دیمانهی ئارام شێخ محهمهد لهگهڵ ههفتهنامهی (رووداو)
9/25/2015
ئارام شێخ محەمەد، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ هەفتەنامەی (روداو) باسی پاكێچەكانی عەبادی دەكات كە سێ پۆستی لە كورد سەندەوە و دەڵێت لە پۆست و پشكەكانی خۆیان لە بەغدا خۆش نابن. سەبارەت بە رێككەوتنی نەوتیی نێوان هەولێر و بەغداش دەڵێت "ئەو رێككەوتنە نەماوە و بە عەمەلی جێبەجێ ناكرێت".
رووداو: با لە یاسای پاسەوانی نیشتمانییەوە دەست پێبكەین، كورد چی لەو یاسایە دەستدەكەوێت، ئەم یاسایە زیاتر بۆ رازیكردنی لایەنی سوننە بوو، بۆچی كورد ڤیتۆی بەكارهێنا؟
ئارام شێخ محەممەد: ئێمە كۆمەڵێك تێبینیمان هەیە، گرنگترینیان ئەوەیە ئەم یاسایە كوردستان نەگرێتەوە، چونكە ئێمە پێشمەرگەمان هەیە، داواكاریی دیكەمان كە لەگەڵ سوننەكان هاوڕا بووین، ئەم هێزە لە پارێزگاكان بێت و جوڵەشی لە چوارچێوەی پارێزگاكاندا بێ، هاوكات بۆ ناوچە دابڕاوەكانیش پێویستە بە هەماهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان بێت و پارێزگاری لە رێژەی بەشداریی پێكهاتەكان بكرێت، بێجگە لەمانەش بەشێوەیەكی گشتی تێبینی لەسەر جوڵەی ئەم هێزە و مەبەستەكانی جووڵەپێكردنی هەیە. بەكارهێنانیشی تەنیا بۆ مەبەستی پاراستنی ئاسایش و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بێ، نەك ململانێی سیاسی.
قبووڵ ناكەین یاسای پاسەوانی نیشتیمانی كوردستان بگرێتەوە
رووداو: كورد تێبینی لەسەر یاسای دادگای فیدراڵیش هەیە، ترس هەیە بڕیارەكانی ئەو دادگایە بە زۆرینەو كەمینە لە دژی كورد دەربكرێن؟
ئارام شێخ محەممەد: ئەم ترسە هەیە و بۆ ئەمەش لەسەر ژمارە و چۆنیەتی بڕیارەكانی دادگاكە و ئەوەی پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە نەگەیشتووینەتە رێككەوتن و جارێ بە هەڵواسراوی ماوەتەوە.
رووداو: عەبادی چەند چاكسازییەكی راگەیاند، ئایا ئەو چاكسازیانە دەستووری بوون؟
ئارام شێخ محەممەد: چاكسازییەكان كە عەبادی ناردوونی بۆ پەرلەمان، دوای ئەوەی لە ئەنجومەنی وەزیران دەنگی لەسەر درابوو، ئەوەی ئێمەش دەنگمان لەسەر داوە بەو مەرجەی كە بگونجێت لەگەڵ دەستوور و یاساكان، واتە هەرچی لەگەڵ دەستوور نەگونجێ، جێبەجێ ناكرێ، بۆ نموونە دەسەڵاتی سەرۆكی حكومەت نییە ئەنجوومەنی پارێزگاكان هەڵبوەشێنێتەوە یاخود پارێزگار لابدات، بەڵام بە گشتی ئەوانی دیكە لەبارەی چاكسازی دوای دەنگدانی پەرلەمان رێپێدراوە بیكات.
رووداو: هەست ناكەن ئەو چاكسازییە مەبەستێكی دیاریكراوی سیاسی و تاكڕەویی مەزهەبی لە پشتەوە بێت؟
ئارام شێخ محەممەد: چاكسازی و ئەنجامدانی چاكسازی پرسێكی سیاسییە و تاوەكو ئێستاش جوڵەیەكی مەزهەبی بەدی نەكراوە، پاكێجەكانی چاكسازی هیچ بەندێكی مەزهەبیی تێدا نییە. بۆ هاووڵاتیانیش لە عێراقدا ژیان بەو شێوەیەی ئێستا لە تەحەممولدا نەماوە و كێشەی حوكمڕانیی عێراقیش كێشەیەكی سیاسییە. بەهۆی كێشە سیاسییەكانیشەوە نەتوانراوە حوكمڕانییەكی باش بێتە كایەوە، بۆیە تا چاكسازی سیاسی نەكرێ، ئەنجامدانی چاكسازی خزمەتگوزاری ئەستەمە.
لە هاوسەنگی و پۆستەكانی خۆمان لە بەغدا بێدەنگ نابین
رووداو: لەو چاكسازییە كورد چەندین پۆستی لە دەستداوە، ئایا لەو چاكسازییە بە ئامانجكردنی پێگەی كورد لە بەغدا هەیە؟
ئارام شێخ محەممەد: تائێستا پۆستەكانی كورد باڵا و خوارتر بەركەوتوون، بۆ ئەم مەبەستە ئێمە لە هەوڵی ئەوەداین هێزە كوردییەكان لەگەڵ چاودێریی پرۆسەكەدا، هەڵبەت لەگەڵ هێزەكانی دیكەش بزانین دوایین پرۆسەی تەرشیقی وزاری و حكومی بە كوێ دەگات، چونكە ئەم حاڵەتە شیعە و سوننەشی گرتووەتەوە، بەڵام وەكو پرسی هاوسەنگی بە دڵنیاییەوە ئێمە لە مەسەلەی هاوسەنگی بێدەنگ نابین.
رووداو: هەست ناكەن دوای نەمانی پۆستەكەی د.رۆژ نوری شاوێس ئامادەیی كورد لە بەغدا لاوازتر بووە و سەرقاڵبوونی كورد بە سازان و كێشەی سەرۆكایەتی بووەتە هۆی ئەوەی ئەو هەنگاوانەی عەبادی بە هەند وەرنەگیرێن؟
ئارام شێخ محەممەد: كەمكردنەوەی هەر پۆستێكی كورد كاریگەری نەرێنی هەیە و باشترە ئێمە تەواجودی زۆرمان هەبێت. بیریشت نەچێ ئەم پاكێجە لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە هاتە لای ئێمە و وەزیرە كوردەكان دەنگیان پێداوە. لەگەڵ كاك د.رۆژ چەند جارێك و بەرێگای جیاواز سەركردایەتی سیاسی كوردمان ئاگادار كردووەتەوە لەبارەی پرسی هاوسەنگی لە بەغدا و هەڵوێستی ئێمە، بەڵام بەهۆی سەرقاڵبوونی هەرێمی كوردستان بە پرسی دیكەوە، بەداخەوە وەڵاممان دەست نەكەوت.
رووداو: ئێستا تۆ و هۆشیار زێباری نوێنەرایەتی هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن دەكەن، سەرۆك كۆماریش وەكو پارێزەری دەستوور، دەكرێ زانیارییەكی متمانەپێكراو بە هاووڵاتیان بدەی كە رێككەوتنی نەوتیی نێوان هەولێر و بەغدا چی لێهات؟
ئارام شێخ محەممەد: رێككەوتنی نەوتیی نێوان هەولێر و بەغدا بە كردەیی نەماوە.
وەزیرانی كورد دەنگیان بە پاكێجەكانی عەبادی دابوو
رووداو: بۆچی بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستان نادرێت؟
ئارام شێخ محەممەد: لەبەر ئەوەی رێككەوتنەكە و یاساكە وەكو خۆی جێبەجێ ناكرێت.
رووداو: لەم چاكسازییەی عەبادی پارتی و كۆمەڵ و یەكگرتوو پۆستیان لەدەستداوە، داوای دووبارە دابەشكردنەوەی پۆستەكان دەكەن، تەنیا گۆڕان و یەكێتی پۆستیان لە دەست نەدا، چاوەڕێ دەكەن لە ئایندەدا كێشە لە نێوان فراكسیۆنە كوردستانییەكان دروست بێت؟
ئارام شێخ محەممەد: وەك گوتم ئەمە پێویستی بەبڕیاری سیاسی هەیە و ئێمە لەنێوان خۆماندا باسمان كردووە، بەڵام ئەم پرسە پێویستی بەبڕیاری سیاسی باڵاتر هەیە، وەك چۆن یەكەمجار بەشداریمان كرد لە حكومەتەكەی عەبادیدا.
رووداو: چەند جارێك لەگەڵ عەبادی كۆبوویتەوە، رای ئەو لەسەر ئەو بێ متمانەیی و كێشانەی هەولێر و بەغدا چییە؟
ئارام شێخ محەممەد: كێشەكە بریتییە لە فرۆشتن و نەفرۆشتنی نەوت و چۆنیەتی فرۆشتنەكەی، ئەمە جەوهەری كێشەكەیە و یاساكە و رێككەوتنە سیاسییەكەش هەر لەسەر ئەم بنەمایە بووە.
رووداو: رۆژانە دیدار و كۆبوونەوەت لەگەڵ دیبلۆماتانی بیانی هەیە، ئەوان بۆچوونیان لەسەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان چییە، بەو پێیەی تۆ سەر بە بزووتنەوەی گۆڕانیت و بەشێك لە قەیرانەكان پەیوەندی بە ئێوەشەوە هەیە؟
ئارام شێخ محەممەد: من لەبەغدا لە دیدار و كۆبوونەوەكانمان لەسەر هەموو ئاستەكان تەنیا باسی داواكارییەكانی هەرێمی كوردستان و مافی كورد و داواكاریی كورد لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا دەكەم، نوێنەرایەتی كورد لە بەغدا ئەوە دەخوازێت.