سەرەتا
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و نوێنه‌ری‌ تایبه‌تی‌ سكرتێری‌ گشتی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگروه‌كان کۆبونەوە

3/14/2018

ئارام شێخ محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری‌ تایبه‌تی‌ سكرتێری‌ گشتی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان پرسی‌ كێشه‌كانی‌ نێوان حكومه‌تی ئیتیحادی و هه‌رێم و موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران و به‌ڕێوه‌چونی پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن و ئایینده‌ی‌ سیاسی تاوتوێده‌كات.
 پاشنیوه‌ڕی‌ ئه‌مڕۆ ئارام شێخ محه‌مه‌د جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق له‌گه‌ڵ (یان كۆبیچ) نوێنه‌ری‌ تایبه‌تی‌ سكرتێری‌ گشتی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگروه‌كان له‌عێراق كۆبۆوه‌.
له‌سه‌ره‌تای‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا یان كۆبیچ سوپاسی هه‌وڵه‌كانی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی كرد بۆ لێكنزیكبونه‌وه‌و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان به‌غداو هه‌رێم به‌تایبه‌ت هه‌وڵه‌كان به‌ ئاراسته‌ی‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران و لێكتێگه‌یشتنی ئابوری‌ و دارایی و باشكردنی گوزه‌رانی هاوڵاتیان و جوڵه‌ی بازاڕ و چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، به‌تایبه‌ت پارێزگای‌ كه‌ركوك و ئاساییكردنه‌وه‌ی‌ دۆخی قه‌زای‌ دوزخورماتو.
نوێنه‌ری‌ تایبه‌تی‌ سكرتێری‌ گشتی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگروه‌كان له‌عێراق ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رده‌وام سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراقیان هانداوه‌ بۆ لابردنی‌ هه‌مو ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ی‌ دێنه‌ به‌رده‌م چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كان و خۆشحاڵی‌ خۆشی‌ ده‌ربڕی‌ به‌لێكنزیبونه‌وه‌ی‌ هه‌رێم و به‌غدا، له‌باره‌ی‌ به‌ڕێوه‌چونی‌ هه‌ڵبژاردنیشه‌وه‌ ڕایگه‌یاند: له‌پێناو به‌ڕێوه‌چونی‌ پرۆسه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ سه‌ركه‌وتو ئاماده‌ی‌ هه‌موكارییه‌كین و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان له‌په‌یوه‌ندی‌ به‌رده‌وامداین.
له‌ به‌رامبه‌ردا ئارام شێخ محه‌مه‌د باسی‌ له‌گرنگی‌ بڕیاری‌ كردنه‌وه‌ی‌ فرۆكه‌خانه‌كانی‌ هه‌ولێر و سلێمانی‌ كرد و به‌په‌یامێكی‌ ئیجابی‌ له‌قه‌ڵه‌مدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كانی‌ تری‌ نێوان هه‌رێم و به‌غداو له‌سه‌رو هه‌موشیانه‌وه‌ ناردنی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران كه‌ ڕاسته‌وخۆ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی‌ ده‌بێت له‌سه‌ر باشبونی‌ دۆخی‌ ئابوری‌ خه‌ڵك و جوڵه‌ی‌ بازاڕ، له‌و میانه‌شدا ستایشی‌ هه‌وڵه‌كانی‌ نوێنه‌ری‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كانی‌ كرد كه‌ به‌رده‌وام هاوكار و پشتیوانیان بوه‌ بۆ نزیككردنه‌وه‌ی‌ لایه‌نه‌ عێراقیه‌كان به‌گشتی‌ و هه‌رێم و به‌غدا به‌تایبه‌تی‌.
ته‌وه‌رێكی‌ تری‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت بو به‌ پرسی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ئاینده‌ی‌ عێراق و له‌وچوارچێوه‌یه‌دا هه‌ردولایان ته‌ئكیدیان له‌پێویستی‌ ڕه‌خساندنی‌ كه‌شێكی‌ ئازاد و هێمن كرد بۆ هاوڵاتیان تا بتوانن ئیراده‌ی‌ خۆیان به‌رجه‌سته‌بكه‌ن.

نوسینگه‌ی‌ ڕۆژنامه‌وانی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق 14/3/2018



بەیاننامە و لێدوان

Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure