سەرەتا
ئارام شێخ محەمەد بۆ پەرەگراف: كۆمسیۆن مل نەدات بۆ پەرلەمان كارلەسەر متمانە لێ سەندنەوەی دەكەین

6/1/2018

 

 

 

 

 

 

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد


جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق تەئكید لەوەدەكاتەوە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن ناتوانێت خۆی بدزێتەوە لە بڕیارەكانی پەرلەمان، بەپێچەوانەوە ئەگەر جێبەجێیان نەكات‌و مل نەدات بۆ پەرلەمان، كارلەسەر ئەوەدەكەن متمانە لە كۆمسیۆن بسەننەوە.

ئارام شێخ محەمەد، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ پەرەگراف، ئەوەڕەتدەكاتەوە مەترسی دروستبوونی شەڕی ناوخۆ هەبێت ئەگەر ئەنجامە ڕاگەیەندراوەكانی هەڵبژاردن گۆڕانكارییان بەسەردابێت، دەڵێت"ئەو قسانە ڕاست نین‌و بۆ خەڵك گەوجاندن‌و خەڵك ترساندنە.. ئەوە قسەیەكە كۆمسیۆن كردوویەتی بۆئەوەی پینەو پەڕۆی ئەو پۆخڵەواتە بكات كەخۆی كردوویەتی."

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ڕەخنەش لە نوسراوەكەی سەرۆكایەتی كۆمار دەگرێت كە دژی بڕیارەكانی پەرلەمان وەستاوەتەوە، ئارام شێخ محەمەد لەگەڵ خستنەڕووی كێشەی یاسایی لە نوسراوەكەی سەرۆك كۆماردا، دەشڵێت"هەوڵێكە بۆ لایەنگری كردن لەو تەزویرەی كە كراوە."

 

دەقی چاوپێكەوتنەكە

 

پەرەگراف: كۆمسیۆن ئامادەیی پیشان نەدا بڕیارەكانی پەرلەمان جێبەجێ بكات دەربارەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، ئەوان دەڵێن چاوەڕوانی ڕای دادگای فیدراڵین، ڕاتان لەسەر هەڵوێستەكەی كۆمسیۆن چییە؟ ئایا كۆمسیۆن پابەندە بەوەی بڕیارەكان جێبەجێ بكات؟

ئارام شێخ محەمەد: ئەو قسەیەی كۆمسیۆن ڕاست نییە، چونكە پەرلەمان دەسەڵاتی دەركردنی بڕیاری هەیە بەپێی مادەی 138ی دەستور فەقەرەی پێنجەم/ ئەلف باسی ئەوەدەكات بڕیارەكان لە تەنیشت یاسان‌و بەهەمان هێزی یاسا باسی كردووە، جگە لەوە ڕاڤەی كۆنی دادگای فیدراڵی باسلەوەدەكات ئەگەر بڕیارێك بۆ دەسەڵاتی جێبەجێ كردن بێت ڕەنگە مولزەم بێ ئەگەر دژبێت لەگەڵ یاسادا، ئەم بڕیارە بۆ دەسەڵاتی جێبەجێ كردن نییەو بۆ یەكێكە لە دەستە سەربەخۆكان كە سەربە پەرلەمانەو ملكەچە بۆ چاودێری پەرلەمان بەپێی یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2007و بەپێی دەستورو یاسای هەڵبژاردن، بۆیە بەهەموو ئەم تەفاسیل‌و دەستورانەی باسم كرد، كۆمسیۆن ناتوانێت خۆی بدزێتەوە لە هەر بڕیارێك كە پەرلەمان دەریبكات، لەلایەكی دیكە دادگای فیدراڵی ڕاڤەی دەقی دەستوری دەكات لەحاڵەتی ناكۆكیدا ئەگەر دروست ببێت، بەپێی تایبەتمەندی دادگای فیدراڵی، لە دەستوری عێراقیدا دەبێت تانە بدرێت نەك ئەوەی چاوەڕێی بەیانی ڕەئی بكات لەلایەن هەر لایەنێكەوە بێت، لەبەرئەوە ئەو قسەیەی كۆمسیۆن ڕاست نییە.

 

پەرەگراف: ئەگەر كۆمسیۆن بڕیارەكەی پەرلەمانی جێبەجێ نەكرد چی ڕوودەدات؟

ئارام شێخ محەمەد: ئەگەر جێبەجێی نەكرد، ئەوكاتە دەمێنێتەوەسەر دەستەی دادوەری كە چ بڕیارێك دەدات لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكە، ئایا ئەنجامەكە تێدەپەڕێنێت یان نا، لە حاڵەتێكی وادا ئەگەر كۆمسیۆن خۆی بدزێتەوە لەم بڕیارەی پەرلەمان لە دەسەڵاتی پەرلەماندا هەیە كە ئیعفای كۆمسیارانی ئێستای پەرلەمان بكات(بەخشین لەكارەكانیان) بەپێی دەستورو پەیڕەوی ناوخۆ.

 

پەرەگراف: ئەگەر پەرلەمان ئەو ئیعفایەی كرد پڕۆسەی هەڵبژاردن چی بەسەردێت؟

ئارام شێخ محەمەد: ئەگەر پڕۆسەی هەڵبژاردن ئاوا تێبپەڕێت‌و كۆمسیۆن مل نەدات بۆ پەرلەمان، خۆ پەرلەمان هەلیكۆپتەری نییە هەڵیسێنی ساروخیان پێوەنێ یان بیانداتەبەر دۆشكەو تۆپ، بڕیاری دەركردووەو خەریكین هەمواری یاسا دەكەین، ئەگەر كۆمسیۆن جێبەجێی نەكرد پەرلەمان ئەوكاتە كارلەسەر ئەوەدەكات متمانەی لێ بسەنێتەوە، لەو حاڵەتەدا بەتەنیشت ئەمەوە تا ئەم شەڕە لەگەڵ ئەماندا كۆتایی پێدێت دەمێنێتەوەسەر دەستەی دادوەری كە تانەكان یەكلایی بكاتەوەو بیخاتەبەردەم دادگای دەستوری بۆ پەسەند كردن.

 

پەرەگراف: هیچ مەترسییەك هەیە بۆ دروستبوونی شەڕی ناوخۆ لە عێراق لە ئەگەری هەڵوەشانەوەی ئەنجامە ڕاگەیەندراوەكان؟ وەك هەندێك لایەن باسی دەكەن.

ئارام شێخ محەمەد: ئەو قسانە ڕاست نین‌و قسەی كۆمەڵێك هێزی تەقلیدین بۆ خەڵك گەوجاندن‌و خەڵك ترساندنە، ساڵی 2010 دەستەی دادوەری لە بەغدا بڕیاریدا هەموو دەنگەكانی بەغداد جارێكی دیكە بەدەست هەژماربكرێتەوەو هەژماركرایەوەو پێكهێنانی حكومەت 6 مانگی خایاند ئەوەندە دواكەوت ئەوكاتەش دەیانوت گۆمی خوێن هەڵدەستێت لە بەغداو نەشبوو بە شەڕ، ساڵی 2013 تەزویری گەورەیان لە ئێمەكردو وتیان دەبێت بە شەڕی ناوخۆ ئەگەر دەنگە دزراوەكانی ئەلبیسەكە دەستكاری بكرێت‌و بگەڕێندرێتەوە، گێڕاشمانەوەو نەشبوو بە شەڕی ناوخۆ، 2014 وتیان ئەگەر مالیكی لابەرن بەغدا وێران دەكاو تەسلیمی ناكات، ڕاستیش نەبوو مالیكیش لاچوو عەبادیش هات‌و هیچیش ڕووی نەدا، ئەوە قسەیەكە كۆمسیۆن كردوویەتی بۆئەوەی پینەو پەڕۆی ئەو پۆخڵەواتە بكات كەخۆی كردوویەتی.

 

پەرەگراف: ئایا ئەندامانی دەستەی دادوەری كە سەیری تانەكان دەكەن، گومانیان لەسەر هەیە لایەنگری بكەن یاخود بابەتییانە مامەڵە دەكەن؟

ئارام شێخ محەمەد: تا ئەنجامەكە دەرنەچێت پێش وەخت من ناتوانم بڵێم چۆن كار دەكات‌و چۆن كار ناكات، چونكە دەستەیەكی دادوەریی سەربەخۆیە.

 

پەرەگراف: بەگشتی دۆخەكە بەرەو چ ئاڕاستەیەك دەڕوات، ئەنجامی هەڵبژاردنەكە هەڵدەوەشێتەوە یان ئاوا تێدەپەڕێت یان چی ڕوودەدات؟

ئارام شێخ محەمەد: نازانم جارێ، چونكە ئێمە لە هەوڵەكانمان بەردەوامین بۆئەوەی بەمشێوەیە نەڕوات.

 

پەرەگراف: هیچ گۆڕانكارییەك بەسەر هەڵوێستی لیستە گەورە براوەكاندا هاتووە بۆ پشتیوانیكردن لە گەڕانەوەی ئەو دەنگانەی هەندێك لایەن دەڵێن دزراوە؟ واتە ماف بۆ خاوەن ماف بگەڕێتەوە.

ئارام شێخ محەمەد: نەخێر، بەڵام هەندێك لە لیستە عەرەبییەكان وەك كورد دەڵێت، باڕەیان لێبەرز بووەتەوە لەدوای هەوڵەكانی ئێمەو كەوتوونەتە قسەكردن.


پەرەگراف: شیعەكانیش یان هەر سوننە؟

ئارام شێخ محەمەد: بە ڕەسمی هیچ لایەنێك لە لایەنە براوەكانی هەڵبژاردنی عێراقی عەرەبی بابڵێین، بە ڕەسمی قسەیەكیان لەم بارەیەوە نەكردووەو كاندیدەكانیان قسە دەكەن.

 

پەرەگراف: چۆن دەڕوانیتە نوسراوەكەی سەرۆكایەتی كۆمار كە بڕیارەكانی پەرلەمان بە نادەستوری ناودەبات‌و داوای ڕای دادگای فیدراڵی دەكات؟

ئارام شێخ محەمەد: ئەو نوسراوە لە ڕووی یاساییەوە كەوتووەتە كێشەوە كە داوای بەیان ڕەئی دەكات، خۆی داوای بەیان ڕەئی لە دادگای فیدراڵی ناكرێت داوای ڕاڤەی دەقی دەستوری لەو دادگایە دەكرێت، دووەم؛ ئەگەر پرسێك بابەتی ناكۆكی بێت لەنێوان دوولایەندا داوا لە دادگای فیدراڵی دەكەیت ئەوكاتە بە تانە داوای لێدەكەیت، چونكە ئەمە خێمەی عەشایەری نییە بڵێی وەرن ئەمەمان بۆ چارەسەر بكەن، ئەمە دەبێت بە تانە پێشكەشی بكەیت، ئەوە لە ڕووە یاساییەكەوە كە پەیوەندی بەخۆیانەوە هەیە. لە ڕووی بابەتییەوە ئەگەر تەفسیری بۆ بكەیت هەوڵێكە بۆ لایەنگری كردن لەو تەزویرەی كە كراوە.


پەرەگراف: ڕەخنەی ئەوە لە سەرۆك كۆمار دەگیرێت لە ڕابردوودا لە زۆر پێشێلكاری دەستوری بێدەنگ بووە، پێتوایە ئەم بەدەنگ هاتنەی ئێستای كاریگەری حزبیی لەسەر هەبێت؟

ئارام شێخ محەمەد: ئەو پرسیارە لەخۆی بكەن بڵێن چەند وەختە بێدەنگ بوویت بۆچی ئێستا قسە دەكەیت.

 

پەرەگراف



بەیاننامە و لێدوان

Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure