سەرەتا
ئارام شێخ محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه‌ى كورته‌ باڵاكانى كوردستان كێشه‌ و پێداویسته‌كانیان تاوتوێده‌كات

3/22/2018

نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ ئارام شێخ محه‌مه‌د جێگرى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له‌شارى به‌غدا پێشوازیكرد له‌سه‌رۆك و ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانى كۆمه‌ڵه‌ى كورته‌ باڵاكانى كوردستان كه‌ مه‌به‌ستى گه‌یاندنى داواكارییه‌كانیان كۆمه‌ڵێك دیدار و كۆبونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى حكومه‌ت و هێز و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانى عێراق ئه‌نجامداوه‌.
له‌ده‌ستپێكى دیداره‌كه‌دا سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى كورته‌ باڵاكان ئاماژه‌ى به‌دۆخى ناله‌بارى ژیانیان كرد و ڕایگه‌یاند: قه‌یرانى دارایى بارگرانیه‌كانى سه‌رشانى له‌ڕاده‌به‌ر سه‌ختكردون و به‌رپرسانى هه‌رێمیش نادادپه‌ره‌وه‌ربون له‌گه‌ڵیان و ده‌ستیان بۆ ئه‌و موچه‌ كه‌مه‌ش درێژكردوه‌ كه‌ به‌شى لانى كه‌مى پێداویستیه‌كان ناكات، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، په‌رله‌مان و حكومه‌تى هه‌رێم كورته‌باڵاكانیان پیشتگوێخستوه‌ هه‌ر له‌خزمه‌تنه‌كردنیانه‌وه‌ تاده‌گاته‌ په‌راوێزخستنیان له‌داو ده‌زگاكانى ده‌وڵه‌تدا.
داواشیان له‌جێگرى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق كرد هه‌وڵه‌كانی چڕبكاته‌وه‌ له‌پێناو گه‌یاندنى داواكارییه‌كانیان و جێكردنه‌وه‌ى ئه‌و یاسایانه‌ى كه‌ خزمه‌ت به‌ خه‌ڵكى كوردستان به‌گشتى و خاوه‌ن پێداویستیه‌ تایبه‌ته‌كان ده‌كات به‌دیاریكراوى.
لاى خۆیه‌وه‌ جێگرى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران ڕایگه‌یاند: لایه‌نى په‌یوه‌ست به‌كێشه‌و مافه‌كانى ئێوه‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مانى كوردستانه‌ و له‌سه‌ر ئه‌وانه‌ ئه‌رك و ئیمتیازاتى چین و توێژه‌ جیاوازه‌كان به‌شێوه‌یه‌كى دادپه‌روه‌رانه‌ ڕێكبخه‌ن و ئاوڕى زیاتریش له‌و توێژانه‌ بده‌نه‌وه‌ كه‌ ده‌رفه‌تى كار و به‌ده‌ستهێنانى بژێوییان به‌شێوه‌یه‌كى شایسته‌ بۆ نه‌ڕه‌خساوه‌.
وتیشى: به‌داخه‌وه‌ وه‌ك نوێنه‌رانى كورد به‌درێژایى ماوه‌ى ڕابردو په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تى هه‌رێم باشنه‌بوه‌ و وه‌ك پێویست هاوكارمان نه‌بون، ئه‌وه‌ش ڕه‌نگدانه‌وه‌ى هه‌بوه‌ له‌سه‌ر له‌ده‌ستدانى هه‌ندێك له‌ماف و شایسته‌كانى هاوڵاتیانى هه‌رێم.
ئاماده‌یى هه‌مو پشتیوانی و كارئاسانیه‌كى پیشاندا بۆ به‌جێگه‌یاندنى هه‌مو ئه‌و داواكارییانه‌ى له‌چوارچێوه‌ى ئه‌رك و مه‌هامى ئه‌واندایه‌، جه‌ختیشى كرد وه‌ك نوێنه‌رانى كورد له‌دامه‌زراوه‌ى یاسادانانى ئیتحادى به‌رگرى له‌مافى سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانى هاوڵاتیانى كوردستان ده‌كه‌ن به‌بێ جیاوازى.
نوسینگه‌ى ڕۆژنامه‌وانى جێگرى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق
15/3/2018



بەیاننامە و لێدوان

Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure