سەرەتا
دیدار لەگەڵ رۆژنامەی‌ ئاژانس: ئه‌گه‌ر به‌رپرسانی‌ هه‌رێم گوێیان لێبگرتینایه‌، ئه‌و دۆخه‌ ئابوریی و قه‌یرانه‌ قوڵە سه‌ریهه‌ڵداوه‌، درو‌ست نه‌ده‌بو

7/31/2017

 

 

ئاژانس: سەرەتا لەوە دەستپێدەكەین كە پێگەی كورد ئێستا لەبەغدا چۆنە؟ پێتوایە تادێت بەرەو كەمبوونەوە دەڕوات؟ كێشەكە لەچیدایە؟
ئارام شێخ محەمەد: پێگه‌ی‌ كورد له‌ به‌غداد یان به‌شداری‌ له ‌ناوه‌ندی‌ بڕیاڕی‌ سیاسی‌، یه‌كێكه‌ له‌و پرس و مه‌سه‌له‌ گرنگانه‌ی‌ كه‌ له‌ ڕیزبه‌ندی‌ كێشه‌ جه‌وهه‌رییه‌كانی‌ كورده‌ له‌ عێراق، ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ له‌باره‌ گشتیه‌كه‌یدا په‌راوێز و پێشێلی‌ ئیستحقاقه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی‌ كوردی تیادا به‌دیده‌كرێت و هه‌مومان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆكین، ئه‌مه‌ ڕووه‌ دیاره‌كه‌ی‌ ئه‌و پرسه‌یه‌، به‌ڵام له‌بارێكی‌ تردا ئه‌بێت ئه‌و پرسیاره‌ بكه‌ین، كورد خۆی‌ تاچه‌ند كاری‌ بۆ چه‌سپاندنی‌ ماف و به‌شداری‌ له‌ناوه‌ندی‌ بڕیاری‌ سیاسی‌ كردوه‌؟ یان دیدی‌ به‌رپرسانی‌ كورد بۆ سه‌ندنی‌ ئه‌و مافانه‌ چیبوه‌؟ ئایا ئه‌و به‌شدارییه‌ی‌ هه‌یه‌تی‌ و به‌ناوی‌ مافی‌ نه‌ته‌وه‌، كراوه‌ته‌ به‌شێك ئیمتیاز و ئیستحقاقی‌ حیزبی‌ و له‌ خزمه‌تی‌ به‌رژوه‌ندییه‌كی‌ دیاركراودا بوه‌، یان ئاڕاسته‌یه‌كی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ هه‌بوه‌؟.
ئه‌مه‌وێت به‌ڕاشكاوی‌ بڵێم، تێڕوانینی‌ كورد بۆ به‌غدا دیدی بونیاد و دروستكردن نه‌بوه‌ به‌ مانا ده‌وڵه‌تیەكه‌ی‌ یان به‌ به‌دامه‌زراوه‌یكردنی‌ ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ خه‌می‌ نه‌بوه‌، زیاتر وه‌ك قاسه‌ و سه‌رچاوه‌ی‌ ئیمتیاز و ده‌ستكه‌وتی‌ مادی‌ و سیاسی‌ سه‌یرى كردوه‌، ڕه‌نگه‌ كه‌سانێك هه‌بن ئه‌م قسانه‌یان لاسه‌یربێت، به‌ڕای‌ من خوێندنه‌وه‌ی‌ پێچه‌وانه‌ی‌ ئه‌مه‌ كورتبینی‌ سیاسیه‌و ئه‌وه‌ش هۆكاری‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌یه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ پێیگه‌یشتوین.
كێشه‌كه‌ لێره‌دایه‌، به‌رپرسانی‌ كورد چۆن ڕوانیویانه‌ته‌ به‌شداری‌ سیاسی‌ له‌عێراق، به‌داخه‌وه‌ تائێستا ئه‌و به‌شدارییه‌ فه‌له‌كی‌ ده‌ستكه‌وتی‌ مادی‌ و به‌ده‌ستهێنانی‌ پۆست و ئیستحقاقی‌ حزبی‌ تێنه‌په‌ڕاندوه‌، له‌كاتێكدا به‌ناوی‌ ئیستحقاقی‌ نه‌ته‌وه‌وه‌ به‌ده‌ستهاتوه‌.
بۆ من گرنگه‌ عێراق وڵاتێكی‌ دیموكراسی‌ و دامه‌زراوه‌یی‌ بێت، چونكه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی‌ قوڵی‌ ده‌بێت له‌سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ڕوی‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ و ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و فه‌رهه‌نگیش، بۆ من گرنگه‌ ئه‌و یاسایانه‌ی‌ له‌په‌رله‌مانی‌ عێراق ده‌رده‌چن ئه‌گه‌ر راسته‌وخۆش په‌یوه‌ست نه‌بن به‌خه‌ڵكی‌ كوردستان، یاسای‌ مه‌ده‌نی‌ بن و دژی‌ ئازادییه‌ گشتی‌ و تایبه‌تیه‌كان نه‌بن، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا هه‌وڵی‌ زۆرم داوه‌ و ڕێگریم له‌چه‌ندین پڕۆژه‌ یاسای‌ پێچه‌وانه‌ی‌ ئه‌م بنه‌مایانه‌ كردوه‌.
ڕونكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌م پرسه‌ به‌لای‌ منه‌وه‌ زۆر گرنگه‌ بۆیه‌ پێمباشبو قسه‌ی‌ زیاتری‌ له‌باره‌وه‌ بكه‌م، هه‌ر كه‌سێك و هه‌ر حیزبێك ده‌سه‌ڵاتی‌ جێبه‌جێكردنی‌ به‌ده‌سته‌وه‌بێت له‌عێراق نه‌ك پێكهاته‌كانی‌ تر، به‌ڵكو هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌ده‌دات له‌پشكی‌ حزبه‌كانی‌ تریش به‌رێت له‌پێكهاته‌كه‌ی‌ خۆی‌، ئه‌مه‌ شتێكی‌ سروشتیه‌ بۆ وڵاتێك كه‌ ڕۆح و ڕۆشنبیری‌ دیموكراسی‌ و ماناكانی‌ به‌شداری‌ سیاسی‌ به‌باشی‌ گه‌شه‌ی‌ نه‌كردبێت تیایدا یان ئه‌وه‌ی‌ پێده‌وترێت تێپه‌ڕبون به‌قۆناغی‌ ڕاگوزه‌ر، به‌ڵام پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ چیمانكردوه‌ و چیبكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی‌ وه‌ك به‌شدارێكی‌ فیعلی‌ له‌م ده‌وڵه‌تی‌ ئیتحادییه‌ ڕۆڵی‌ گه‌وره‌ و كاریگه‌رمان هه‌بێت.
جارێكی‌ تر ده‌ڵێم به‌داخه‌وه‌، كورد هه‌ركاتێك له‌گه‌ڵ به‌غداد له‌سه‌ر كێشه‌ ڕاسته‌قینه‌كانی‌ كه‌وتبێته‌ ململانێشه‌وه‌، به‌ئیمتیاز و ده‌ستكه‌وتی‌ فیئه‌وی‌ چاره‌سه‌رێكی‌ وه‌ختی‌ كردوه‌، هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ هۆكاری‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ و قوڵبونه‌وه‌ی‌ زیاتری‌ كێشه‌كان.
به‌ڕای‌ من ئه‌گه‌ر ئێمه‌ له‌ڕابردودا، مۆدیلێكی‌ جیاوازی‌ حوكمڕانیمان له‌به‌غداد پێشكه‌شبكردایه‌ له‌مڕۆدا ده‌مانتوانی‌ ڕۆڵی‌ گه‌وره‌ و كاریگه‌رتر بگێڕین، به‌ڵام كورد له‌به‌غداد زیاتر واده‌ركه‌وتوه‌ كه‌ (هه‌ر ده‌ڵێ‌ بێنه‌ و شتێكی‌ نیه‌ پێشكه‌شی‌ بكات یان خۆی‌ به‌خاوه‌نی‌ قه‌زییه‌كه‌ نازانێت)، قسه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌نیه‌ تاچه‌ند ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ ڕاسته‌، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی‌ قسه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ بۆچی‌ ئه‌م وێنه‌یه‌ له‌سه‌ر كورد دروستبوه‌.
دوا قسه‌م له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌، كورد ئه‌گه‌ر له‌ڕابردو و ئێستاشدا ئامانجی‌ دروستكردنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ بێت، ئه‌وا له‌قازانجامندابو دراوسێی‌ ده‌وڵه‌تێكی‌ مه‌ده‌نی‌ و دیموكراسی‌ بوینایه‌، ده‌بو له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵی‌ ڕابردودا كارمان بۆ چه‌سپاندنی‌ بنه‌ماكانی‌ بكردایه‌، به‌ڵام نه‌ئه‌وه‌مان له‌به‌غداد كرد و نه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستانیش سیماكانی‌ به‌دیده‌كه‌ین، بۆیه‌ هه‌میشه‌ ترسمان هه‌بوه‌ و هه‌یه‌ له‌دوباربونه‌وه‌ی‌ كاره‌ساته‌كانی‌ ڕابردو.

ئاژانس: ناكۆكی نێوان فراكسیۆنە كوردییەكان لەبەغدا لەسەر چییەو بۆچی ئەوەندە دوورن لەیەك بەتایبەت لەگەڵ فراكسیۆنی پارتی؟
ئارام شێخ محەمەد: ناكۆكییه‌ سیاسیه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كاریگه‌ری‌ نه‌رێنی‌ له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی‌ فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كانیش له‌به‌غداد دروستكردووه‌، من بۆ خۆم هه‌وڵێكی‌ زۆرمداوه‌ تا كه‌لێنه‌كه‌ گه‌وره‌تر نه‌بێت به‌ڵام زۆرجار تێڕوانین و جیاوازییه‌كانمان زه‌قن و به‌ڕونی‌ ده‌ردەكه‌ون، بۆنمونه‌ له‌مه‌سه‌له‌ی‌ پشكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ بودجه‌ی‌ حكومه‌تی‌ ئیتحادی‌، ئێمه‌ پێمانوایه‌ ئه‌گه‌ر به‌رپرسانی‌ هه‌رێم گوییان لێبگرتینایه‌ ئه‌و دۆخه‌ ئابوریی و قه‌یرانه‌ قوڵه‌ی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان سه‌ریه‌هه‌ڵداوه‌، درو‌ست نه‌ده‌بو، نایشارمه‌وه‌ هه‌تا له‌په‌یوه‌ندییه‌كانیشمان له‌گه‌ڵ هێز و لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان و تێڕوانیمان له‌سه‌ر جۆر و ئامانجی‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ هه‌ندێك جار كۆك نیه‌.
ئه‌و موزایه‌ده‌ ناڕه‌وا و تۆمه‌تبه‌خشینه‌وه‌ی‌ له‌كوردستان ده‌گوزه‌رێت زۆر دوره‌ له‌و واقیعه‌ی‌ لێره‌ له‌به‌غداد ده‌گوزه‌رێت، ئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت به‌رجه‌ستەكردنی‌ شتێكه‌ بچێته‌ گیرفانی‌ خه‌ڵك و له‌و نه‌هامه‌تیه‌ ڕزگاریان بكه‌ین، ناكرێت و نابێت جوڵاندنی‌ هه‌ست و سۆزی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ و شیعارات جێگه‌ی‌ نان بگرێته‌وه‌.

ئاژانس: هەست دەكەن ئەو دوورە پەرێزیەی پارتی پلان بۆ دارێژراوەو دەیەوێت پێگەی كورد لە بەغدا بێهێز بكات؟
ئارام شێخ محەمەد: له‌ڕاستیدا من زانیاریم نیه‌ ئه‌و دوره‌ په‌رێزییه‌ی‌ پارتی‌ له‌به‌غداد پلان بۆ دارێژراوه‌ یان نا، هه‌قه‌ ئه‌و پرسیاره‌ له‌خۆیان بكه‌ن، پێشموانیه‌ پارتی‌ دوره‌په‌رێزبوبێت، پارتی‌ له‌ ساڵی‌ 2003وه‌ به‌شدارێكی‌ سه‌ره‌كی‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسیه‌ له‌ عێراق، له‌هه‌مو كابینه‌كانی‌ ڕابردودا پۆستی‌ باڵا و سیادی‌ هه‌بوه‌و ئێستاش له‌زۆربه‌ی‌ دامه‌زراوه‌كانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ عێراقدا به‌ئاستی‌ جیاجیا به‌شداره‌، تائێستا نه‌مبیستوه‌ فه‌رمانبه‌رێكی‌ بكشێنێته‌وه‌.
جێگری‌ سه‌رۆك وه‌زیران عێراق كه‌ له‌پشكی‌ پارتی‌ بو له‌چه‌رده‌ی‌ یه‌كه‌می‌ چاكسازییه‌كانی‌ عه‌بایدا پۆسته‌كه‌ی‌ لێسه‌ندرایه‌وه‌، وه‌زیری‌ دارایش كه‌ له‌پشكی‌ پارتی بو ده‌ستی‌ له‌كارنه‌كێشاوه‌ته‌وه‌ به‌ڵكو متمانه‌ی‌ لێسه‌ندرا‌یه‌وه‌، به‌ده‌ر له‌وه‌ش وه‌ك وتم تائێستا نه‌مبیستوه‌ هیچ به‌رپرسێكی‌ پارتی‌ له‌به‌غدا ده‌ستی‌ له‌كاركێشابێته‌وه‌ و به‌هه‌زاران پۆست و فه‌رمانبه‌رو به‌رژوه‌ندی‌ گه‌وره‌ی‌ بازرگانی‌ و شتی‌ تریشیان له‌گه‌ڵ عێراق هه‌یه‌.

ئاژانس: جوڵاندنی پرسی ریفراندۆم لە بەغدا چۆن وەرگیرا لەلایەن لایەنە سیاسیەكانەوە؟ هاوپەیمانی شیعەكان رایان چۆنە لەسەری؟

ئارام شێخ محەمەد: وه‌ڵامی‌ هاوپه‌یمانی‌ نیشتمانی‌ شیعه‌كان و زۆرینه‌ی‌ لایه‌نه‌ سیایه‌كانی‌ عێراق له‌باره‌ی‌ ئه‌نجامدانی‌ ڕیفراندۆمه‌وه‌ ڕونه‌ و پێویست به‌وه‌ناكات قسه‌ی‌ له‌باره‌وه‌ بكه‌ین.

ئاژانس: ئەگەر ریفراندۆم بكرێت ئەگەر نییە بەغدا هەموو پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێم بپچڕێنێت و زیان بە هاوڵاتیانی هەرێم و تەنانەت كەركوكیش بگەیەنێت؟

ئارام شێخ محەمەد: ئه‌نجامدانی‌ ڕیفراندۆم له‌م كاته‌دا مه‌سه‌له‌یه‌كی‌ گرفتئامێزه‌، جارێ‌ تائێستا ڕون نیه‌ ئه‌كرێت یان ناكرێت، ئه‌گه‌ر كرا ناوچه‌ دابڕاوه‌كان ده‌گرێته‌وه‌ یان نا، بۆ سه‌ربه‌خۆییه‌ یان فشاری‌ سیاسی‌، چونكه‌ ڕۆژانه‌ لێدوانی‌ دژبه‌یه‌كی‌ به‌رپرسانی‌ هه‌رێم به‌تایبه‌تی‌ پارتی‌ له‌و ڕوه‌وه‌ ده‌بیستین.
ئه‌و به‌ڕێزانه‌ چۆن به‌خه‌ڵك و هێزه‌ سیاسه‌كان ده‌ڵێن، با واز له ‌دیموكراتی‌ و نان و موچه‌ و باسكردنی‌ ئه‌و ژیانه‌ ناله‌باره‌ بێنن كه‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانی‌ تیادایه‌ و جارێ‌ وه‌ختی‌ نیه‌، منیش ئه‌ڵێم با جارێ‌ باواز له‌ته‌عریف و ناساندنی‌ ماف بێنین، چونكه‌ هه‌مو كه‌س ده‌زانێت سه‌ربه‌خۆیی‌ مافێكی‌ ڕه‌وایه‌، ئه‌مه‌ داهێنان و دۆزینه‌وه‌ی‌ و ده‌ستكه‌وتی‌ هیچ هێزێكی‌ سیاسی‌ نیه‌، ئه‌سڵه‌ن پرسیاركردن له‌خه‌ڵكی‌ كوردستان به‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆییه‌ یان نا عه‌یبه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌یه‌، به‌ڵام قسه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ ده‌كرێت پێمابڵێن ئه‌م به‌ڕێزانه‌ چ ئاماده‌كارییه‌كان كردووه‌ بۆ دوای‌ ئه‌نجامدانی‌ ڕیفراندۆم؟
به‌ڕای‌ من له‌ئه‌گه‌ری‌ ئه‌نجامدانیدا كه‌ بۆخۆم ته‌مه‌ننا ده‌كه‌م ئه‌گه‌رێكی‌ دوربێ‌، ڕوبه‌ڕوی‌ كێشه‌ و قه‌یرانی‌ زیاتر ده‌بینه‌وه‌ نه‌ك هه‌ر له‌گه‌ڵ به‌غداد بگره‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی‌ دراوسێ و ڕه‌نگه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تیش، كه‌ له‌م كاته‌دا به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ك پشتیوانی‌ عێراق ده‌كه‌ن و خه‌ڵكی‌ كوردستان پشكی‌ شێری‌ باجه‌كانی‌ ده‌دات وه‌ك هه‌میشه‌، چونكه‌ به‌رپرسانی‌ هه‌رێم زۆر بێ پلان دیارن و باوه‌ڕناكه‌م خۆیان بۆ ئه‌نجامه‌ كاره‌ساتباراوییه‌كانی‌ ئاماده‌كربێت .

ئاژانس: بەم دواییە لەگەڵ نوێنەری عەشیرەتە كوردییەكانی بەغداو ناوەراست كۆبویتەوە، ریفراندۆم بۆتە هەڕەشە لەسەر كورد لەوێ؟
ئارام شێخ محەمەد: له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی‌ هه‌ڕه‌شه‌كان له‌كوردانی‌ ناوه‌ڕاست و باشوری‌ عێراق، سه‌ردانی‌ كۆمه‌ڵێك سه‌رۆك عه‌شیره‌تی‌ كورد و چین و توێژه‌ جیاوازه‌كانم كرد له‌شاری‌ به‌غداد و له‌نزیكه‌وه‌ گوێبیستی‌ مه‌ترسی‌ و داواكارییه‌كانیان بوم، ده‌مه‌وێت ڕاشكاوبم، ئه‌وان پێش هه‌مو شتێك شانازییه‌كی‌ گه‌وره‌ به‌ناسنامه‌ و كوردبونی‌ خۆیان ده‌كه‌ن و ئاماده‌نین سازشی‌ له‌سه‌ر بكه‌ن، نیگه‌رانی‌ ئه‌وان له‌به‌رپرسانی‌ هه‌رێم زیاتره‌ له‌ترس و دڵه‌ڕاوكێیان له‌پێشهاته‌كان، ئه‌وان پێیانوایه‌ به‌رپرسانی‌ هه‌رێم هیچ حسابیێكی‌ بۆ نه‌كردون ته‌نها ئه‌وكاتانه‌ نه‌بێت كه‌ئیشیان پێیانبوه‌، پرسیاری‌ سه‌ره‌كی‌ ئه‌وان ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر جه‌وهه‌ری‌ پرۆسه‌ی‌ ریفراندۆم پرسیاركردنه‌ له‌خه‌ڵك، بۆ مه‌سه‌له‌یه‌كی‌ وا چاره‌نوسساز چۆن به‌رپرسانی‌ هه‌رێم ڕای‌ سه‌دان هه‌زار كورد له‌ناوچه‌كانی‌ ناوه‌ڕاست و باشوری‌ عێراق به‌هه‌ند وه‌رناگرن و حسابی‌ بۆ ناكه‌ن؟ یان پلانیان چیه‌ ئه‌گه‌ر له‌داهاتودا ڕوبه‌ڕوی‌ هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسی‌ جدی‌ بونه‌وه‌ و ژیان و گوزه‌ران و سه‌روماڵیان به‌چ میكانیزمێك ده‌پارێزن؟ ئه‌مانه‌ و ده‌یان پرسیاری‌ جدی‌ تر كه‌ پێویستیان به‌وه‌ڵام هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت كوردانی‌ ئه‌م ناوچانه‌ی‌ به‌درێژایی‌ مێژویی‌ عێراق قوربانی‌ بون.

ئاژانس: دیالۆگێك لەنێوان بەرێزت و عەبادی یان بەرپرسانی باڵای حكومەت هەبووە لەسەر پرسی ریفراندۆم؟ ئەگەر هەبووە رایان چۆن بووە ؟

ئارام شێخ محەمەد: تائێستا جگه‌ له‌عه‌ممار حه‌كیم سه‌رۆكی‌ هاوپه‌یمانی‌ نیشتمانی‌ هیچ به‌رپرسێكی‌ تری‌ باڵای‌ عێراقیمان نه‌بینیوه‌ بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌، سه‌ردانی‌ به‌ڕێز حه‌كیم-یش زیاتر بۆ ئه‌وه‌ بو تا په‌یامی‌ كوردانی‌ ناوه‌ڕاست و باشور و ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌رێمی‌ به‌گشتی‌ پێگه‌یه‌نین و داوامان لێكرد كه‌ ڕۆڵی‌ هه‌بێت له‌ پاراستنی‌ كوردانی‌ ئه‌و ناوچانه‌ وه‌ك هه‌ر هاوڵاتیه‌كی‌ تری‌ خاوه‌ن ماف له‌ عێراق به‌بێ جیاوازی‌ نه‌ته‌وه‌و ئاین و تائیفه‌، ئه‌ویش لای‌ خۆیه‌وه‌ هه‌موو ئاماده‌ییه‌كی‌ ده‌ربڕی‌ بۆ پشتیوانیكردنی‌ داواكه‌مان.

ئاژانس: دەوترێت كورد بەهۆی ریفراندۆمەوە زیاتر لە 150 پۆست لە بەغدا لەدەست دەدات ئەوە وایە؟

ئارام شێخ محەمەد: به‌ڵێ‌ ئه‌مه‌ ڕاسته‌و ڕه‌نگه‌ زیاتریش بێت، جگه‌ له ‌موچه‌ی‌ هه‌زاران كارمه‌ندی‌ دامه‌زراوه‌ جیاوازه‌كان كه‌ تائێستا له‌به‌غداوه‌ دێ و ناكۆكی‌ گه‌وره‌ش له‌وه‌دایه‌ ئه‌و لایه‌نه‌ی‌ باسی‌ ڕیفراندۆم ده‌كات تائێستاش هه‌ڵپه‌ی‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ پۆستێتی‌ له‌به‌غداد.

ئاژانس: پارتی پێشنیارێكی هەبووە بۆ ئەوەی بەشداری هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق نەكات پێتوایە لایەنەكانی تریش هەمان هەنگاو بنێت؟ مەترسی ئەو هەنگاوە لەچیدایە؟
ئارام شێخ محەمەد: پێموانیه‌ پارتی‌ به‌شداری‌ له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ داهاتوی‌ عێراق ناكات، جار جار هه‌ندێك لێدوانی‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ له‌ملاو له‌ولا ده‌بیستین، به‌ڵام ئه‌مانه‌ ڕای‌ ڕه‌سمی‌ نین و ئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر زه‌مینی‌ واقیع ده‌یبینین پێچه‌وانه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌، من ناتوانم به‌ناوی‌ هیچ لایه‌نێكی‌ تره‌وه‌ قسه ‌بکه‌م به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردن ده‌كات یان نا، ئه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ستیشه‌ به‌بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، تائێستا بڕیاڕی‌ وامان نیه‌ به‌شداری‌ نه‌كه‌ین و هه‌موو حزبه‌كانی‌ ڕیفراندۆمیش خه‌ریكی‌ تۆماركردنی‌ خۆیانن وه‌ك حزبی‌ سیاسی‌ له‌به‌غداد بۆ به‌شداریكردن له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ داهاتوو.



بەیاننامە و لێدوان

Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure