سەرەتا
چاوپێكه‌وتنی ئارام شێخ محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی (سكای‌ نیوز عه‌ره‌بی)

6/13/2015

سه‌باره‌ت به‌ چه‌ند پرسێكی په‌یوه‌ندیداری‌ ناوخۆیی و ده‌ره‌كی عێراق، كه‌ناڵی (سكای‌ نیوز عه‌ره‌بی) چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ ئارام شێخ محه‌مه‌د ئه‌نجامدا.

له‌و چاوپێكه‌وتنه‌دا شه‌ڕی‌ تیرۆر و په‌یوه‌ندیه‌كانی عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌كه‌و دورتر و كێشه‌ ناوخۆییه‌كان و رۆڵی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ئاماژه‌ی‌ پێدراوه‌و له‌لایه‌ن جێگری‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران-ه‌وه‌ تیشك خراوه‌ته‌ سه‌ر چه‌ند پرسێكی تری‌ په‌یوه‌ندیدار.


ده‌قی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌


سكای‌ نیوز عه‌ره‌بی: له‌ ئێستادا مه‌ترسی تیرۆر له‌ به‌غدا نزیكبوه‌ته‌وه‌، لێره‌وه‌ عێراق به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوات؟
ئارام شێخ محه‌مه‌د: سه‌ره‌تا له‌ڕوی‌ سه‌ربازیه‌وه‌ به‌غدا له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دا نیه‌، راسته‌وخۆش ئه‌م زانیاریه‌مان له‌ به‌ڕێز سه‌رۆكی حكومه‌ت وه‌رگرتوه‌ له‌ كۆتا كۆبونه‌وه‌ی‌ سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌، له‌وێدا به‌ڕێزی‌ به‌ تێروته‌سه‌لی‌ باسی‌ له‌وه‌كرد كه‌ به‌غدا له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی‌ سه‌ربازیدا نیه‌، به‌ڵكو ته‌نها مه‌ترسی ئه‌منی بونی هه‌یه‌.
دو ته‌قینه‌وه‌كه‌ی‌ ئه‌مدواییه‌ش كه‌ له‌ نزیك یانه‌ی‌ عه‌له‌وی رویدا له‌ به‌غدا، به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی‌ ئه‌منی له‌سه‌ر به‌غدا.


سكای‌ نیوز عه‌ره‌بی: له‌ ئێستادا به‌شێوه‌یه‌كی ئاشكرا ده‌ستوه‌ردانی ناوچه‌یی هه‌یه‌ له‌روداوه‌كانی عێراق به‌تایبه‌ت ده‌ستوه‌ردانی ئێران و توركیا ده‌بینرێت، بۆچی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌وباره‌یه‌وه‌ بێده‌نگه‌؟
ئارام شێخ محه‌مه‌د: ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران وه‌ك هه‌مو په‌رله‌مانه‌كانی جیهان دامه‌زراوه‌یه‌كی ته‌شریعی و چاودێریكردنه‌، له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌رپرسیاریه‌تی له‌سه‌ره‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پێویست بێت ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته‌و له‌باره‌ی‌ شتی‌ تره‌وه‌ رۆڵی هه‌بێت، ئه‌وه‌ له‌ رێگه‌ی‌ به‌یاننامه‌وه‌ له‌سه‌ر یاساو كێشه‌و سیاسی و هه‌ر روداوێك له‌ناوچه‌كه‌ رۆڵی هه‌بوه‌، ئه‌وه‌نده‌ی‌ په‌یوه‌ندی به‌ ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كیشه‌وه‌ هه‌بێت، له‌ناوخۆدا قسه‌مان له‌سه‌رئه‌وه‌ كردوه‌ ناكرێت عێراق بكرێته‌ گۆڕه‌پانی سیاسی و ململانێ ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و ئه‌وه‌ پێچه‌وانه‌یه‌ به‌ چاكسازی سیاسی و ئیداریه‌وه‌.


سكای‌ نیوز عه‌ره‌بی: له‌مدواییه‌دا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران سه‌ردانی مۆسكۆتان كردو داواتان له‌ حكومه‌تی روسیا كرد رۆڵی‌ كارا بكات له‌ عێراق، مه‌به‌ست له‌ "رۆڵی‌ كارا"ی‌ روسیا چیه‌ له‌ عێراقدا؟
ئارام شێخ محه‌مه‌د: له‌به‌ر دو شتی ساكار ئه‌و داوایه‌مان كرد، یه‌كه‌م؛ عێراق له‌ خوله‌كانی رابوردویدا په‌یوه‌ندی كراوه‌و باشی نه‌بوه‌ له‌گه‌ڵ هه‌مو وڵاتان هه‌ر له‌ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ تا وڵاتانی تر، بۆیه‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی بڕیاری ئه‌وه‌یدا ده‌ست به‌ چه‌ند سه‌ردانێك بكرێت بۆ وڵاتانی ناوچه‌كه‌، له‌سه‌ره‌تاشدا به‌كوه‌یت ده‌ستمانپێكردو سه‌ردانی توركیاو ئێران و سعودیه‌مان كرد، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن-یش سه‌ردانی به‌حره‌ینی كرد، روسیاش یه‌كێك بو له‌و وڵاتانه‌.
ئه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندی به‌ روسیاوه‌ هه‌بێت ئه‌وه‌یه‌؛ كه‌ روسیا وڵاتێكی گه‌وره‌یه‌و رۆڵی هه‌یه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا به‌ درێژایی مێژو.
هۆكاری‌ دوه‌می ئه‌و داوایه‌مان ئه‌وه‌بو كه‌ هه‌مو لایه‌ك ده‌زانێت عێراق كه‌وتوه‌ته‌ ناو شه‌ڕێكی وێرانكه‌ری‌ ئابوری‌ و مرۆیی دژ به‌ تیرۆر، ئه‌م شه‌ڕه‌ چه‌نده‌ها كاره‌ساتی مرۆیی و شتی‌ تری هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌، به‌داخه‌وه‌ چه‌ند پارێزگایه‌ك تێكشكاون، بۆیه‌ ئێمه‌ له‌روی‌ ئابوری‌ و سیاسی و له‌ هه‌مو رویه‌كه‌وه‌ ته‌نانه‌ت له‌روی‌ داراییه‌وه‌ پێویستمان به‌وه‌یه‌ عێراق په‌یوه‌ندیه‌كی باشی هه‌بێت له‌گه‌ڵ هه‌مو وڵاتان له‌ناویشیاندا روسیا كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌ی‌ ده‌مانه‌وێت په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ عێراق باشبێت.


سكای نیوز عه‌ره‌بی: چه‌ند ناوه‌ندێكی سیاسی و میدیایی باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن پرۆژه‌ی‌ دابه‌شكردنی عێراق بۆ سێ وڵاتی (سوننه‌، شیعه‌، كورد) چوه‌ته‌ بواری‌ جێبه‌جێكردنه‌وه‌، ده‌مه‌وێت له‌وباره‌یه‌وه‌ هه‌ڵوێستی‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بزانین؟
ئارام شێخ محه‌مه‌د: بابه‌تی‌ ده‌وڵه‌ت مه‌سه‌له‌یه‌كی تره‌، چونكه‌ له‌ ئێستادا به‌شێوه‌یه‌كی ره‌سمی پرۆژه‌یه‌ك نیه‌ بۆ دابه‌شكردنی عێراق بۆ چه‌ند ده‌وڵه‌تێك، به‌ڵام ئه‌گه‌ر مه‌به‌سته‌كه‌ چه‌ند (هه‌رێم)ێك بێت وه‌ك بژارده‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كانی ئێستای‌ عێراق، ئه‌وه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ناو ده‌ستوری‌ عێراقدا بونی هه‌یه‌.
دروستكردنی هه‌رێمیش به‌ مانای‌ دابه‌شكاری‌ نایه‌ت، هه‌رێم شتێكه‌و دابه‌شكردن شتێكی تره‌، بۆیه‌، بابه‌ته‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ په‌یوه‌ندی به‌ هه‌رێمه‌وه‌ بێت هیچ كێشه‌یه‌كی تێدا نیه‌و له‌ناو ده‌ستوردا ئاماژه‌ به‌وه‌دراوه‌ كه‌ پارێزگاكانی عێراق مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ وه‌ك پارێزگاو غه‌یری‌ پارێزگا هه‌رێمیان هه‌بێت.
له‌ وڵاته‌ فیدراڵیه‌كانیشدا هه‌رێم هه‌یه‌، بۆ نمونه‌ ئه‌ڵمانیا دابه‌شكراو نیه‌و چه‌ند هه‌رێمێكی تێدایه‌.
دروستكردنی هه‌رێم له‌ وڵاته‌ پێشكه‌وتوه‌كان یه‌كێكه‌ له‌ چاره‌سه‌ره‌كان؛ ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ رابوردو ده‌بینین بابه‌تی هه‌رێم یه‌كێكه‌ له‌ بژارده‌كان بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ نه‌ته‌وه‌یی و تائیفیه‌كان و هه‌ندێك جاریش كێشه‌ مه‌زهه‌بی و ئایینیه‌كان، له‌ عێراقیش ئه‌زمونی هه‌رێمی كوردستان-مان هه‌یه‌ كه‌ ئه‌زمونێكی سه‌ركه‌وتوه‌.

 



بەیاننامە و لێدوان

Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure