سەرەتا
چاوپێكه‌وتنی ئارام شێخ محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئه‌نادۆڵ-ی‌ توركی

6/13/2015

ئارام شێخ محه‌مه‌د، جێگری‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئه‌نادۆڵ-ی‌ توركی تیشكی خستوه‌ته‌ سه‌ر چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ندیدار به‌ دۆخی ئێستای‌ عێراق و ئاماژه‌ی‌ به‌و ته‌گه‌رانه‌ داوه‌ كه‌ له‌به‌رده‌م پرۆسه‌ی‌ سیاسیدا بونیان هه‌یه‌.

جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت پەرلەمان لێكۆڵینەوەی ورد لە كەوتنی موسڵ دەكات، ئاماژە بەوەش دەكات كێشەكانی عێراق بە داعشیشەوە پێویستیان بە چارەسەری سیاسی هەیە.

 

ده‌قی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌

 

 

"لایەنەكانی سیاسی لەسەر پرسە گرنگەكان ناگەنە رێككەوتن"

ئارام شێخ محەمەد لە بارەی دۆخی سیاسی وڵاتەكەوە گوتی :"دۆخە سیاسییەكە وەك خۆیەتی و تا ئێستا هێزەكانی سیاسی عێراق نەیانتوانیوە بگەنە رێككەوتن لەسەر زۆرێك لەو بابەتانەی پەیوەندی بە دۆخی سیاسی و تەوافوقی سیاسیەوە هەیە، بە جۆرێك لە ناو پەرلەماندا نەمانتوانی بگەینە رێككەوتن لەسەر ئەو یاسایانەی لە بەردەستدان و پەیوەندییان بە دۆخەكەوە هەیە لە یاسای دادگای فیدراڵی و گاردی نیشتمانی و لێپرسینەوەو دادوەری، ئەو یاسایانەش دەیانتوانی دەرگایەك بكەنەوە بە رووی هەندێك لە كێشەكانی هەڵپەسێردراودا".

 

"پەرلەمان لێكۆڵینەوەی رژد لە كەوتنی مووسڵ دەكات"

ئەو مكوڕبوونی پەرلەمانی لە لێكۆڵینەوە لە كەوتنی مووسڵ كرد و گوتی:"دوای دەستبەكاربوونی پەرلەمان لیژنەیەك دروست بوو بۆ لێكۆڵینەوە لە كەوتنی مووسڵ و ماوەیەكی زۆرە كاری خۆی دەكات و تائێستا راپۆرتی كۆتایی خۆی تەواو نەكردووە تاوەكو بیخاتەوە بەردەست سەرۆكایەتی پەرلەمان.

 كەوتنی مووسڵ كاریگەرییەكی خراپی دانا لەسەر پرۆسەی سیاسی لە عێراق و لە دوای كەوتنی ئەو شارەوە ژمارەیەكی زۆری ئاوارەی لێكەوتەوە.

پەرلەمان كار لەسەر ئەوە دەكات لێكۆڵینەوەی رژد بكات لەسەر كەوتنی مووسڵ و هۆكارەكانی، بۆ ئەو مەبەستەش راپۆرتی خۆی ئامادە دەكات و پەرلەمان دەنگی لەسەر دەدات كە كۆمەڵێك راسپاردەی لە خۆگرتووە.

لەسەر ئەو پرسە هەموو لایەنەكانی سەربازی و ئیداری و پەیوەندیدارەكان لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكرێت، لە نێو ئەو لیژنەیەی پەرلەمانی عێراقیشدا دەنگدان ئەنجامدرابوو بۆ لێپرسینەوە لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق (نوری مالیكی) بەڵام بە جیاوازی یەك دەنگ دەنگی لەسەر نەدرابوو تاوەكو بانگ بكرێتە پەرلەمان".

 

 

" بەغدا مەترسی داعشی لەسەر نییە"

جێگری سەرۆكی پەرلەمان ئەو هەواڵانەی رەتكردەوە لە بارەی نزیكبونەوەی مەترسی داعش لەسەر شاری بەغداو گوتی:" كەوتنی ئەنبار لەم ماوەیەی دوایدا كاریگەری خراپی لەسەر دۆخی شەڕەكە دانا، بەڵام بە هاوكاری هەموولایەك توانرا سنوورێك دابنرێت بۆ ئەو دۆخەی لە ئەنبار هەیە و رێگری بكرێت لە پێشڕەوی زیاتری چەكدارانی داعش و بەشێك لەو ناوچانەشیان لێوەرگیرایەوە كەپێشتر كەوتبونە دەست ئەوانەوە".'

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە دواین كۆبونەوەی هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق لە سەرۆكوەزیران (حەیدەر عەبادی)مان بیست ئەوەیە كە بەغدا لە رووی سەربازییەوە مەترسی لەسەر نییە، بەڵام مەترسی ئەمنی هەر هەبووە و تائێستاش بەردەوامە و تەقینەوەكانی ئەم دواییەش ئاماژەن بۆ ئەوە".

 

 

"چارەسەری كێشەكانی داعش چارەسەرێكی سیاسییە"

بەرپرسەكەی پەرلەمانی عێراق پێی وایە چارەسەری سیاسی زۆربەی كێشەكانی وڵات چارەسەر دەكات:"چارەسەركردنی كێشەی داعش و كێشەكانی تریش لە عێراقدا  بریتییە لە چارەسەرێكی سیاسی ، كێشەكانی عێراق كێشەی سیاسین و سێ پێكهاتە سەرەكییەكەكە حوكمڕانی ئەم وڵاتە دەكەن و هەریەك بە مێژوو خاك و دەسەڵاتی خۆیانەوە بەڵام تا ئێستا رێككەوتنێكی سیاسی بەهێز لە نێوان ئەم پێكهاتانەدا نییە لەسەر بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق".

بۆیە ئەگەر بمانەوێت چارەسەری كێشەی داعش بكەین پێویستە چارەسەری كێشەكانی سیاسیمان بكەین كە تاوەكو ئێستا چارەسەری ئەو كێشانە بەو قوڵییە بوونی نییە و زۆر بابەت باسیان لێوە نەكراوە.

ئەو ناوچانەی داعش داگیری كردوون پێشتر كۆمەڵێك كێشەیان هەبووە و پێویستە چارەسەر بكرێن، پێویستە ئێمە خۆمان بۆ دوای داعش ئامادە بكەین كە چیمان هەیە بۆ ئەو ناوچانە و چ مۆدێلێكمان بۆ كێشەی ئەو ناوچانە هەیە، چونكە ئەو بابەتە تەنها بە رێگای سەربازی چارەسەر نابێت و ئەو شەڕەش عێراقی رووبەڕووی بەهەدەر دانێكی زۆر كردۆتەوە".

 

 

"لە كۆبونەوەكاندا باس لە بەهەرێمكردنی عێراق ناكرێت"

ئارام محەمەد باس لە پرسی بە هەرێمكردنی ناوچەكانی عێراق دەكات و دەڵێت:"لە دواین كۆبونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكەدا باسم لەوە كرد پێویستە ئەو باس و خواسانەی لە راگەیاندنەكان هەیە لەوانەش دابەشكردنی عێراق بۆ سێ هەرێم باسیان لێوە بكەین، بەڵام ئەو باسانە لە كۆبونەوەكانی رەسمی ئێمەدا باس ناكرێن و لە دەزگاكانی جیهانەوە دەیبیستین".

بوونی سێ هەرێم لە نێو وڵاتێكدا كە ناوی عێراقە بەپێی دەستوور یەكێكە لە چارەسەرەكان، پێكهێنانی هەرێمەكان ئەگەر مەبەستمان لێی فیدراڵییە و پێكهێنانی حكوومەتێكی ئیتیحادییە هەروەك زۆر وڵاتی جیهانمان هەیە ڕەنگە یەكێك بێت لە چارەسەرەكان و لە دەستووریشدا باسی لێوە كراوە.

دابەشكردنی عێراق بۆ سێ هەرێمی فیدراڵ ( سوننی ، شیعی ، كوردی)  و رێككەوتن لەسەر چۆنێتی بەڕێوەبردنی بەغدا یەكێك دەبێت لە چارەسەرەكان، هەروەها چارەسەرە بۆ ئەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتی داعشدان و ئومێدە بۆ خەڵكی ئەو ناوچانە بەوەی خۆیان ناوچەكانی خۆیان بەڕێوە دەبەن هاوشێوەی هەرێمی كوردستان".

 

 

"عەقڵیەتی بەڕێوەبردنی بەغدا مەركەزییەو مەترسیدارە"

ئەو مەترسی عەقڵیەتی بەڕێوەبردنی وڵاتەكەی نەشاردەوە كە هەمان عەقڵیەتی دەسەڵاتدارانی پێشتری وڵاتەكەیە:"تاوەكو ئێستا عەقڵیەتی بەڕێوەبردنی بەغدا بە شێوەیەكی مەركەزی یەكێكە لە عەقڵیەتە ترسناك و كوشندە و مەترسیدارەكان، كە بەهۆی ئەو عەقڵیەتەوە بەڕێوەبردنی وڵاتێكی فرە پێكهاتە و جیاواز لە رووی نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبی و مێژووییەوە یەكێكە لە پاشماوەكانی ئەو عەقڵیەتەی لە دروست بوونی دەوڵەتی عێراقەوە ئەم وڵاتەی پێ بەڕێوە براوە و وڵاتەكەی تووشی كارەساتی گەورەی مرۆیی و شەڕی نێوخۆیی گەورە كردۆتەوە و بەردەوام سەقامگیری نێوخۆیی بە خۆوە نەدیووە و بەرهەڵستی چەكداری تێدا هەبووە".

 

"چارەسەری كێشەكان لەگەڵ هەرێم لەلای بەغدایە"

 ئارام شێخ محەمەد كە لەسەر پشكی كورد پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی وەرگرتووە لە بارەی كێشەكانی هەرێم و بەغداوە دوا و گوتی:" بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی سەربەخۆ نەوت نەفرۆشێت پێویستە حكوومەتی بەغدا چارەسەری كێشەكان بكات، ئەوەندەی كە ئێمە لە پەیوەندیدان لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوان ئامادەی گفتوگۆن لەگەڵ بەغدا بۆ ئەوەی كێشەكان بەشێوەیەكی یەكجاری چارەسەر بكەن، چونكە ئەو پارەیەی حكوومەتی عێراقی رەوانەی هەرێمی كوردستانی دەكات لە بری ئەو بڕە نەوتەی دەخرێتە سەر سۆمۆ بەشی پێداویستییەكانی نێوخۆیی  ناكات و ئەو پارەیە كەمە.

پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا پەیوەندییەك نییە تەنها بریتی بێت لە پەیوەندی نێوان نەوت و پارە، بەڵكو پەیوەندی نێوان دوو پێكهاتەیە كە لەوڵاتێكدا پێكەوە دەژین و بابەتێكی سیاسییەو پێویستە چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە، تێكچوونی ئەو پەیوەندییەش تێكچوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداو دواتر تێكچوونی پەیوەندی نێوان دوو پێكهاتەیە.

كارمان كردووە بۆ ئەوەی سەرلەنوێ گفتوگۆكانی نێوان هەردوولا دەست پێبكاتەوە تاوەكو پڕۆژە یاسای بوودجە وەك خۆی جێبەجێ بكرێت، چارەسەركردنی ئەو بابەتەش لە دەست حكوومەتی بەغدایە".

 

 

"هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی توركیا گرنگی خۆی هەیە"

 

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بە گرنگییەوە باسی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی توركیای كردو گوتی:" هەڵبژاردنەكە گرنگی گەورەی هەبوو، لەوانەش تێپەڕاندنی بەربەستی دە لەسەدی هەڵبژاردنەكە لە لایەن هەدەپەوە كە ئەوەش ئاماژەیە بەوەی دەرگایەك كراوەتەوە بۆ بەشداری هێزێكی سیاسی كوردی لە سیستمی حوكمڕانی توركیادا.

توركیا دەتوانێت بەوە نموونەیەكی تەواو جیاوازتر نیشان بدات و هەنگاوێكی ئیجابییە بۆ دەوڵەتی توركیا كە بەم نەفەسە بێتە پێشەوە لە پێكهێنانی كابینەی حكوومەتیشدا بەبەشداری هەموو لایەنەكان، بە شێوەیەكی گشتی هەڵبژاردنەكە گرنگی خۆی هەیە و دەلالەتی سیاسەتی گەورەی هەیە و زۆر گرنگە بۆ توركیا كە بتوانێت پارێزگاری لەو دەستكەوتە بكات، بەم هەنگاوەش دەتوانێت وردە وردە هەنگاوی گەورەتر بۆ پێشەوە بنێت.

هەر هەنگاوێكی ئیجابی لە وڵاتانی ناوچەكەدا بە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوخۆ و سیاسی خۆیان و فەرهەم كردنی سەقامگیری سیاسی لەو دەوڵەتانەدا، كاریگەری ئیجابی لەسەر عێراق و سیستمی حوكمڕانییەكەی دەبێت، چونكە لە رووی پێكهاتەوە هەموو ئەو پێكهاتانەی لە وڵاتەكەدا هەیە درێژبونەوەیەكی قووڵیان لە رووی مێژوویی و كولتوری و ئاینی  لەگەڵ دەوڵەتەكانی دراوسێ هەیە.

هیوادارین هەموو هێزە سیاسییەكانی توركیا و حزبەكانی براوە پێكەوە بتوانن گفتوگۆ بكەن و چارەسەری سیاسی بۆ كێشەكانی خۆیان بدۆزنەوە و هەر گۆڕانكارییەك كە دەیانەوێت لە سیستمی حوكمڕانیدا بیكەن بە شێوەیە بێت پارێزگاری لە سەقامگیری سیاسی بكات" .



بەیاننامە و لێدوان

Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure