سەرەتا
بۆ هاوڵاتیانی کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان

10/18/2017

هاوڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان
هاوڵاتیانی خۆشەویستی کەرکوک و دوز و داقوق و سەرجەم ناوچەکانی تر
پێشمەرگە قارەمانەکان

بە داخەوە ئەو شەڕە نەگریسەی لە سەر ئاشوبی پرۆسەی بە ناو ڕیفراندۆم و درۆی دروستکردنی دەوڵەتی کوردی لەپێناو بەرژەوەندی تاکەکەسی و حیزبیی چەند کەس و لایەنێک ئەنجامدرا یەخەی پێشمەرگە و هاوڵاتیانی سڤیلی بەشێک لە ناوچەکانی کەرکوک و دوزخورماتو و هەندێک ناوچەی تریشی گرتەوە، ئەوا ئێستا بە ئاشکرا لەگەڵ ئەو هەڕەشە جدییەی لەسەر کەرکوک و ناوچەکانی ترە ، قسەکانی چەند مانگ لە مەوبەری ئێمە ومانان ئەسەلمێنێ، ئێستە هەمان ئەو قسانەی ئێمە کە بە داخەوە زۆر درەنگە بۆ وتنی بوە بە قسەی بەشێک لە کەسایەتی و سەرکردەی لایەنەکانی تریش کە ئەم شەڕە شەڕی نەوتە، شەڕی کورسی و عینادی تاکە کەسیکە، زۆرمان هاوارکرد و پێمان وتن ئەم مەهزەلەی ریفراندۆمە ڕاگرن، وتمان ئەمە بۆ دەوڵەت نیە، بەڵام نەتانکرد، بە پێچەوانەوە بە هەمو تواناتانەوە کەوتنە دژایەتی و ناشیرینکردنی هەمو دەنگێکی ئازاو دڵسۆزی ناو هەمو لایەنەکان کە لە پێناو پاراستنی گیانی خەڵکدا هاواریان ئەکرد، ئێستە ئەو دەنگە نەشازانە لە قسە و پروپاگەندە و چەواشەکاری ناوەستن و خەریکی شکاندنی شکۆی پێشمەرگەن، خەریکی داپۆشینی ئەو ڕاستیانەن بە چەواشەکاری کە لە دوای ڕیککەوتنە نهێنیەکان و جێبەجێنەکردنی هەمو قسەکانتان و هەوڵدان بۆ رێککەوتنی ژێربەژێر بۆ پاشگەزبونەوە لەم هەنگاوە شەخصی و حیزبیەی دەستانپێکرد بەردەوامن.
ئەوا ئێستە خۆتان لە ڕاگەیاندنەکانتانەوە بە ئاشبەتاڵی نوێ و خیانەتی گەورە ناوی ئەبەن، هەر بەردەوامن لە خۆشکردنی ئاگرەکەدا و قسەی ئەو پێشمەرگەو سەرکردانەی ڕاستیەکان باس ئەکەن ئەشێوێنن و ناو و ناتۆرەیان ئاراستە ئەکەن ، لەمەش زیاتر ئەم نەعرەتە و هاشوهوشە ئیعلامیە رۆژە ناخۆشەکانی شەری ناوخۆ بە بیری ئێمە ئەهێنێتەوە، و ئەمەش مەترسیەکی گەورەی ترە بۆ سەر دۆزی ناوخۆمان و کەرکوکیەکان و کوردستانیانی دەرەوەی هەرێم لەگەڵ ئەوەی ژیانیان کراوەتە مەترسی و سیخناخ کران بە ئومێدی درۆینەی دروستکردنی دەوڵەت، سەرەرای شەهیدبون و برینداربون و ئاوارەیی کە بە داخەوە بوەتە میرات بۆ ئەم خەڵکە خێر لە خۆ نەدیو و قوربانیەی کەرکوک بۆ بە تاڵانبردنی نەوت ، ئەوا ئێستە پێویستە سنورێک بۆ زەنگی مەترسی ناوخۆش دابنرێ ، تا لەمە زیاتر نە خەڵک و نە پێشمەرگە و نە دەستکەوتەکانی تریشمان لە دەست نەدەین و گەر ئەمە نەکرێ پریشکی ئەم ئاگرە نازانرێ تا کوێ ئەڕوات.
پێویستە باجەکەی ئێوە و ئەوانەی ئەم شەڕە ماڵوێرانکارەتان بۆ ئەم خەڵکە خوڵقاند بیدەن نەک خەڵک و پێشمەرگە چونکە شکۆی پێشمەرگە سیمبول و ناونیشانی گەلێکە و هی کەستان نیە، بۆیە ئەم موهاتەراتە ڕاگرن تکایە..
بەسە ئیتر خەڵکی کوردستان تەنها توانی بەرگەی بێ موچەیی و نەهامەتی ئێوە بگرێ و ئەمەشتان کردە بار بە سەرشانیانەوە و هێندەی تر بارگرانیتان بۆ دروستکردن.


بۆ شەخصی سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدراڵ
بەرپرسیاریتی ئەخلاقی و ئاینی و مێژویی و یاسایی لە سەر شانی ئێوەشە کە ڕێگە نەدەی دەست ببرێ بۆ سەروماڵی هاوڵاتیان، چونکە ئەمە تاوانە و باجەکەی قورس ئەبێ، دوای هیچ شانازی نابێ نە بۆ تۆ و نە بو هیچ کەسێکی تر کە ئەو هێزانەی تادوێنی خوێنیان لە سەر هەمان زەوی تێکەڵ بو بەرامبەر بە داعش ئەمڕۆ یەکتری لەناوبەرن، ڕێگە بە حەملەی سوتاندنی تەڕ و وشک مەدە، ڕێگە مەدە سەروماڵی هاوڵاتیان تاڵان و بڕۆبکرێن و بسوتێنرێن ، لە چەندین شوێن لە ناوخۆ و دەرەوەدا بەشانازیەوە باسی شەڕی پێشمەرگە و سوپاسی عێراقی و حەشدت پێکەوە کردوە ، ئەبێ هەمو هێزە عێراقیەکان بە تایبەت ئێوە پەیامی مەرجەعیەتتان بیر نەچێ کە کوشتنی کوردیان چەندین جار حەرام کردوە و باشیش ئەزانم کە ئەمانە بەرئەنجامی بابەتێکە کە پێی ئەوترێ ریفراندۆم بەڵام سنورە ئەخلاقیەکان ئەبێ هەمیشە رەچاوبکرێن و لەم ڕوەوە ئەبێ ڕاستەوخۆ تەدەخول بکەی و خۆت ڕێگری بکەیت چونکە مێژو رەحم بە کەس ناکات.

هاوپەیمانان و دۆستانمان لە هەمو دەوڵەتانی دنیا
لە ماوەی ڕابردو ئێوە هاوکارمان بون لە هەمو قۆناغە جیاوازەکاندا ، باشیش ئەزانم کە ئامۆژگاری زۆری سەرانی ریفراندۆمتان کرد و گوێیان بۆ نەگرتن، بەڵام نە خەڵکی کوردستان و نە پێشمەرگە گوناحی نیە بکرێنە قوربانی شەڕی نەگریسی بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان ئەو دورگە ئارامەی کە پێگەی کارکردنی چەندین ساڵەی ئێوە بوە و بە دورگەی ئارام ناوتان ئەبرد دەخاتە بەر مەترسیەکی گەورەی شەڕ و کارەساتی مرۆیی گەورە ، ئێوە ئەتوانن کاری گەورە بکەن بۆ ڕێگری کردن لە فراوانبونی ئەم شەڕە، تکایە چاوەڕوانی گەورەمان لە ئێوە هەیە و جوڵەی خێرا بکەن بۆ پاراستنی سەروسامانی خەڵک و ژیانی هاوڵاتیان و ڕێگری بکەن لە تەشەنە سەندنی شەڕ

ئارام شێخ محەمەد
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران
١٦ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧



بەیاننامە و لێدوان

Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure