سەرەتا
لە دیداری کوردستانى نوێ، ئارام شێخ محەمەد: هیچ ئاماژه‌یه‌ك نییه‌ بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی‌ عیراق به‌مزوانه‌

8/19/2017

 ‌ ‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ زنجیره‌ چاوپێكه‌وتنێكی كوردستانی نوێ‌ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك لێپرسراو و ئه‌ندام په‌رله‌مانی عیراق له‌به‌غدا، دیدارێكی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ ئارام شێخ محه‌مه‌د جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق كردووه‌، له‌م دیداره‌ جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌ما باس له‌په‌یوه‌ندییه‌كانی كورد له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ جیاوازه‌كانی عیراق و رۆڵی خۆی له‌سه‌رۆكایه‌تیی و رۆڵی مامجه‌لال له‌به‌غدا ده‌كات، هه‌روه‌ك باس له‌پرسی ئاڵاو دروستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردستان ده‌كات.
دیداری: سەربەست جەوهەر
- ئێوه‌ له‌ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مانی عیراقن، كاریگه‌ریتان هه‌بووه‌ له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی‌ كاری په‌رله‌مان؟
• به‌به‌رده‌وامی رۆڵمان هه‌بووه‌، به‌رده‌وام تێبینی‌ و سه‌رنجی خۆمان هه‌بووه‌ له‌سه‌ر لیستی‌ به‌رنامه‌ی‌ كاری‌ په‌رله‌مان، پرۆژه‌ی‌ قانونێك لاده‌برێت یان زیاد ده‌كرێت ئه‌وا رۆڵمان تێیدا هه‌بووه‌، نمونه‌مان له‌وباره‌یه‌وه‌ زۆره‌ بۆنمونه‌ پرۆژه‌ی‌ قانونی هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكانی عیراق هه‌موو لیسته‌ كوردستانییه‌كان له‌گه‌ڵین، یان بۆ نمونه‌ قانونی بودجه‌ی‌ فیدرالیی ووتومان نه‌خرێته‌ به‌رنامه‌ی‌ كار یان داخڵ نه‌كرێت ئیدی نه‌خراوه‌ته‌ به‌رنامه‌ی‌ كار، بێگومان هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ په‌یره‌وی ناوخۆی په‌رله‌ماندایه‌.

- جا ئێوه‌ رۆڵتان تێدا بینوه‌؟
• ئه‌یچۆن، چونكه‌ به‌رنامه‌ی‌ كاری‌ په‌رله‌مان به‌ته‌واوفوقه‌ له‌نێوان ئه‌و سێ‌ كه‌سه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تیی، بۆنمونه‌ له‌سه‌ر قانونی هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكان هه‌ندێك تێبینیمان هه‌بووه‌ بۆیه‌ نه‌خراوه‌ته‌ به‌رنامه‌ی‌ كاری‌ په‌رله‌مان.

- ئه‌ی‌ بڕیاری‌ هه‌ڵنه‌كردنی ئاڵای كوردستان چۆن بوو؟
• من روونكردنه‌وه‌ی‌ زۆرم له‌وباره‌یه‌وه‌ داوه‌، ئه‌و پرۆژه‌یه‌ له‌لیستی‌ كاری په‌رله‌ماندا نه‌بوو رۆژی‌ گفتوگۆی ئه‌و پرسه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ بخرێته‌ ده‌نگدان و ببێته‌ بڕیار، به‌ڵام ده‌بێ‌ رونكردنه‌وه‌یه‌ك بده‌ین له‌سه‌ر په‌یره‌وی‌ ناوخۆی په‌رله‌مان، ئه‌ویش هه‌ر قانونێك بخرێته‌ لیستی‌ كاری په‌رله‌مان پێویسته‌ به‌دوو رێگه‌ بێت، یان سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان ته‌وافوق و سازانی له‌سه‌ر بكه‌ن و بیخه‌نه‌ به‌رنامه‌ی‌ كار، یاخود 25 ئیمزا كۆبكرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ پرۆژه‌یه‌ك بخرێته‌ لیستی‌ به‌رنامه‌ی‌ كاری په‌رله‌مان، ئه‌وان به‌رێگه‌ی‌ دووم كردیان و 70ئیمزایان كۆكرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و بڕیاره‌ بخرێته‌ لیستی‌ ئه‌جێندای‌ په‌رله‌مان بیكه‌نه‌ بڕیار، دواتر زۆرینه‌یان ده‌نگیان بۆدا.

-كه‌واته‌ ئه‌وان به‌پێی‌ په‌یره‌وی ناوخۆ ئه‌و كاره‌یان كردبوو؟
• به‌ڵێ‌، رۆژی‌ پێنجشه‌ممه‌كه‌ی‌ له‌به‌رنامه‌ی‌ كاردا نه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ ببێته‌ بڕیار، به‌ڵام دواتر 70 ئیمزایان هێنابوو ئیدی ئه‌و پرسه‌ خرایه‌ به‌رنامه‌ی‌ كارو به‌زۆرینه‌ی‌ ده‌نگ بووه‌ بڕیار.

- لیسته‌ كوردستانییه‌كان هاوكارتن؟
• تاڕادده‌یه‌كی باش هاوكاری منن.

- ناكۆكییه‌كانی كوردستان ره‌نگدانه‌وه‌ی‌ بووه‌ له‌سه‌ر هاوكاریكردن له‌گه‌ڵ تۆ؟ یان به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بووه‌؟
• به‌ڕاستی زۆر كه‌م. هه‌وڵمداوه‌ یان نه‌مهێشتوه‌ كاریگه‌ریی هه‌بێت.

- په‌یوه‌ندیت له‌گه‌ڵ هه‌موو لیسته‌ كوردستانییه‌كان وه‌كو یه‌كه‌؟
• به‌ڵێ‌ به‌یه‌ك دوریی له‌گه‌ڵ هه‌موو لیسته‌كان وه‌ستاوم.

- په‌یوه‌ندیت له‌گه‌ڵ لیستی‌ پارتی چۆنه‌؟
• بۆیه‌ په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ هه‌موان باشه‌، چونكه‌ لێره‌ هه‌ندێ‌ پرس هه‌یه‌ كۆمانده‌كاته‌وه‌، بۆنمونه‌ قانونی دادگای فیدرالی بابه‌تێكه‌ په‌یوه‌ندی به‌هه‌موو كوردێكه‌وه‌ هه‌یه‌، راسته‌ له‌كوردستان ناكۆكی سیاسی هه‌یه‌، به‌ڵام پرسێكی وا په‌یوه‌ندی به‌هه‌موومانه‌وه‌ هه‌یه‌، یان قانونی هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكانی عیراق په‌یوه‌ندی به‌هه‌موومانه‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌موو لیسته‌ كوردستانییه‌كان بڕوامان وایه‌ پێویسته‌ له‌كه‌ركوك هه‌ڵبژاردن بكرێت و چیتر دوانه‌خرێت هه‌تاكه‌ی‌ كه‌ركوك بارێكی تایبه‌تی هه‌بێت! كه‌واته‌ ئه‌و پرسه‌ گرنگی بۆ هه‌موومان هه‌یه‌و هه‌موومان كۆده‌كاته‌وه‌.

- ئه‌ی‌ ئه‌ندامانی هیچ لیستێكی دیاریكراو به‌جۆرێك له‌ساردی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئێوه‌ ناكه‌ن؟ به‌نمونه‌ پارتی؟
• بێگومان هه‌مویان نا، له‌ئێستادا كه‌ كاك عه‌ره‌فات سه‌رۆكی لیستی پارتییه‌ من په‌یوه‌ندییه‌كی باشم له‌گه‌ڵی هه‌یه‌، ئاگاداری یه‌كترین و ئه‌وان به‌شداری كۆبونه‌وه‌كان ده‌بن كه‌ من ده‌یكه‌م، یان كه‌ من شتێك ده‌كه‌م ئاگاداریان ده‌كه‌مه‌وه‌.

- له‌كوردستان ناكۆكی سیاسی هه‌یه‌، تۆ توانیوته‌ لێره‌ كۆیان بكه‌یته‌وه‌؟
• به‌ڵێ‌ كردوومه‌، به‌به‌رده‌وامی كۆبونه‌وه‌م هه‌یه‌ له‌گه‌ڵیاندا، پرسوڕایان پێده‌كه‌م و ئاگاداریان ده‌كه‌مه‌وه‌، ئه‌وانیش تێبینی و سه‌رنجی خۆیانم پێده‌ڵێن، بۆنمونه‌ له‌ڤایبه‌ر گروپێكمان هه‌یه‌ وه‌كو سه‌رۆك لیسته‌كان و من، هه‌موو جارێ‌ ئاڵا خان ده‌ڵێت گروپی پێنج كۆ یه‌ك (5 + 1) شتیان بۆ ده‌نێرم و ئاگاداریان ده‌كه‌مه‌وه‌ ده‌ڵێم ئه‌وه‌ هه‌یه‌و بۆچوونتان چییه‌، هه‌ندێجار به‌حوكمی پێگه‌كه‌م له‌ په‌رله‌مان ئه‌وان شتێك ده‌كه‌ن ده‌ڵێن با تۆی تێدا نه‌بێت.

- جاران مامجه‌لال هه‌میشه‌ پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرد كه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ شیعه‌ بپارێزین، له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ش باش بێت، ئێستا په‌یوه‌ندی كورد له‌گه‌ڵ شیعه‌و سوننه‌ له‌به‌غدا چۆنه‌؟
• ده‌توانم بڵێم بارودۆخه‌ سیاسییه‌كه‌ گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه‌، ئێمه‌ گرفتمان هه‌بووه‌، پێموایه‌ باش نییه‌ ئێمه‌ ببینه‌ به‌شێك له‌ململانێی‌ نێوان سوننه‌كان خۆیان یان شیعه‌كان خۆیان یان نێوانی سوننه‌و شیعه‌، به‌ڵكو ئێمه‌ دۆزو پرسی تایبه‌ت به‌خۆمانمان هه‌یه‌، هاوكات به‌شێكین له‌حوكمڕانیی عیراق، ئه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندی به‌حوكمڕانی عیراقه‌وه‌ هه‌یه‌ پێویسته‌ تا كورد له‌حوكمڕانیی عیراقدایه‌ كاربكه‌ین له‌پێناوی ئه‌وه‌ی‌ عیراق عیراقێكی باش بێت بۆمان، حوكمڕانییه‌كی باشی تێدابێت، ئه‌گه‌ر حوكمڕانییه‌كه‌ی‌ خراپ بێت ئه‌وا بۆخۆمان خراپ ده‌بێت، ئه‌زموون پێشو سه‌لماندویه‌تی‌ به‌تایبه‌ت سه‌رده‌می سه‌دام كه‌ حوكمڕانی خراپ چه‌نده‌ زیانی پێگه‌یاندین، بۆیه‌ حوكمڕانی عیراق چه‌نده‌ باش بێت سودی بۆ ئێمه‌ هه‌یه‌.
لێره‌ له‌ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان یان چاودێری ئێمه‌ رۆڵی خۆمانمان بینیوه‌، ئه‌و قانونانه‌ی‌ لێره‌ ده‌رچوون هه‌رچه‌ند به‌شێكیان ئه‌وه‌نده‌ په‌یوه‌ندیان به‌هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵام ئێمه‌ رۆڵی خۆمانمان لێ‌ بینیوه‌، له‌لێپرسینه‌وه‌و بانگهێشتكردنی وه‌زیره‌كانی حكومه‌تی عیراق ئێمه‌ رۆڵی خۆمانمان بینیوه‌، به‌شێك بوین له‌پرۆسه‌كه‌و ده‌نگمان هه‌بووه‌، ئه‌وان ئیشیان به‌ئێمه‌ هه‌یه‌و ئێمه‌ش ئیشمان به‌وانه‌وه‌ هه‌یه‌، سه‌باره‌ت به‌و په‌یوه‌ندییه‌ گۆڕاوه‌ یان نا، یان چۆن گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه‌ ئه‌وا ناكرێت به‌ته‌نها گله‌یی له‌شیعه‌كان بكه‌ین كه‌ په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ئێمه‌ وه‌كوجارن نییه‌، ئێمه‌ش له‌ كوردستان په‌یامی خراپمان بۆیان ناردووه‌و كاریگه‌ری‌ هه‌بووه‌ له‌سه‌ر ساردبونه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كان، بۆنمونه‌ ئه‌و قسه‌و لێدوانانه‌ی‌ له‌كوردستانه‌وه‌ ده‌دران كه‌ په‌یوه‌ندی به‌كێشه‌و پرسی نه‌وته‌وه‌ هه‌بوو ئه‌مانه‌ كاریگه‌ری‌ هه‌بوو له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كان.

- پێتوایه‌ كورد خولێكی دیكه‌ی‌ بێته‌وه‌ په‌رله‌مانی عیراق و تا ئه‌وكاته‌ عیراق دابه‌شنه‌بێت؟
• تائێستا پێموایه‌ به‌ڵێ‌، چونكه‌ هیچ ئاماژه‌یه‌ك نییه‌ تا ئه‌م ده‌قه‌یه‌ی‌ قسه‌ی‌ تێداده‌كه‌ین بڵێت عیراق به‌مزوانه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌، ئه‌م قسانه‌ی‌ ده‌یكه‌م بۆ مێژوو ده‌مێنێته‌وه‌، هیچ ئاماژه‌یه‌كم نه‌بینیوه‌.

- قسه‌یه‌ك هه‌یه‌ كه‌ به‌شێك له‌ ووڵاتانی كاریگه‌ر له‌به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستان بۆچونیان وه‌كجاران نه‌ماوه‌و پاشه‌كشه‌یان كردووه‌، ئه‌مه‌ قسه‌ی‌ به‌شێك له‌په‌رله‌مانتاران و لێپرسراوانی حكومه‌ت بوو له‌به‌غدا؟ راسته‌؟
• من پێموایه‌ ئه‌وه‌ی‌ وای ووتوه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ وه‌ك فارس ده‌ڵێن به‌هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتوه‌و ئیشتیباهی كردووه‌، من وانزیكه‌ی‌ چوار ساڵه‌ لێره‌م، هیچ شتێكم نه‌بینیوه‌، كورد له‌حوكمڕانیی عیراق هه‌یه‌و سه‌رباری‌ كه‌موكوڕیی ئه‌گه‌ر یه‌كێك مه‌دحی كوردی كردبێت و یه‌كێك واتێگه‌یشتبێت پشتیوانی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌كات ئه‌وا ئیشتیباهی كردووه‌، ئه‌وانه‌ی‌ من بینیومن به‌به‌رده‌وامی ته‌ئكیدیان له‌سه‌ر یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق كردۆته‌وه‌، بۆیه‌ من هه‌ڵوێستی ووڵاتان به‌پاشه‌كشه‌ نازانم، به‌ڵكو هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئێمه‌ به‌هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتوین.
عیراق بێ‌ كورد سه‌قامگیر نابێت، كورد بۆچی ته‌ركیزی له‌سه‌ره‌ چونكه‌ ئێمه‌ یه‌ك نه‌ته‌وه‌ین و یه‌ك زمان و ئاین و یه‌ك میژوومان هه‌یه‌، به‌ڵام كێشه‌ی‌ سیاسیمان هه‌یه‌و ره‌نگه‌ چاره‌بكرێت. هه‌ندێ كێشه‌ هه‌یه‌ په‌یوه‌ندی به‌مێژوو یان تێگه‌یشتنی‌ دینیی و مه‌زهه‌بییه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ نمونه‌ كێشه‌ی‌ شیعه‌و سوننه‌ له‌عیراق زۆر سه‌ختترو زه‌حمه‌تره‌ چاره‌كردنی.
من ده‌مه‌وێ‌ ئه‌و راستییه‌ بڵێم كه‌ عیراق كاتی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ نه‌هاتووه‌، هه‌ڕه‌شه‌ی‌ داعش یه‌كێك بوو له‌و هۆكارانه‌ی‌ عیراق پارچه‌ پارچه‌ بكات، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ی به‌سه‌ر قه‌زیه‌ی‌ سوننه‌ له‌عیراق هێنا. جاران ده‌یانگوت كه‌وتنی سه‌دام شه‌ق و زلله‌یه‌كی كه‌ریگه‌ر بوو بۆ ناسیۆنالزمی عه‌ره‌بی، چونكه‌ سه‌دام ره‌مزی عه‌ره‌بچێتی و قه‌ومه‌چیی بوو.
راستییه‌كه‌ی‌ ده‌ستكاریكردنی عیراق له‌ئێستادا ئاسان نییه‌، ئه‌مه‌ بۆ؟ چونكه‌ پێكهاته‌كانی به‌شێكن له‌ ریشه‌و عومقی دیموگرافیی و جوگرافیی ناوچه‌كه‌، بۆنمونه‌ كورد له‌ باشوری كوردستان هه‌یه‌، به‌ڵام كورد له‌ ئێران و توركیا و سوریا هه‌یه‌، یان سوننه‌ هه‌یه‌، ده‌بینین پاڵیداوه‌ به‌چه‌ند ووڵاتێكی سوننه‌ له‌ده‌وروبه‌ر، یان شیعه‌ هه‌یه‌ ئه‌وا ئێرانی هه‌یه‌و پشتی به‌كۆمه‌ڵێك ووڵاتی دیكه‌ هه‌یه‌ كه‌ شیعه‌ تێدا ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ نه‌بن ئه‌وا رێژه‌یه‌كی زۆرن وه‌كو ووڵاتانی كه‌نداو! هه‌موو ئه‌مانه‌ په‌یوه‌ندیان به‌كۆمه‌ڵێك به‌رژه‌وه‌ندییه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ گرێدراوی ووڵاتانی ناوچه‌كه‌و جیهان هه‌یه‌و ئاسان نییه‌ ده‌ستكاریكردنی، بۆیه‌ ده‌توانم بڵێم هێشتا كاتی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ نه‌هاتووه‌و ئه‌مه‌ وه‌ك زنجیره‌ وایه‌ ده‌ستكاریكردنی كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌وانی دیكه‌ ده‌كات.

- كورد ده‌توانێ‌ ئه‌و ئه‌ڵقانه‌ ده‌ستكاریی بكات؟
• كورد بیه‌وێت ته‌نها به‌قسه‌و پرۆپاگه‌نده‌ كاربكات، ئه‌وا ناتوانێت عیراق هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌، دواتر توشی سه‌دمه‌ ده‌بێت، له‌خۆیه‌وه‌ به‌ موجامه‌له‌یه‌ك و دوان واتێده‌گات و ده‌ڵێت به‌خوا له‌وانه‌یه‌ به‌جددیان بێت، كاتێك موجامه‌له‌كه‌ نامێنێ‌ ئیدی ده‌ڵێت ئه‌وه‌ پاشه‌كشه‌یان كردووه‌ له‌قسه‌ی خۆیان.

- پاشه‌كشه‌ی‌ دیموكراسی له‌كوردستان كاریگه‌ری له‌سه‌ر تێگه‌یشتنی ووڵاتان سه‌باره‌ت به‌كورد دروستكردووه‌؟
• بێگومان كاریگه‌ری هه‌یه‌، له‌ناوچه‌كه‌ فۆرمێك له‌ ده‌وڵه‌ت بوونی هه‌یه‌ له‌زیادبونه‌، ده‌بینین له‌سیما ده‌وڵه‌ته‌، به‌ڵام له‌ناوه‌وه‌ جۆرێكی دیكه‌یه‌، بۆنمونه‌ له‌عیراق په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێم و به‌غدا په‌یوه‌ندییه‌كی فیدرالییه‌؟ نه‌خێر چونكه‌ ئه‌ڵمانیاش ووڵاتێكی فیدراله‌، یان سوریا یان لیبیا یان سۆماڵ؟ ده‌بینین سۆماڵ یه‌ك ووڵات ته‌ماشا ده‌كرێت كه‌چی ده‌بینین سۆماڵی لاند كه‌ باكوره‌كه‌یه‌تی‌ هێمنه‌و سه‌قامگیره‌، به‌ڵام كه‌س دانی پێدانه‌ناوه‌، سۆماڵی باشوریش ناكۆكی و په‌رته‌وازه‌یی و زۆر نائارامه‌، یان ئه‌فغانستان یان هه‌رێمی ناگورنی كاراباخ له‌ئازه‌ربیجان؟ ئیدی نمونه‌ی‌ دیكه‌ زۆرن كه‌ كانتۆن هه‌رێمی جیا له‌و ووڵاتانه‌ دروستبون و له‌هه‌ڵسوكه‌وتدا وه‌ك هه‌رێم نین به‌ڵكو وه‌ك ده‌وڵه‌ت هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ن و ده‌وڵه‌تیش نین، ده‌بینین فرۆكه‌خانه‌و هێزی سه‌ربازییان هه‌یه‌، په‌رله‌مان و په‌یوه‌ندی ده‌ره‌وه‌ییان هه‌یه‌.
بۆ ئێمه‌ گرنگه‌ به‌رله‌هه‌موو شتێك بنه‌ماكانی بوون به‌ده‌وڵه‌ت به‌هێز بكه‌ین، باشتره‌ له‌خۆ ئاڵاندن له‌ دروشم و موزایه‌ده‌ی‌ سیاسی به‌ناوی دروستكردنی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ هیچ! كه‌ كه‌س پشتگیری و پشتیوانی ناكات، بۆنمونه‌ له‌ئێستادا ئه‌مریكا ده‌ڵێت له‌گه‌ڵ یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراقم، ره‌نگه‌ عیراق زۆر به‌هێوه‌ریی مامه‌ڵه‌و هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵ داخوازی بوون به‌ده‌وڵه‌تی كوردستان بكات، ئه‌وه‌ ده‌بینین حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران هه‌ر نه‌سیحه‌ت ده‌كات و ده‌ڵێت وامه‌كه‌ن و ئه‌زمونی دیكه‌ دوباره‌ مه‌كه‌نه‌وه‌..تد به‌ڵام ده‌بینین وڵاتێكی وه‌كو توركیا هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ستوه‌ردان ده‌كات، یان ئێران توند قسه‌ ده‌كات! پار وه‌فدێكی یه‌كێتی ئه‌وروپا هاتن نوێنه‌ری‌ هه‌موو ووڵاتانی ئه‌وروپا بوون، نامه‌یه‌كیان هێنا له‌باره‌ی‌ كێشه‌كانی عیراق له‌سه‌روو هه‌موو شتێك و له‌یه‌كه‌م خاڵی نامه‌كه‌یان ووتبویان ته‌ئكید له‌یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق ده‌كه‌ینه‌وه‌!
لێره‌دا ده‌مه‌وێ‌ بڵێم به‌هێزكردنی دیموكراسی و دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌تداریی زۆر گرنگه‌، من پێموایه‌ پایه‌كانی به‌ره‌و ده‌وڵه‌ت دروستكردنی خۆی له‌سێ‌ خاڵی سه‌ره‌كیی ده‌بینێته‌وه‌، یه‌كه‌میان ده‌سه‌ڵاته‌كانی یاسادانان و جێبه‌جێكردن و دادوه‌ریی، دووه‌میان ئابورییه‌كی به‌هێزو دروستكردنی ژێرخانێكی پته‌و فه‌راهه‌مكردنی دادوه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تیی و ره‌خساندنی یه‌كسانی هه‌لی‌ كاركردن بۆ هه‌موان و به‌گه‌ڕخستن و به‌هێزكردنی بازاڕی ئازاد، سێیه‌میشیان بونی هێزێكی چه‌كداری به‌هێزو یه‌كگرتو تۆكمه‌.
ئه‌مانه‌ هه‌رسێكیان زۆر گرنگن، به‌ڵام له‌هه‌رسێكیدا گرفتمان هه‌یه‌، ده‌بینین پێشمه‌رگه‌مان هه‌یه‌ كه‌ مێژوویه‌كی جوانی هه‌یه‌و سه‌رباری نه‌بونیی و قاتوقڕی له‌كوردستان و نه‌بونی موچه‌و گرفتی دارایی كه‌چی هێشتا ئاماده‌یه‌ خۆی بكاته‌ فیدای‌ پاراستنی خاكی كوردستان و به‌رگریی لیبكات، ئه‌وه‌ی‌ به‌سه‌ر كوردستاندا هات له‌كاتی هاتنی داعش و ئه‌و نه‌بوونییه‌ی‌ هاته‌پێش ئه‌وا به‌سه‌ر هه‌ر میلله‌تێكی دیكه‌دا هاتبا زیانی زۆر گه‌وره‌ی به‌رده‌كه‌وت و ره‌نگه‌ ته‌سلیم ببوایه‌، به‌ڵام پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانانه‌ به‌رگریان كرد، هه‌موو دونیا پێیان سه‌رسام بوو، ئینجا ده‌سه‌ڵات و پایه‌كانی دیكه‌ش به‌هه‌مان شێوه‌ كێشه‌و گرفتی تێدا.
به‌كورتی ئه‌گه‌ر بنه‌ماكانی ده‌وڵه‌ت به‌هێزبكه‌ین ئه‌گه‌ر نه‌مانكات به‌ده‌وڵه‌ت ئه‌وا بێگومان نزیكمان ده‌كاته‌وه‌ له‌ به‌ده‌وڵه‌تبون ئه‌گه‌ر ئیعلانیشی نه‌كه‌ین، یان ده‌بین به‌ ئه‌مری واقع، نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای‌ هیچ پرۆپاگه‌نده‌و موزایه‌ده‌ی‌ پێوه‌بكه‌ین و هیچمان بۆ نه‌كردبێت.
ئه‌گه‌ر باس له‌ ریفراندۆم بكه‌ین ئه‌وا من پێشتر له‌ كۆسۆڤۆ بووم، ئه‌و ریفراندۆمه‌ی‌ له‌وێ كرا له‌ژێر چه‌تری كۆمه‌ڵگای‌ نێوده‌وڵه‌تی و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان و به‌پێی‌ قانون كرا، ئینجا دواتر ووڵاتان دانیان پێدانا.
من ده‌پرسم ئێمه‌ بنه‌مای‌ بون به‌ده‌وڵه‌تمان هه‌یه‌؟ ئه‌گه‌ر قسه‌ له‌سه‌ر ئابورییه‌كی به‌هێزه‌ ئه‌وا كوردستان كه‌وتۆته‌ ژێر قه‌رزێكی زۆر، ئه‌گه‌ر قسه‌ له‌سه‌ر پێشمه‌رگه‌ بكه‌ین ئه‌وا بارودۆخی باش نییه‌، ئه‌گه‌ر قسه‌ له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌كانیش بكه‌ین ئه‌وا په‌رله‌مان په‌كیكه‌وتووه‌و بۆشایی قانونیی هه‌یه‌.

- بێ مام جه‌لالی به‌به‌غداوه‌ دیاره‌؟
• به‌ڵێ‌ دیاره‌، ده‌زانی‌ بۆچی؟ چونكه‌ مام جه‌لال پیاوێك بوو چالاك بوو به‌هه‌موو مانایه‌كه‌وه‌، ده‌جوڵایه‌وه‌ كاریزماو كه‌سایه‌تییه‌كی به‌هێزی هه‌بوو، چه‌ترو له‌خۆگربوو بۆ هه‌موو عیراقییه‌كان. توانای‌ ئه‌و پیاوه‌ به‌جۆرێك بوو به‌ته‌لفۆنێك ده‌یتوانی كێی‌ بوویستایه‌ بیهێنایه‌ته‌ لای خۆی و هه‌موان رێزی زۆریان ده‌گرت.

- ده‌توانی‌ بڵێیت كورد نازی جارانی نییه‌؟
• له‌و ووڵاتانه‌ی‌ دامه‌زراوه‌ لاوازه‌، كه‌سایه‌تییه‌كان رۆڵی گرنگ و كاریگه‌ر ده‌گێڕن، مامجه‌لال ته‌جاوزی ناكۆكییه‌كانی كردبوو.

- دوای‌ موسڵ ئاینده‌ی‌ ناوچه‌كه‌ چۆن ده‌بینیت؟ هه‌ندێك ده‌ڵێن ره‌نگه‌ حه‌شدی شه‌عبی گرژی له‌ناوچه‌كه‌ دروستبكات؟
• هه‌موو ناكۆكییه‌كی چاره‌سه‌رنه‌كراو و دواخراو وه‌ك كێشه‌و گرفتی ته‌وقیتكراو ده‌مێنێته‌وه‌و هه‌میشه‌ ئاماده‌یه‌ بۆ ته‌قینه‌وه‌و وه‌كی چه‌كی سوار به‌رده‌وام ئاماده‌ ده‌بێت بۆ ته‌قاندنی. ئه‌زمونی توزخورماتوومان هه‌یه‌ ته‌جروبه‌یه‌كی تاڵ بوو به‌هه‌موو توانایه‌كمانه‌وه‌ تێكۆشاین بۆئه‌وه‌ی‌ رایگرین. یان پرسی ئاڵای كه‌ركوك هه‌موو توانایه‌كمان بۆ ئه‌وه‌یه‌ هێوری بكه‌ینه‌وه‌.

- بیستم په‌رله‌مانتارانی كورد جگه‌ له‌پارتی پاره‌تان كۆكردۆته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ بیده‌نه‌ پارێزه‌رو داوا له‌دژی حكومه‌تی عیراق بنوسن سه‌باره‌ت به‌جێبه‌جێنه‌كردنی یاسای بوجه‌ی‌ گشتیی و خه‌رجنه‌كردنی پاره‌ی‌ پێشمه‌رگه‌؟
• به‌ڵێ‌ راستده‌كه‌ی‌، په‌رله‌مانتارانی كوردستان خۆیان به‌نوێنه‌رانی كوردستان ده‌زانن.

- بۆ حزبه‌كانی كوردستان خۆیان ئه‌م كاره‌ ناكه‌ن؟
• جا ئه‌وێ‌ دونیایه‌كی دیكه‌یه‌و ئێره‌ش دونیایه‌كی دیكه‌یه‌.

- كه‌وایه‌ سه‌ركردایه‌تی كورد ئاگاداری به‌غدانین؟
• سه‌ركردایه‌تی كورد له‌دوره‌وه‌ ئاگاداری به‌غدایه‌، ئه‌و سه‌ركردایه‌تییه‌ی‌ ئێستا كه‌ ته‌حه‌كوم به‌دۆسییه‌ی‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌كات زانیارییه‌كانی كۆنه‌، دوورن، لێره‌ گرنگه‌ باسی مام جه‌لال بكه‌ین، مامجه‌لال خۆی لێره‌بوو ئاگاداری هه‌موو شتێك بوو، سه‌ركردایه‌تی كوردستان ئێستا به‌شێوازێكی كۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌كات.



بەیاننامە و لێدوان

Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure