه‌كی گونجاو به‌پێی پێوه‌ره‌ مرۆییه‌كان و هێنانه‌ئارای‌ زه‌مینه‌یه‌كی دروست بۆ سه‌قامگیری و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ فه‌راهه‌م بكه‌ین، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌موان بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ده‌ستور.
 جێبه‌جێكردنی هه‌مو به‌نده‌كانی ده‌ستور به‌بێ هه‌ڵاواردن به‌ تایبه‌ت له‌م قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌دا كه‌ پێیدا تێپه‌ڕده‌كه‌ین، چاره‌سه‌ری‌ گونجاومان ده‌ستده‌خات به‌تایبه‌ت چاره‌سه‌رێكی ریشه‌یی بۆ كێشه‌ی‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان و سه‌رجه‌م كێشه‌ كه‌ڵه‌بوه‌كانی تر فه‌راهه‌م ده‌كات، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ له‌ ده‌ستوردا هاتوه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ هه‌موان هه‌ر له‌ مه‌رجه‌عیه‌ت و زۆربه‌ی‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ته‌ئكید له‌ به‌نده‌كانی‌ ئه‌و ده‌ستوره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌.

به‌ڕێزانی ئاماده‌بو..
ده‌ستور پاراستنی‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی‌ گه‌لی‌ به‌ سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانیه‌وه‌ جێگیركردوه‌و شوناسه‌كانی ئایین و فه‌رهه‌نگه‌كانی پاراستوه‌و گره‌نتی پاراستنی مافی كه‌مینه‌كانی‌ داوه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ هاوڵاتی پله‌ یه‌ك بن، پاراستنی ئازادیه‌ فیكری و سیاسی و ئایینی و مه‌ده‌نیه‌كان و جێبه‌جێبه‌جێكردنی لامه‌ركه‌زیه‌ت زۆر گرنگه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌هۆی‌ رێكه‌وتنه‌كان و ناكۆكیه‌ سیاسییه‌كان و نه‌زانی به‌ هه‌ندێ له‌ ماده‌ ده‌ستورییه‌كان، هه‌ندێك له‌ ماده‌ ده‌ستورییه‌كان په‌كی كه‌وت، ته‌وافوق و به‌رژه‌وه‌ندی‌ كوتله‌ سیاسییه‌كان رۆڵی راسته‌وخۆی‌ هه‌بو له‌ راڤه‌كردنی ماده‌كانی ده‌ستور به‌ بیانوی رازیكردنی هه‌مولایه‌نه‌ به‌شداره‌كان له‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسیدا، بۆ نمونه‌ یاسای نه‌وت و غاز كه‌ له‌ساڵی 2007 وه‌ راگوێزراوه‌، یان یاسای‌ دادگای‌ فیدراڵی و چه‌ند یاسایه‌كی تر كه‌ به‌هۆی‌ نه‌بونی ئیراده‌یه‌كی به‌هێز بۆ په‌سه‌ندكردنیان له‌ شوێنی خۆیاندا ماونه‌ته‌وه‌و وشه‌ی‌ ده‌ستور بوه‌ به‌ واژه‌یه‌ك ته‌نها كه‌ له‌ ململانێ سیاسیه‌كاندا به‌كاردێت، به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌وڵیدا هه‌ندێك له‌ماده‌كانی‌ ده‌ستور سڕبكات له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌ شه‌خسی و حیزبیه‌كانی‌، پرۆسه‌ی‌ سیاسی شڵه‌ژاند و ئه‌مه‌ش به‌شێوه‌یه‌كی گشتی‌ كاریگه‌ری‌ هه‌بو له‌سه‌ر دۆخه‌كه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌ڵێین ده‌ستور به‌م شێوه‌یه‌ی‌ ئێستا وه‌ك مه‌رجه‌عیه‌تی‌ قانونی و وه‌سیقه‌یه‌كی ره‌سمی راسته‌قینه‌ كه‌ ده‌ستی‌ پێوه‌بگرین مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵدا ناكرێت.

ئاماده‌بونی به‌ڕێز...
به‌ په‌ژاره‌وه‌ ده‌ڵێم ئه‌و روداوه‌ خێراو قه‌یرانه‌ ناوخۆییانه‌ی‌ ئێستا له‌عێراقدا ده‌یبینین، بۆ ئێمه‌ زۆر جێگای‌ داخه‌، چونكه‌ تاكڕه‌وی له‌ ده‌سه‌ڵاتداو بڕیاردانی تاكلایه‌نه‌ و سه‌ركێشی‌ تاكه‌كه‌سی و گوێنه‌گرتن له‌ مه‌نتیقی‌ عه‌قڵ و حیكمه‌ت و فه‌رامۆشكردنی ئامۆژگاری‌ دۆستان و هاوپه‌یمانان، بوه‌ هۆی‌ شێواندنی دۆخه‌كه‌ و په‌ره‌سه‌ندنی ناسه‌قامگیری له‌نێوان هه‌رێم و ناوه‌ند، ئه‌وه‌ی‌ دو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر رویدا هه‌رگیز خواستی‌ ئێمه‌ نه‌بو كه‌ هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌ درا پێشمه‌رگه‌ ئاوێته‌بكرێت به‌ ململانێ سیاسیه‌كه‌ له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌بو به‌شێك بێ له‌ سیسته‌می به‌رگری عێراق به‌پێی‌ ده‌ستور به‌و هه‌موه‌ مێژوه‌ پیرۆز و دورو درێژه‌ی‌ هه‌یه‌تی. ده‌بو شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ یه‌ك دوژمن و خوێنڕشتن و قوربانیدانه‌كان، بقۆزرایه‌ته‌وه‌ بۆ رێكخستی‌ ریزی‌ هێزه‌كانمان له‌بری‌ قوڵكردنه‌وه‌ی‌ كه‌لێنه‌كانی‌ نێوانمان.
ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ ده‌قۆزمه‌وه‌و داوا له‌ هه‌مو لایه‌نه‌كان ده‌كه‌م له‌سه‌ر مێزی‌ گفتوگۆ دابنیشن و نه‌خشه‌ڕێگایه‌كی راسته‌قینه‌ بدۆزنه‌وه‌ بۆ تێگه‌یشتن و هه‌ڵدانه‌وه‌ی‌ په‌ره‌یه‌كی نوێ كه‌ گره‌نتی سه‌قامگیركردنی دۆخه‌كه‌ بكات و ره‌وشه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی‌ هێوربكاته‌وه‌، ئه‌وه‌ش جێی دڵخۆشیه‌ كه‌ گوێمان له‌ بانگه‌وازكردن ده‌بێت بۆ گفتوگۆ و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دیالۆگ له‌ژێر چه‌تری‌ ده‌ستوردا، ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكی نوێیه‌ به‌ ئاراسته‌یه‌كی دروستدا، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا ده‌ڵێین با هه‌مو لایه‌ك گوێی لێبێت، گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دواوه‌و ئه‌نجامدانی گفتوگۆو رێكه‌وتنی دولایه‌نه‌ نابێت ببێت، كاتێك كه‌ ده‌ستور هه‌یه‌ پێویسته‌ گفتوگۆكان به‌ به‌شداری‌ هه‌مو لایه‌نه‌كان بێت به‌تایبه‌ت له‌ رێگای‌ داموده‌زگا ره‌سمیه‌كانه‌وه‌ تا هه‌نگاوی داهاتومان سنورێك بۆ كێشه‌ كه‌ڵه‌بوه‌كان دابنێت و ئامانجی سه‌ره‌كی تێیدا ره‌چاوكردنی به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتیان بێت نه‌ك ده‌ستكه‌وته‌ شه‌خسی و حیزبیه‌كان و دواتریش كۆمه‌ڵگا و سه‌قامگیری ببن به‌ قوربانی.
ده‌ستور ئه‌وه‌ی‌ بۆ فه‌راهه‌م كردوین كه‌ له‌ سایه‌یدا پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌ن و حیزبه‌ نیشتمانییه‌كان كاربكه‌ین بۆ هێنانه‌ ئارای‌ ژیانێكی سه‌قامگیر بۆ رۆڵه‌كانمان، لێره‌دا داوا له‌ حكومه‌تی عێراق و سوپاو هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و سه‌ركرده‌كانی حه‌شدی شه‌عبی ده‌كه‌م له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تر، هاوڵاتیان بپارێزن و ره‌وشێك بڕه‌خسێنن ئاواره‌كان به‌ سه‌لامه‌تی بگه‌ڕێنه‌وه‌ ماڵه‌كانی خۆیان، چونكه‌ ده‌سه‌ڵات هیچ گرنگیه‌كی نییه‌ به‌بێ گه‌ل، با پێشمه‌رگه‌و سوپاو پۆلیسی فیدراڵی پێكه‌وه‌ له‌و ناوچانه‌ كاربكه‌ن له‌پێناو سه‌قامگیركردنی دۆخه‌كه‌ هه‌روه‌ك چۆن پێش مانگێك له‌ ئازادكردنی ئه‌و ناوچانه‌ له‌ده‌ستی دوژمنێكی هاوبه‌ش شه‌هیدیان به‌خشی، ئێمه‌ش ئاماده‌ین بۆ هاوكاریكردن له‌گه‌ڵ هه‌مو لایه‌ك له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گه‌له‌مان.
خودا هه‌مو لایه‌ك سه‌ركه‌وتو بكات

ئارام شێخ محه‌مه‌د
جێگری‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران

چوارشه‌ممه‌ ٢٠١٧/١٠/١٨



بەیاننامە و لێدوان

Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure