چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی سۆمه‌ریه
10/12/2016
له هه‌ركوێ بن سڵاوتان لێبێت بینه‌رانی به‌ڕێز ههموكاتێكتان شاد، خوای گه‌وره هه‌مو كاتێكتان پڕبكات له خۆشی و به‌خته‌وه‌ری، له‌گه‌ڵتانین بۆ پێشكه‌شكردنی زنجیره‌یه‌كی تر له به‌رنامه‌ی (گفتوگۆی تایبه‌ت)، گفتوگۆی تایبه‌ت-ی ئه‌مجاره‌مان له‌گه‌ڵ ئارام شێخ محه‌مه‌د، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران-ه.
- سڵاوت لێبێت به‌ڕێز ئارام بۆ ئامادهبونت له به‌رنامه‌كه، له سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌مدواییه‌ی بارزانیه‌وه ده‌ستپێده‌كه‌ین، خاڵێكی جێی مشت‌ومڕ هه‌یه نازانین بارزانی به سه‌رۆكی هه‌رێم ناو ببه‌ین یاخود به سه‌رۆكی وه‌فدی كوردی، ئێوه ئاگاداری ئه‌و رێكه‌وتنانه هه‌ن كه له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كاندا كراون له حكومه‌تی فیدراڵ و كوتله‌كانی تر، به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ حكومه‌ت و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، ئێوه له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ئاگاداری ورده‌كاری ئه‌و رێكه‌وتنانه هه‌ن؟
+ سه‌ره‌تا سوپاس بۆ ره‌خساندنی ئه‌م گفتوگۆیه له كه‌ناڵی سۆمه‌ریه، ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به پرسیاره‌كه‌تانه‌وه هه‌یه سه‌ردانی ئه‌مدواییه‌ی به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی بۆ به‌غداد بێگومان ئه‌و سه‌ردانه سه‌ردانێكی حیزبییه، ئه‌وه‌شی په‌یوه‌ندی به لایه‌نی دوه‌می سه‌ردانه‌كه‌وه هه‌یه، ئه‌وه هیچ زانیارییه‌كمان نییه له‌باره‌ی ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی كراون، چونكه له‌باره‌ی ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی له‌گه‌ڵ به‌ڕێز سه‌رۆكی حكومه‌ت ئه‌نجامیانداوه هیچ ئه‌ندامێكی كوردیان له ئه‌نجومه‌ن ئاگادار نه‌كردوه‌ته‌وه، بۆیه نازانین چی گوزه‌راوه، به‌هه‌مان شێوه لایه‌نی حكومه‌تی عێراقیش ئاگاداری نه‌كردوینه‌ته‌وه له هیچ ورده‌كارییه‌كی گفتوگۆكان، ئه‌وه‌ی له میدیاكان بیستومانه ئه‌وه‌یه كه ده‌رباره‌ی چه‌ند بابه‌تێكی سیاسی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی قسه‌كراوه، به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌تیش باس له ئازادكردنی موسڵ كراوه، ده‌شڵێن باس له كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا كراوه، جارێكی تریش به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت باس له‌و كێشه‌یه كراوه كه به كێشه نه‌وتییه‌كان ناوده‌برێت، له‌گه‌ڵ بابه‌تی بودجه‌و شتی تریش. به ده‌ستنیشانكراوی له‌م كاته‌دا كه فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایانی كوردستان ئه‌وانه‌ی كه موچه له هه‌رێمی كوردستان وه‌رده‌گرن ناڕه‌زاییان رێكخست و خۆپیشاندانی گه‌وره‌یان ئه‌نجامدا له سلێمانی، بێگومان وه‌ك هه‌میشه له سلێمانی ئه‌نجامدرا، به‌ڵام ئه‌مه‌ش ئه‌وه ره‌تناكاته‌وه كه ناڕه‌زایی نییه له پارێزگاكانی تر.
بێگومان ئه‌و بابه‌ته بۆ ئێمه زۆر جێی گرنگیه، چونكه بابه‌تێكه په‌یوه‌ندی به به‌شێكی گه‌وره‌ی عێراق و هه‌رێمی كوردستان هه‌یه كه ئه‌ویش به‌شێكه له عێراق، ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به ئێمه‌وه هه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته، بابه‌تی موچه به دیاریكراوی، لیژنه‌یه‌ك پێكهێنرا دوای ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانتار هوشیار عه‌بدوڵا داواكارییه‌كی پێشكه‌شكرد؛ له ئه‌نجومه‌ن به‌ندێكی تایبه‌تی دانیشتنه‌مان تایبه‌ت كرد بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌و دواتر لیژنه‌یه‌ك پێكهێنرا، لیژنه‌كه له دو لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند پێكهاتوه (لیژنه‌ی دارایی و لیژنه‌ی نه‌وت وزه) تا ببێته لیژنه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی و توانای جوڵه‌ی هه‌بێت، ده‌مه‌وێت ئاماژه بۆ بابه‌تێكی گرنگ بكه‌م، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه هه‌ر گفتوگۆ‌و قسه‌كردنێك باش و ئیجابییه، به‌ڵام قسه له‌سه‌ر هه‌ر بابه‌تێكی گرنگی به‌وشێوه‌یه بكرێت، سه‌ره‌نجام ده‌هێنرێته‌وه ناو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، چونكه ئه‌و كێشه‌یه په‌یوه‌ندی به ئێمه‌وه هه‌یه و بوه به شێك له یاسای بودجه.. له 2014 پێش ئه‌وه‌ی یاسایی بودجه بۆ 2015 په‌سه‌ند بكرێت، پێش ئه‌وه رێكه‌وتنی سیاسی هه‌بو له نێوان هه‌رێم و به‌غدا، بۆیه ئێمه ئه‌و رێكهوتنهمان گواسته‌وه بۆ ناو یاسای بودجه به‌و شێوه‌یه‌ی هه‌ردولا رێكه‌وتنیان له‌سه‌ر كردبو، وه‌ك ده‌زانن ده‌بو هه‌رێمی كوردستان رێژه‌یه‌كی دیاریكراو نه‌وت راده‌ستی به‌غدا بكات، هه‌ردولا پابه‌ندی رێكه‌وتنه‌كه نه‌بون و چه‌ند لایه‌نێكی نادیاریش هه‌بو له بابه‌ته‌كه كه ته‌مومژاوی بو. ئێمه چه‌ندجار داوامان له هه‌ردولا كرد پابه‌ندی رێكه‌وتنه‌كه بن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان‌مان كرد‌و قسه‌مان له‌گه‌ڵ كردن، له‌و دانیشتنه‌ش كه وه‌ك سه‌رۆكی كوتله كوردیه‌كان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز عه‌بادی ئه‌نجامماندا و كوتله‌كه‌ی به‌ڕێزیشی ئاماده‌بو، رێكه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه كرا لیژنه‌یه‌ك پێكبهێندرێت له په‌رله‌مانتارانی كورد‌و حكومه‌تی فیدراڵ بۆ تاوتوێكردنی ئه‌و بابه‌ته‌و ئاشكراكردنی راستییه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به بابه‌ته‌كه‌وه.
- هه‌ندێك بابه‌تی گرنگمان ئاوێته‌كرد، من له‌و هه‌وڵی ئه‌وه‌دابوم به‌ش به‌شیان بكه‌ین و هه‌ریه‌كه‌یان به جیا قسه‌یان له‌سه‌ر بكه‌ین، ئێستا به كاتی واز له‌سه‌ردانه‌كه‌ی بارزانی دێنین و قسه له‌سه‌ر بابه‌تێكی گرنگ ده‌كه‌ین كه بابه‌تی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستانه، زۆر كه‌س ده‌ڵێن ئه‌و لیژنه‌یه‌ی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران پێكهاتوه پێده‌چێت به‌ریه‌ككه‌وتنی هه‌بێت له‌گه‌ڵ چه‌ندین به‌ربه‌ستدا چونكه ئه‌و لیژنه‌یه ئه‌ركه‌كه‌ی چاودێرییه، ئایا ده‌توانێت له هه‌ولێر كاربكات، یاخود له‌وێ هه‌ندێك زانیاریی به ده‌ستبهێنێت؟
+ بێگومان به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و ده‌ستوری عێراقی ئه‌مه ده‌كرێت، چونكه ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌نجومه‌نێكی فیدراڵیه، ئه‌گه‌ر قسه له‌سه‌ر تێبینی سیاسی له‌سه‌ر ئه‌مه بكرێت ئه‌وه حیزبه سیاسیه‌كان كه خاوه‌نی چه‌ندین به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی دیاریكراون ناوه‌ستن له تێبنیدانی خۆیان به‌رامبه‌ر هه‌ر بابه‌تێك كه به ئاره‌زوی ئه‌وان نه‌بێت، به‌ڵام ئه‌مه ئه‌وه ره‌تناكاته‌وه كه ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، نوێنه‌ری گه‌له‌و پێویسته رۆڵی خۆی جێبه‌جێ بكات وه‌ك چۆن له یاسادا هه‌یه، چونكه له یاسا‌و په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌ماندا هاتوه ئه‌وه‌یه كه ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌توانێت لیژنه‌ی به‌دواداچون دروستبكات و تاوتوێی ئه‌و بابه‌ته گرنگانه بكات كه په‌یوه‌ندیدارن به ژیانی خه‌ڵكه‌وه له هه‌ركوێی عێراق بێت.
- ئه‌و لیژنه ده‌توانێت كاره‌كانی خۆی له‌م دۆخه سیاسیه‌دا ته‌واوبكات؟
+ بابه‌ته‌كه په‌یوه‌ندی به ره‌شبینی و گه‌شبینیه‌وه نیه، بابه‌ته‌كه په‌یوه‌ندی خه‌ڵكه‌وه هه‌یه، بۆیه پێویسته ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بجوڵێت و هه‌وڵه‌كانی خۆی بخاته گه‌ڕ له‌و بواره‌داو راستیه‌كانی هه‌ر بابه‌تێك كه‌شف بكات؛ نه‌ك ته‌نها ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به هه‌رێمه‌وه هه‌بێت، پێشتریش چه‌ند لیژنه‌یه‌كمان دروستكردوه بۆ چه‌ند بابه‌تێك وه‌ك كێشه‌ی ئاواره‌كان و ته‌قینه‌وه‌كه‌ی كهڕادهو كێشه‌ی سهقلاویهو كوشتاری سپایكه‌ر... بابه‌تی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمیش به ده‌نگدان له‌ناو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران لیژنه‌كه‌ی بۆ دروستكراوه‌و بابه‌تێكی گرنگه‌و ئه‌وه‌ی پێویسته ئه‌وه‌یه ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بجوڵێت، ناكرێت بێده‌نگ بێت و سه‌یری ئه‌وه بكات كه له شه‌قامی عێراقی و له‌ناویشیدا ئه‌وه‌ی له هه‌رێمیی كوردستان ده‌گوزه‌رێت.
- به‌پێی دزه‌ی هه‌ندێك زانیاریی بۆ ناو میدیاكان له‌نێوان دوای سه‌ردانه‌كه‌ی بارزانی رێكه‌وتنێك له‌نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵی هاتوه‌ته ئاراوه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه حكومه‌تی ئیتیحادی مانگانه 550 ملیۆن دۆلار بدات به هه‌رێمی كوردستان تا سه‌ری ساڵی نوێ، دواتر هه‌ردولا بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر رێكه‌وتنه كۆنه‌كه كه وه‌رگرتنی ده‌ستكه‌وتی 550 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی هه‌رێمه له رۆژێكدا، پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر ئه‌م رێكه‌وتنه سه‌ربگرێت، هه‌مان رێكه‌وتنه‌كه‌ی دوساڵ یان دو ساڵ و نیو له‌مه‌وبه‌ره، بۆچی هه‌ردولا ئه‌م ماوه زۆره دواكه‌وتن له جێبه‌جێكردنی و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان باجه‌كه‌ی دا‌و ئێستاش گه‌ڕانه‌وه سه‌ر هه‌مان بژارده، هۆكاری ئه‌مه چی بو؟
+ده‌كرێت ئه‌م پرسیاره له هه‌ردولایان بكرێت، من ناتوانم وه‌ڵام بده‌مه‌وه.
- به‌پێی ئه‌و پێگه‌ی به‌ڕێزتان هه‌تانه به‌ربه‌سته‌كان سیاسی بون یان ئیداری بون؟
+ به‌وپێیه‌ی من ئه‌ندامی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانم و نوێنه‌رایه‌تی په‌رله‌مان ده‌كه‌م، به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی و راشكاوانه قسه ده‌كه‌م، ئێمه یاسای بودجه‌مان هه‌بو، ده‌نگی له‌سه‌ر دراو ئه‌و به‌نده‌ی په‌یوه‌ندی به رێكه‌وتنه‌كه‌وه هه‌بو جێبه‌جێ نه‌كرا وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌بو، یان وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌بو جێبه‌جێ بكرێت، ئه‌وه‌ی پێویست بو له‌سه‌ر هه‌ردولا ده‌بو ئه‌و به‌نده له یاساكه جێبه‌جێ بكه‌ن. ئه‌وه‌ش كه په‌یوه‌ندی به لایه‌نی سیاسیه‌وه هه‌یه ده‌بێ پرسیار له هه‌ردولایان بكرێت. ئێمه هیواده‌خوازین بگه‌ینه رێكه‌وتنێكی دیاریكراو، ئه‌مه‌ش له‌به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستانه، ئه‌مه نه له‌به‌ر خۆشه‌ویستی كه‌سه‌و نه رقه له‌كه‌س، ئه‌وه‌ی به‌لای ئێمه‌وه گرنگه هاوڵاتیانه، هه‌تا زوتر نزیك ببینه‌وه له چاره‌سه‌ری كێشه‌كان نه‌ك كێشه‌ی هه‌رێم و به‌غدا به ته‌نها، به‌ڵكو كێشه‌كانی به‌غدا له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی تریش به‌لامانه‌وه گرنگه، چونكه پارێزگاكانی تریش كێشه‌یان هه‌یه‌و له‌ناو سه‌رجه‌م جومگه‌كانی ده‌وڵه‌ت كێشه هه‌یه، هه‌ركاتێكیش لایه‌نه ناكۆكه‌كان له چاره‌سه‌ری كێشه‌كان نزیكببنه‌وه ئه‌وه كارێكی باشه، ئێمه ده‌خوازین كێشه‌كان چاره‌سه‌ربن، به‌ڵام هیچ زانیارییه‌كمان له‌سه‌ر ئه‌وه نیه قسه‌ی له‌سه‌ر كراوه، به‌ڵام زوبێت یان دره‌نگ ئه‌م كێشه‌یه دێته په‌رله‌مان، چونكه ئابوری عێراق به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌سه‌ر نه‌وت بونیادنراوه، كاتێك نه‌وته‌كه ده‌فرۆشرێت ده‌كرێت به پاره‌و پاره‌كه‌ش به‌پێی یاسا رێكده‌خرێت و ناوی یاسای بودجه‌ی لێده‌نرێت، بۆیه زو بێت یان دره‌نگ ئه‌و بابه‌ته دێته ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران.
- ئه‌وه‌ی له روی سیاسیه‌وه په‌یوه‌ندی به‌و سه‌ردانه‌ی بارزانیه‌وه هه‌یه، به‌ڕێزت باست له‌وه‌كرد كه سه‌ردانه‌كه حیزبیه، ئه‌گه‌ر سه‌یری وه‌فده‌كه بكرێت نوێنه‌ری حیزبه جیاوازه‌كان ده‌بینیت تێیدا؟
+ نا نوێنه‌ری هه‌مو حیزبه‌كانی تیانه‌بو.
- ته‌نانه‌ت نوێنه‌ری یه‌كێتی نیشتمانی تێدابو كه هاوپه‌یمانی ستراتیژی ئێوه‌یه له سلێمانی؟
+ ئه‌م بابه‌ته له‌گه‌ڵ برایانی یه‌كێتی باسكراوه، رێكه‌وتنه‌كه‌ی یه‌كێتی و گۆڕان هێشتا له‌سه‌ره‌تادایه، بۆیه چه‌ند بابه‌تێك هه‌یه كه پێویستیان به كاراكردن هه‌یه له نێوان هه‌ردو حیزب‌دا، ئه‌مه وه‌ڵامی لایه‌نێكی پرسیاره‌كه‌ت. لایه‌نی دوه‌میش وه‌فده‌كه له‌روی حیزبیشه‌وه كه‌موكوڕی هه‌بو، دو حیزبی سه‌ره‌كی كه گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامیه تێیدا بهشدارنهبو، كۆمه‌ڵی ئیسلامیش تێبینی خۆیان هه‌بو، له ورده‌كاری سه‌ردانه‌كه‌و كۆبونه‌وه‌كان ئاگادارنهكرابون، چونكه سه‌ردانه‌كه كتوپڕبو. (12:14)
_ یه‌كه‌مجار به‌ڕێز حه‌یده‌ر عه‌بادی به بارزانی وت سه‌رۆكی وه‌فدی كوردی، نه‌یوت سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، تۆ جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنهرانیت، له‌روی یاساییه‌وه ئه‌و وه‌سفه‌ی عه‌بادی دروستبو؟
+ له‌روی یاساییه‌وه به‌ڵێ، له‌وه‌یه راست نه‌بوایه ئه‌گه‌ر به‌ناوی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه ناوی بهێنایه، چونكه خودی مه‌سعود بارزانی-ش خۆی به سه‌رۆكی هه‌رێم ناونابات، تا ئێستا له وتارێكدا یان له‌سه‌ر ته‌له‌فزیۆن نه‌مانبینوه بڵێ هێشتا من سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان‌م، چونكه به‌پێی ئه‌و یاسایه‌ی له په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رچوه كه به یاسای ژماره (1) له 2005 ده‌ركراوه ویلایه‌ته‌كه‌ی ته‌واوبوه، به‌پێی ئه‌و یاسا ده‌توانێت دو ویلایه‌ت بمێنێته‌وه، بۆ ماوه‌ی دو ساڵیش ویلایه‌ته‌كه‌ی درێژكرایه‌وه‌و له ساڵی 2015ش ئه‌و ویلایه‌ته‌ی ته‌واوبو، ئه‌و بۆخۆی نه‌ك هه‌ر باوه‌ڕی به‌وه نییه كه سه‌رۆكی هه‌رێمه، به‌ڵكو له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه ده‌ریچه‌یه‌ك بدۆزرێته‌وه بۆئه‌و قه‌یرانه‌ی كه ناوی قه‌یرانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی لێنراوه، تا ئه‌وكاته‌ش ئه‌و به‌دوای ده‌ریچه‌یه‌ك بۆ ده‌رچون له قه‌یرانه‌كه بگه‌ڕێت، به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ مانای ئه‌وه‌یه كه ئه‌و باوه‌ڕی به‌وه هێناوه سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان نییه.
- به‌پێی پێگه‌كه‌ت له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، له‌روی ده‌ستورییه‌وه مافی ئه‌وه‌تان هه‌یه ده‌ستوه‌ر بده‌نه چاره‌سه‌ری ئه‌و بابه‌ته كاتێك كه په‌رله‌مانی كوردستان په‌كخراوه؟
+ ئێمه په‌یڕه‌وی ناوخۆمان هه‌یه له ئه‌نجومه‌ن كه یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه له‌نێوان ئێمه و له نێوان كوتله‌كان و غه‌یری ئه‌وانیش، به‌ڵی پێویسته ئه‌و بابه‌ته بخرێته‌ڕو، خراویشهڕو، به‌ڵام بابه‌ته‌كه بۆخۆی په‌یوه‌ندیداره به یاساوه، تا ئه‌وكاته‌ش به‌پێی ده‌ستوری عێراق هه‌رێمی كوردستان تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌بێت، پێده‌چێت كه‌سێك هه‌بێت سكاڵابكات له دادگای فیدراڵی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئایا ئه‌و بابه‌ته ده‌چێته ناو كاری ئه‌نجومه‌نه‌وه یان نا.. ئه‌م كێشه‌یه له‌سه‌ره‌تاو كۆتاییدا پێویسته له‌ناو په‌رله‌مانی كوردستان چاره‌سه‌ر بكرێت، چونكه كێشه‌كه به‌ده‌ر له‌وه‌ی سیاسییه، كێشه‌یه‌كی قانونیهو پێویسته به ده‌ریچه‌یه‌كی قانونیی یان جێگره‌وه‌یه‌كی قانونی چاره‌سه‌ر بكرێت، له په‌رله‌مانی كوردستان هه‌وڵ هه‌بو بۆ ئه‌وه‌ی قانونی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم هه‌مواربكرێت، به‌ڵام كۆتایی نه‌هات و ئه‌وه رویدا كه رویدا له ئۆكتۆبه‌ری 2015. بۆیه له هه‌مو حاڵه‌تێكدا پێویسته كێشه‌كه به یاسا چاره‌سه‌ر بكرێت.
_ له‌سه‌ر رێكه‌وتنی نه‌وتی هه‌رێم و به‌غدا، هه‌ندێك كه‌س سه‌ركۆنه‌ی ئێوه ده‌كه‌ن وه‌كو كوتله كوردییه‌كان، ئیتر گۆڕان بێت یاخود یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان جگه له پارتی، ده‌وترێت هه‌ر كێشه‌یه‌ك له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا رویدابێت، هه‌رپێنج حیزبه‌كه‌تان كۆده‌بنه‌وه‌و پاساو دێننه‌وه بۆ هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا تاوانبار ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌نجام ده‌ركه‌وت كه حكومه‌تی هه‌رێم سه‌رپێچی ئه‌نجامداوه، پێتانوایه ئه‌و روماڵه سیاسیانه‌ی كردوتانه جێگه‌ی سه‌رزه‌نشته؟
+ ئێمه روماڵمان نه‌كردوه به هیچ شێوه‌یه‌ك، وه‌ك خۆشم قسه ده‌كه‌م، له‌ماوه‌ی ئه‌م دوساڵه‌دا كه له ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی بوم هیچ كارێكی وام نه‌كردوه..
- پێشتریش ده‌ڵێم كه گۆڕان به‌شێك بو له كۆی پارته‌كانی تر؟
+ نا، تۆ بابه‌ته‌كه‌ت گۆڕی بۆ بابه‌تی ته‌واو سیاسی..
- ئه‌مه‌ش به‌شێكه له‌كاره‌كه‌ی ئێمه‌و كاری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران..
+ كێشه نیه، وه‌ڵامم هه‌یه؛ من قسه‌م له‌سه‌ر ئینتمای شه‌خسی نیه، كاتێك كه‌سێك شوێنه‌كه‌ی ده‌گۆڕێت، یان ئینتیمای ده‌گۆڕێت له حیزبێكه‌وه بۆ حیزبێكی تر، ناكرێت له‌سه‌ر ئه‌وه لێپێچینه‌وه له‌گه‌ڵ بكه‌یت، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له 2009 دروستبوه، پێش ئه‌و رێكه‌وته ئێمه وه‌كو قه‌واره‌یه‌كی سیاسی به‌رپرس نین. من وه‌ك یه‌كێك له دامه‌زرێنه‌رانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، بزوتنه‌وه‌كه گوزارشته له بزوتنه‌وه‌یه‌كی ئاوێته كه ئاراسته‌ی سیاسی جیاوازی تێدایه‌و كه‌سایه‌تی دیاری تێدایه، گه‌نجی تێدایه، توێژی به ته‌مه‌نی تێدایه، راگه‌یاندكار و چالاكوانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و نوسه‌ر و رۆژنامه‌نوسی به‌ناوبانگی تێدایه.. من وه‌ك خۆم چالاكوانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی بوم، پێشتر سه‌ر به یه‌كێتی نیشتمانی نه‌بوم هه‌رچه‌ند له سیاسه‌تیشدا كارم كردوه، ئێستاش لێره‌م ئه‌ندامی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران-م. له‌به‌رئه‌وه ئێمه به‌رپرسیاریه‌تی ئه‌وه‌ی رویداوه هه‌ڵناگرین، ته‌نانه‌ت له روی یاساییهشهوه پێش دامه‌زراندنی، هیچ حیزبێك به‌رپرس نییه له‌وه‌ی رویداوه، ئێمه له 2009 وه تا 2013 ئۆپۆزسیۆن بوین، له 2010ش كه هاتوینه‌ته ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران وه‌ك كوتله، به‌شدارنه‌بوین له حكومه‌ت، ته‌نها له‌م خوله‌دا به‌شدارین.
- به‌وپێیه‌ی باس له بزوتنه‌وه‌یه‌كی حیزبی ده‌كه‌ین، له 2012 بۆ 2013 ئه‌وكاته ئێوه به‌شێك بون له ئیئتلافی كوتله كوردستانییه‌كان، ته‌نانه‌ت له كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كان نوێنه‌رتان به‌شداری ده‌كرد؟
+ من باس له بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌كه‌م كه له 2010وه هاتوه‌ته ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، له‌روی یاساییهشهوه قسه ده‌كه‌م، به‌وشێوه‌یه قسه‌ده‌كه‌م كه هه‌یه، نه‌ك به‌وشێوه‌یه‌ی كه گریمانه‌ی بكه‌ین، یان شیكاری بۆبكه‌ین، یه‌كه‌م كوتله له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له 2010وه وه‌ك گۆڕان خۆی راگه‌یاندوه‌و ئه‌وكاته‌ش كوتله‌كه به‌شێك نه‌بوه له هاوپه‌یمانی كوردستانی. ئێمه واناسرابوین كه به ده‌نگێكی دلێر قسه‌مان كردوه‌و به‌رگری سه‌رسه‌ختمان كردوه له به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتیان.
- با پرسیاره‌كه‌م رێكبكمهوه، كوتله كوردستانییه‌كان به گشتی به‌بێ ناوهێنان له سه‌نگه‌رێكدا بهرگریكاربون له حكومه‌تی هه‌رێم له‌و رێكه‌وتنه نه‌وتییه‌ی كرا، دواتر بۆتان ده‌رنه‌كه‌وت كه ئه‌و سهنگهرگرتنهتان ویژدانی تێدا ره‌چاو نه‌كراوه به‌وپێیه‌ی پێشێلكارییه‌كان له هه‌ردولاوه رویاندا؟
+ مه‌به‌ستت كام پێشێلكارییه؟
- به قاچابردنی نه‌وت به رێگای نایاسایی به به‌رچاوی خه‌ڵكه‌وه!؟
+ ئێمه داوای ئه‌وه‌مان كردوه‌و به‌رده‌وامیشین له‌سه‌ری، بوێرانه‌و به ئاشكرا وه‌ستاوینه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سه‌ی كاروباری كۆمه‌ڵگای به‌لاوه گرنگه، پشتیوانی ئه‌و كه‌س و لایه‌نه ناكه‌ین پابه‌ندی یاسا نییه، هه‌ڵوێستی ئێمه له‌و روه‌وه رون و ئاشكرایه.
- ئه‌و شێوازی ناڕه‌زاییانه چی بون وه‌ك گۆڕان له‌به‌رامبه‌ر هه‌ڵسوكه‌وتی پارته‌كان له هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامتانداوه كاتێك كه رێكه‌وتنه دولایهنهكانیان پێشێلكردوه، چونكه ئه‌و پێشێلكارییانه راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به ژیانی خه‌ڵكه‌وه هه‌بوه؟
+ ئێمه هیوائهخوازین ئه‌و جوڵانه له‌سه‌ر ئاستی به‌غداش هه‌بێت، به‌ڵام تا ئێستا جگه له قسه هیچمان نه‌بینیوه، پێویستمان به هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كی جدی هه‌یه، ده‌بێ كه‌مێك چاوه‌ڕێ بكه‌ین تا بزانین ده‌توانین چی بكه‌ین. بشمانه‌وێت یان نه‌مانه‌وێت بابه‌ته‌كه خۆی دێته به‌رده‌ستمان، چونكه ماده‌یه‌ك هه‌یه په‌یوه‌ندیداره به‌م بابه‌ته‌وه، ئێمه له ئێستادا چاوه‌ڕوانی حكومه‌ت ده‌كه‌ین تا ئه‌و نوسخه‌یان بۆ بنێرێت.
_ با واز له هه‌رێمی كوردستان بێنین و بێینه سه‌ر رۆڵی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، واوترا كه به‌شێك له‌سه‌ردانه‌كه‌ی بارزانی بۆ پێكهێنانی هاوپه‌یمانی نوێیه له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ی كه به هاوپه‌یمانی 158 ناسراوه كه به ئاراستی لێپێچینه‌وه له حكومه‌ت ده‌ڕوات؟
+ من ده‌مه‌وێت رونی بكه‌مه‌وه كه ئه‌و كێشه‌یه هه‌وڵێكه بۆ شێواندنی روخساری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، چونكه ئه‌وه هه‌ڵسوكه‌وتی راسته‌قینه‌یه، وه ده‌بو له‌سه‌ره‌تای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه له 2005وه به‌وشێوه‌یه مامه‌ڵه بكات كه ئێمه كردومانه له‌م ماوه‌یه‌ی دواییدا، به‌پێچه‌وانه‌وه هاوڵاتیان به‌رده‌وام سهرزهنشیتیان كردوین له‌سه‌رئه‌وه‌ی گوایه سه‌یری ئه‌وه‌مان كردوه كه له‌سه‌ر شه‌قامی سیاسی و ئیداری گوزه‌راوه، بۆیه كاتێك كه ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌جوڵێت تۆمه‌تی سیاسی دروستده‌كرێت و هه‌وڵده‌درێت وێنه‌ی ئه‌نجومه‌ن بشێوێندرێت، ئه‌وه به‌رپرسیاریه‌تی منه به‌رگری له هه‌مو په‌رله‌مانتاران بكه‌م بێ گوێدانه هه‌ر ئینتیمایه‌كی سیاسی به‌وانه‌شه‌وه كه پشتیوانی ئه‌وه ده‌كه‌ن لێپێچینه‌وه له فڵان و فڵان بكرێت یان نایه‌وێت لێپێچینه‌وه له فڵان و فڵان بكرێت. باسی ئه‌وه‌مان كرد هاوڵاتیان سه‌رزه‌نشی ئه‌نجومه‌نیان ده‌كرد بۆچی بێده‌نگه له‌سه‌ر موچه‌و پاسه‌وان و ئیمتیازات، له‌روی سیاسییه‌وه ئه‌و هه‌وڵانه‌ی ده‌درێن بۆ تێكدانی شێوه‌ی ئه‌نجومه‌ن، هه‌مویان رێكخراوبون، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه ئه‌نجومه‌ن به‌رپرسیار نیه له گرێبه‌ست و پرۆژه‌كان، وه‌ك له شه‌قامی عێراقیدا ده‌وترێت "هه‌مو دزه‌كان له وهزارهتهكاندان به‌ڵام ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به ئامانج ده‌گیرێت" هه‌ڵبه‌ت لێره‌دا من مه‌به‌ستم حكومه‌ت نییه، ئه‌مه‌ش حاڵه‌تێكی ئاسایی نییه‌و پێویسته ئێمه‌ش هه‌ڵوه‌سته‌مان هه‌بێت، جابۆیه ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ر ئه‌وه‌ی ناوی بیرۆكه‌ی 158ی لێنراوه، نه‌خێر هیچ رێكه‌وتنێكی كۆنكرێتی نییه له‌ناو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كه ئه‌و ژماره ئاماده‌ن و هه‌ركه‌سێكیان بوێت لێپێچینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن، ئێمه بیستومانه له‌و وه‌زیرانه‌ی كه متمانه‌یان لێوه‌رگیراوه‌ته‌وه كه پیلانگێڕی هه‌یه له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و هه‌وڵده‌درێت بۆ روخانی حكومه‌ت، ئه‌مه راست نییه. من بۆ تۆی ته‌ئكید ئه‌كه‌مه‌وه كه وه‌زیرێك بێته ئه‌نجومه‌ن و لێپێچینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت، ئه‌گه‌ر توانی ئه‌نجومه‌ن قه‌ناعه‌ت پێ بكات كه هیچ گومانێكی له‌سه‌ر نییه، ئه‌وه ئه‌سته‌مه متمانه‌ی لێوه‌ربگیرێته‌وه..
- ده‌وترێت سه‌نگی مه‌حه‌ك لای كوتله‌كان روانگه‌ی سیاسییه‌و جوڵه‌ی تۆڵه‌ئامێزه..؟
+ من ئه‌م بیرۆكه‌یه به هه‌ڵه ده‌بینم و ناقانونی و نایاساییه‌و دژی ئیراده‌ی ئازادی په‌رله‌مانتارانه، هه‌ندێك كه‌س جوڵه‌كانی ئه‌نجومه‌ن به زیاده‌ڕه‌وی و سته‌م ده‌ده‌نه قه‌ڵه‌م، نه‌خێر ئه‌مه راستییه و مافێكی ده‌ستورییه، حه‌ق و راستیش به‌ش به‌ش ناكرێت، ئه‌وه سته‌م نییه ئه‌گه‌ر بخرێته چوارچێوه‌ی ده‌قێكه‌وه به ماف بناسێنرێت، ناكرێت له ده‌سه‌ڵاتدا بڵێیت با پیاده‌ی ئه‌مه‌نده ماف و راستی بكه‌ین و واز له به‌شه‌كه‌ی تر بهێنین. ئه‌م مافه هه‌یه یان نییه، بێگومان هه‌یه، لێپێچینه‌وه‌ش مافێكه به‌پێی ده‌ستور ده‌سته‌به‌ركراوه..
- مه‌به‌ست له روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی چییه، خۆ گه‌نده‌ڵی له‌و دو وه‌زاره‌ته‌دا نییه و دوێنێ نه‌هاتوه تابیرمان بكه‌وێته‌وه‌و رۆڵی خۆمان بگێڕین..؟
+ یه‌كێك له هۆكاره‌كانی بڵاوه‌كردنی گه‌نده‌ڵی له هه‌مو جیهاندا به‌پێی بنه‌ما دیموكراتییه‌كان، یان هه‌وڵی ده‌سه‌ڵاتی راپه‌ڕاندن بۆ گه‌نده‌ڵی، بریتییه له نائاماده‌یی ده‌سه‌ڵاتی راسته‌قینه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، كاتێك كه په‌رله‌مان كاری خۆی ده‌كات به‌وشێوه‌یه‌ی كه پێویسته و ده‌بێ رۆڵی خۆی بگێڕێت، ئێمه له یاسا و ده‌ستور ده‌رنه‌چوین، مافی خۆمان پیادهكردوه وه‌ك ئه‌وه‌ی له ده‌ستوردا هه‌یه.
- تۆ مافی خۆت پیاده بكه‌یت ئه‌مه كه‌س قسه‌ی له‌سه‌ر نییه، به‌ڵام ئه‌م مافه وهرچهخێنیت بۆ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه، ئه‌وه خاڵێكی تره، با وای دابنێین ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به ئاراسته‌ی دژایه‌تی گه‌نده‌ڵی هه‌نگاوی ناوه، ئایا ئه‌و وه‌زیرانه‌ی كه پشتیوانی سیاسیان هه‌یه، ده‌كرێت بهێنرێن بۆ لێپێچینه‌وه‌و ده‌ستیان پێ لهكاربكێشرێتهوه؟
+ وترا كه ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران زاتی ئه‌وه‌ی نییه متمانه له وه‌زیری به‌رگری وه‌ربگرێته‌وه، كه رێزم بۆی هه‌یه و كێشه‌كه‌ی تاكه‌كه‌سی نییه، به‌ڵام متمانه‌ی لێوه‌رگیراوه، دواتر به هه‌مان شێوه ئه‌نجومه‌ن به‌وه تۆمه‌تباركرا كه ئه‌سته‌مه متمانه له هوشیار زێباری وه‌ربگرێته‌وه، ئه‌ویش متمانه‌ی لێوه‌رگیرایه‌وه، وترا هه‌رچی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بینێرێته ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ته‌نها ده‌ستی بۆ به‌رزده‌كرێته‌وه.. به‌ڵام ئه‌م قاعیده‌یه گۆڕا، سه‌رۆك وه‌زیران دو كاندیدی هێنا بۆ پۆستی وه‌زیری بازرگانی، به‌ڵام قه‌ناعه‌تیان پێنه‌كراو ده‌نگیان پێنه‌درا، به‌ڵام وه‌زیری گواستنه‌وه متمانه‌ی پێدرا، وه‌زیری خوێندنی باڵا به هه‌مان شێوه متمانه‌ی پێدرا، وه‌زیری سامانه ئاوییه‌كان، وه‌زیری نه‌وتیش به هه‌مان شێوه، بۆیه پێویسته له‌م شیكاركردنانه دوربكه‌وینه‌وه، من پێموایه كه پرۆسه‌ی سیاسی له گۆڕاندایه، دۆخی سیاسیش گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتوه، ئێمه وه‌ك ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران خاوه‌نی دهستكهوتین له پاكێجه‌كانی چاكسازی، هه‌ر بۆزانیاری خۆت چۆن هاتبو پاكێجهكان به‌وشێوه‌یه رۆشت یه‌ك وشه‌یان لێنهگۆڕدرا، له هۆڵی ده‌ستوری تاوتوێمان كرد‌و منیش قسه‌م له‌سه‌ری كرد‌و له سایتهكهشمان هه‌یه، وه‌ك وتم وشه‌یه‌كمان لێنهگۆڕی و قبوڵمان كرد‌و وه‌ك چۆن هاتبو به‌وشێوه‌یه ده‌نگمان پێدا، كاتێكیش كه نوێنه‌ری كوتله‌كان له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران تێبینیان هه‌بو، وه ده‌یانوت فڵان وه‌زاره‌تتان بۆلابرد، من پرسیارم له وه‌زیره‌كان كرد كه خۆتان له‌وێ بون و بابه‌ته‌كه له‌به‌رده‌م خۆتاندا خراوه‌ته‌ڕو، دواتر كه بابه‌ته‌كه دێته په‌رله‌مان و په‌یوه‌ندی به پاسه‌وان و موچهكانمانهوه هه‌یه چۆن ده‌نگی له‌سه‌ر ناده‌ین، بۆیه زۆر بوێرانه ده‌نگمان له‌سه‌ردا. دواتریش كێ بیرۆكه‌ی ده‌ستكاریكردنی وه‌زاره‌ته‌كانی هێنا، سه‌رۆك وه‌زیران هێنای، ئێمه‌ش هه‌ماهه‌نگیمان له‌گه‌ڵدا كرد‌و به‌و شێوه‌یه‌ی داوامان لێكرا ده‌نگمان له‌سه‌ردا.
- من له به‌ڕێز عه‌بادیم بیست، وتی مه‌عقول نییه ئێمه له حاڵه‌تی شه‌ڕداین وه‌زیری به‌رگری ده‌ستی پێ لهكاردهكێشرێتهوه، له قه‌یرانی داراییداین و خه‌ریكی دانوستانین له‌گه‌ڵ سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی، كه‌چی متمانه له وه‌زیری دارایی وه‌رده‌گیرێته‌وه، له‌م ده‌سته‌واژانه‌دا لایه‌نێكی لۆژیكی تێدا نابینن؟
+ نه‌خێر.
- چۆن؟
+ ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ر بیرۆكه بنه‌ڕه‌تیه‌كه؛ ئێمه وه‌ك ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران رۆڵی خۆمان ده‌گێرین، وه‌ك وتم ئه‌م مافه‌شمان له ده‌ستور وه‌رگرتوه، شتێك نیه بڵی واز له‌م مافه‌ت بێنه تا ئه‌وكاته‌ی من ئاره‌زوم لێیه‌تی، بۆیه پێویسته ده‌ستور جێبه‌جێ بكرێت..
- به‌ڵام ده‌كرێت دۆخه‌كه ره‌چاو بكرێت..
+ راستیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران تۆمه‌تبار ده‌كرێت به‌وه‌ی ره‌چاوی فڵان و فڵان ده‌كات، فڵان كوتله بۆ فڵانه شت ده‌ست به‌رز ده‌كه‌نه‌وه بۆ فڵانه شت ده‌ست داده‌گرن، قسه‌كردن له‌سه‌ر پیلانگێڕی به‌س له وڵاته دواكه‌وتوه‌كاندا هه‌یه كه هه‌میش پیاده‌كردنی بنه‌ما دیموكراتییه‌كان به پیلانگێڕی ناوده‌برێن. وتیان ئه‌گه‌ر وه‌زیری به‌رگری متمانه‌ی لێوه‌ربگیرێته‌وه شه‌رگات و فڵان و فڵان شوێن ئازادناكرێت، یان وتیان كێشه ده‌كه‌وێته گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی، براكه‌م عێراق وه‌ك ده‌وڵه‌ت دانوستان ئه‌كات، ئه‌مه كێشه‌یه‌كی شه‌خسی نییه، بڕۆ له لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مان بپرسه نوسخه‌ی دانوستانه‌كانیان له‌گه‌ڵ سندوقی دراو لایه كه چۆن ده‌كرێت، ئه‌وان گره‌نتیان هه‌یه، بۆ هه‌شت ساڵ، ده‌ساڵ، پانزه ساڵ، ده‌كرێت وه‌زیر بمێنێته‌وه تا ماوه‌ی رێكه‌وتنه‌كه ته‌واو ده‌بێت. ئه‌گه‌ر شتێكی له‌وبابه‌ته هه‌بێت ئه‌وه گفتوگۆ ده‌كرێت له نێوان ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران. من بۆخۆم له یه‌كێك له كه‌ناڵه كوردییه‌كان ئه‌وه‌م وت كه هوشیار زێباریم بینیوه پێش لێپێچینه‌وه له‌گه‌ڵ كردنی و پێموتوه شتێكی وات له‌سه‌ره، ئه‌ویش وتی بابڕوات زۆر ئاساییه‌و هیچ گرنگییه‌كی به پرۆسه‌كه نه‌دا.. دواجار ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیش خۆی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی به‌ده‌سته‌و كه‌س ناتوانێت شتی به‌سه‌ردا بسه‌پێنێت، دواتریش هه‌ركه‌س و لایه‌نێك ئه‌و قسانه ده‌كات، پێویسته له پێشكه‌شكردنی كاندیده‌كانیان بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پۆسته به‌تاڵه‌كان دوانه‌كه‌وێت، پێویسته سه‌رۆك وه‌زیران له زوترین كاتدا ناوه‌كان بنێرێت بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران تا پۆسته‌كان پڕبكرێنه‌وه.
- بۆ ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی كه ئاراسته‌ی ئه‌نجومه‌ن ده‌كرێن، چه‌ند سه‌ره‌تایه‌ك هه‌یه، وه‌ك سه‌ردانی به‌ڕێز نوری مالیكی و حه‌نان فه‌تلاوی بۆ سلێمانی و چاوپێَكهوتنیان له‌گه‌ڵ هه‌ندێك حیزب، پارتی دیموكراتی كوردستانیش ده‌ڵێت پیلانێك له ئارادایه بۆ په‌راوێزخستنی پارتی به هاوكاری چه‌ند پارتێكی كوردی و عه‌ره‌بی؟
+ یه‌كه‌م شت مه‌سه‌له‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی به‌ڕێز نوری مالیكی بۆ سلێمانی بۆ پیرۆزبایی كردن له رێكه‌وتنه‌كه‌ی گۆڕان و یه‌كێتی بو، به هیچ شێوه‌یه‌ك باسی هاوپه‌یمانی دروستكردن نه‌كراوه، هه‌ركه‌سێكیش ئه‌وه بڵێت ئه‌وه خه‌یاڵ پڵاوی كردوه، ده‌توانێت له به‌ڕێز مالیكی-ش بپرسن، هه‌رگیز باس له‌وه نه‌كراوه لیستێك هه‌بێت بۆ ده‌ستله‌كارپێكێشانه‌وه‌ی چه‌ند به‌رپرسێك یان روخاندنی حكومه‌ت، ئه‌م قسانه هیچ راستیه‌كیان تێدا نییه‌و خودی پیلانگێڕیش ئه‌مه‌یه كه ئه‌و قسه‌یه ده‌كرێت. ئه‌وه‌ی كه ئه‌م خه‌یاڵه ده‌كات دو خوێندنه‌وه‌ی لێده‌كرێت؛ یه‌كه‌م له‌وانه‌یه ئه‌جێندای تایبه‌ت به خۆی هه‌بێت و بیه‌وێت كاری له‌سه‌ر بكات، یان پێده‌چێت به هه‌ڵه تێگهبشتبێت، هیوادارین دوه‌میان بێت، چونكه كاك نه‌وشیروان كاتێك به‌ڕێز مالیكی بینی ته‌نها خۆی نه‌بو، هیچ كۆبونه‌وه‌یه‌كی دوقۆڵیش نه‌كرا، سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی و گۆڕان-یش له‌وێ بون، سه‌باره‌ت به به‌ڕێز فه‌تلاوی-ش هاوڵاتیه‌كی عێراقیه‌و رۆژانه هاوڵاتیانی عێراق دێنه سلێمانی، حامید موتڵه‌گ هاتوه بۆ سلێمانی، محه‌مه‌د حه‌لبوسی دێت، ئه‌سكه‌نده‌ر وه‌توت، محه‌مه‌د كه‌ربولی هاتون، بۆچی ته‌نها حه‌نان فه‌تلاوی بێت و قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێت، د.سه‌لیم-ش هاتوه‌و پێكه‌وه رۆشتوین بۆ هه‌ڵه‌بجه.
- تۆ باست له‌وه‌كرد كه دروستكردنی هاوپه‌یمانی خه‌یاڵه، به‌ڵام ده‌وترێت پارتی دیموكراتی كوردستان و ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی و سه‌درییه‌كان و به‌ڕێز نوجێفی له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان هاوپه‌یمانییه‌ك پێك‌بێنن بۆ گێڕانه‌وه‌ی هاوسه‌نگی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، یان به‌لای كه‌مه‌وه بۆ پارێزگاری له‌وه‌ی كه ماوه‌ته‌وه له حكومه‌ت؟
+ من پێموایه ئه‌وه‌ی به‌ڕێز عه‌مار حه‌كیم ده‌ستیپێكردوه له به‌رژه‌وه‌ندی نییه، چونكه كه پۆستی هاوپه‌یمانی نیشتمانی وه‌رگرت ده‌بێت به‌دوای چاره‌سه‌ردا بگه‌ڕێت، ره‌وتی سه‌دریش روانگه‌ی خۆیان هه‌یه، هه‌ر هه‌وڵێك بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان و دروستكردنی كه‌شێك بۆ تێگه‌یشتن وا لێكبدرێته‌وه كه هه‌وڵه له دژی لایه‌نێك، ئه‌مه تێڕوانینێكی باش نیه.
- بۆ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌رژه‌وه‌ندی نییه كه ده‌تانه‌وێت پارتی دیموكراتی كوردستان له به‌غدا په‌راوێز بخه‌ن؟
+ نا ئه‌مه راست نییه، من دوێنێ له كه‌ناڵی روداو چاوپێكه‌وتنێكم هه‌بو پرسیاری پۆستی وه‌زاره‌تی داراییان لێكردم، ئه‌و پۆسته هی كورده، له‌ناو كوردیشدا هی پارتیه، تا ئێستا كه‌سی تر داوای ئه‌و پۆسته‌ی نه‌كردوه‌و هه‌ر به‌هی ئه‌وانیش ده‌مێنێته‌وه، ئه‌گه‌ر كاندیدێكی تریان هه‌بێت هه‌مومان هاوكاریان ده‌بین و ده‌نگی پێ ده‌ده‌ین بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كه، بۆیه ئه‌مه ته‌نها خه‌یاڵه‌و هیچ پیلانگێڕیه‌ك له ئارادا نییه.
- له ئه‌نجامی ئه‌م متمانه لێسه‌ندنه‌وه‌و لێپێچینه‌وانه هه‌ست ناكه‌یت نێوان ده‌سه‌ڵاتی ته‌شریعی و ته‌نفیزی تێكچوه، چونكه كه گوێمان له عه‌بادی ده‌بێت جۆرێك له بێزاری تێدا به‌دی ده‌كه‌ین؟
+ با جارێكی تر پێت بڵێمه‌وه، سیسته‌می په‌رله‌مانی یانی چی ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان بڕیار ده‌ربكات و كه‌س پێوه‌ی پابه‌ند نه‌بێت، یان نه‌توانێت پرۆژه یاسای هه‌بێت به پاساوی ئه‌وه‌ی لایه‌نی دارایی له ئارادایه‌و ده‌بێت ته‌نها له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران یان له سه‌رۆكایه‌تی كۆماره‌وه بێت، یان پرسیار نه‌كه‌ین له وه‌زیره‌كان چونكه سه‌رقاڵن! یان نه‌توانین لێپێچینه‌وه بكه‌ین به پاساوی ئه‌وه‌ی ئه‌مه پیلانه‌و هه‌وڵه بۆ روخاندنی حكومه‌ت، كه‌واته سیسته‌می په‌رله‌مانی چییه؟ ئیتر مه‌گه‌ر ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران دابخه‌ین، دواتر خه‌ڵك چی ده‌ڵێن؛ ده‌ڵێن ئه‌وانه بۆ خۆیان له خه‌زرا دانیشتون و 24 سه‌عات كاره‌بایان هه‌یه، گوێ به خه‌ڵك ناده‌ن، به‌دواداچون بۆ هیچ ناكه‌ن و ته‌نها موچه وه‌رده‌گرن. دوای ئه‌و روداوه‌ی كه له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران رویدا‌و من و چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی تر روبه‌ڕوی لێدان و قسه پێوتن بوینه‌وه، پێویسته وانه‌یه‌ك وه‌ربگرین كه به‌راستی كێشه‌ی سیاسی و ئه‌منی و سه‌ربازی هه‌یه‌و شتی تریش هه‌یه، كێشه‌ی دارایی و ئابوری هه‌یه، خزمه‌تگوزاری كه‌مه، كه‌واته هه‌مو ئه‌مانه ده‌مانخاته به‌رده‌م ئه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌سه‌ر راستین، ئێمه‌ش جوڵه‌مان كرد. بۆیه جارێكی تر ده‌یڵێمه‌وه كه تۆمه‌تباركردنی كاره‌كانی ئه‌نجومه‌ن بۆ روخانی حكومه‌ت راست نیه‌و كاتێك سه‌رۆك وه‌زیر پێنج كاندیدی هێنا بۆ پڕكردنه‌وه‌ی وه‌زاره‌ته‌كان ده‌نگی پێدرا، ئه‌گه‌ر ناوی نوێش بهێنێت بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كان ئه‌وكات ئێمه هاوكاری ده‌بین.
- تا ئێستا ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ناوی پێشكه‌شكردوه بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كانی وه‌زاره‌تی به‌رگری و دارایی و ناوخۆ؟
+ من نه‌مبیستوه.
- به‌لای كه‌مه‌وه له‌گه‌ڵ كوتله‌كان یان ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران هه‌ماهه‌نگی نییه بۆ پێشكه‌شكردنی سیڤی؟
+ خودی سه‌رۆك وه‌زیران له‌وه به‌رپرسه، ئێستا له ناو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ره‌وشه‌كه گۆڕاوه، په‌رله‌مانتاره‌كان له‌وه ده‌رچون له‌سه‌ر خواستی ئاره‌زوه سیاسییه‌كان ده‌ست به‌رزبكه‌نه‌وه یان ده‌ست دابگرن، پێویسته قه‌ناعه‌تیان پێ بكه‌یت، من هه‌فتانه كوتله‌كه‌ی خۆم ده‌بینم و كاروباره‌كانیان بۆ باس ده‌كه‌م، تا تێبگه‌ن له‌و مه‌سه‌له‌و له‌و كێشه‌یه تێبگه‌ن، یان ئه‌و یاسایه‌مان هه‌یه، به هه‌مان شێوه له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی كوتله كوردییه‌كان هه‌ماهه‌نگیم هه‌یه، سه‌رۆكی كوتله كوردییه‌كانیش ده‌بێت له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتاران هه‌ماهه‌نگی-یان هه‌بێت له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتارانی تر. ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ر بابه‌تی وه‌زیره جێگره‌وه‌كان، ئێمه وه‌ك سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌سه‌ره‌تای ئه‌م خوله‌و له هه‌ستكردنمان به به‌رپرسیارییه‌تی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران هه‌ماهه‌نگیمان كردوه‌و هاوكاری بوین بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان و نه‌چوینه‌ته ناو قه‌یرانه‌كانه‌وه، نه‌چوینه‌ته سه‌ر بابه‌تی شه‌خسی كاندیده‌كان، به‌ڵام هه‌ندێك له په‌رله‌مانتاره‌كان له‌سه‌ر ئه‌مه سه‌رزه‌نشتی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیان كرد‌و وتیان ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا بن نه‌ك دامه‌زراوه‌كانی تر، ئێمه بوین به قوربانی وه‌ك ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌س به‌رگریمان لێبكات كاتێك كه داوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌ن كرا. ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش رێچكه راستهكهبو، چونكه ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ئێمه‌ی هه‌ڵبژاردوه. ئه‌م قسه‌ی من نابێت وا لێكبدرێته‌وه كه هه‌ماهه‌نگی ناكه‌ین له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، ئه‌مه‌وێت ئاماژه به‌وه بكه‌م كه كۆبونه‌وه‌ی سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه ده‌كرێت هه‌رچه‌ند كۆبونه‌وه‌كه ته‌نها هی سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه نییه‌و به‌ڕێز مه‌دحه‌ت مه‌حمود، سه‌رۆكی دادگای فیدراڵی به‌شدارده‌بێت تێیاندا، بۆیه ئێستا مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه كه پێویسته قه‌ناعه‌ت به په‌رله‌مانتار بهێنیت ده‌نگ به‌و وه‌زیرانه بدات یان نه‌یدات. (52:40)
- له‌م ره‌وشه شێوه میسالیهدا، پێشێلكردنێكی رون و ئاشكرا هه‌یه له‌لایه‌ن سوپای توركیاوه له‌سه‌ر خاكی عێراق، ئێستا ره‌خنه‌كان له‌سه‌ر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌یه كه هه‌نگاوی دروستی نه‌ناوه بۆ رێگرتن له‌و ده‌ستوه‌ردانه‌ی توركیا، ئێوه وه‌ك ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران چ هه‌نگاوێكتان ناوه به‌و ئاراسته‌یه؟
+ وه‌زیری ده‌ره‌وه له‌وباره‌وه رونكردنه‌وه‌ی داوه‌و باڵیۆزی عێراقیش له ئه‌نكه‌ره به‌یاننامه‌ی هه‌بوه، ئێمه رۆڵی چاودێری خۆمان ئه‌نجامداوه له‌و روانگه‌وه، هه‌رچه‌ند كه به‌ڕێز سه‌رۆكی حكومه‌ت رۆڵی سه‌ره‌كی له‌مه‌دا هه‌یه‌و هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه رۆڵی ئه‌ویش جێی ده‌ستخۆشیه‌و ئه‌ركی خۆشیه‌تی ئه‌وكاره بكات چونكه فه‌رمانده‌ی هێزه چه‌كداره‌كانه، ئێمه‌ش ئه‌وه‌ی پێویست بكات له‌سه‌رشانمان ئه‌نجاممان داوه، به كۆی ده‌نگ بڕیارمان له‌سه‌ر ئه‌و وه‌ره‌قه‌یه داوه كه چه‌ند بڕیار‌و راسپارده‌یه‌كی له خۆگرتبو له‌گه‌ڵ ئیدانه‌كردنی هاتنه‌ناوه‌وه‌ی سوپای توركیا، ئه‌مه‌شمان وه‌ك به‌رپه‌رچ بۆ دو شت كرد؛ یه‌كه‌م ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و بڕیاره‌ی كه په‌رله‌مانی توركی ده‌ریكرد بۆ درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی توركیا چونكه ئێمه هاوتای ئه‌وانین، ئه‌وان په‌رله‌مانن ئێمه‌ش په‌رله‌مانین، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وان دوجار ئه‌و بڕیاره‌یان دا، ئێمه‌ش ئه‌مجاره هه‌ڵوه‌سته‌مان هه‌بو، ههڵوهستهكهش زۆر ئازایانهبو، ئه‌مه‌ش به‌رپرسیاریه‌تی ئێمه‌یه‌و نایفرۆشینه‌وه به هاوڵاتیان. هۆكاری دوه‌می بڕیاره‌كه‌ی ئێمه وه‌ڵامدانه‌وه‌ی قسه‌كانی سه‌رۆكی توركیابو له‌وباره‌یه‌وه. بێگومان ئه‌و بڕیاره‌ی ئێمه له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی ده‌نگدانه‌وه‌ی گه‌وره‌ی خۆی هه‌بو، دواتریش هاوكاریكردنی حكومه‌ت بو به دیاریكراویش سه‌رۆكی حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه، بڕیاره‌كه‌ش به‌ڵگه‌یه‌كی قانونیهو ده‌رفه‌ت ده‌ڕه‌خسێنێت بۆ باڵیۆزه‌كان تا له‌سه‌ری ده‌ستبكه‌ن به جوڵه، ئێمه له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران سوپامان نییه، ئه‌وه‌ی هه‌مانه بڕیار و ده‌نگ و ته‌شریعاته وه‌ك ئامراز‌و به‌كارمان هێناوه.
- پرسیاری كۆتاییم؛ كێ به‌رپرسیاریه‌تی مانه‌وه‌ی سوپای توركیا‌و ده‌ستوه‌ردانی هه‌ڵده‌گرێت: مه‌سعود بارزانی، حه‌یده‌ر عه‌بادی، ئه‌سیل نوجه‌یفی؟
+ ئێمه چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین، تا ئێستا یه‌كلانه‌بوه‌ته‌وه كێ به‌رپرسیاریه‌تیه‌كه ده‌كه‌وێته سه‌رشانی، تا ئێستا ته‌نها تۆمه‌ت ده‌به‌خشنه‌وه له‌نێوان یه‌كدا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی قسه‌ی سه‌ره‌تاو كۆتاییه ئه‌وه‌یه؛ پێویسته بونی توركیا له‌سه‌ر خاكی عێراق كۆتایی پێبهێندرێت.
- وه‌ڵامه‌كه‌ت دیپلۆماتی بو، من باوه‌ڕم پێی هه‌یه به‌س قسه‌ی له‌سه‌ر ناكه‌م، زۆر سوپاس به‌ڕێز ئارام شێخ محه‌مه‌د، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق. سوپاس بۆئه‌وه‌ی به راشكاوی له‌گه‌ڵمان قسه‌ت له‌گه‌ڵ كردین، ئینشائه‌ڵا دیداری دیكه‌شمان ده‌بێت. سوپاس بینه‌رانی ئازیز، خودا یاربێت له گفتوگۆكانی تر به یه‌ك ده‌گه‌ینه‌وه.