جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران: ڕێکاری پێویست دژ بەم دەستدرێژییە بەردەوامانەی تورکیا بگرنەبەر
3/22/2018
بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی شەهیدبونی چوار هاوڵاتی سڤیلمان لە ناوچەی دۆڵی باڵەیان پێگەیشت لەئاکامی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا.
ئێمە لەکاتێکدا ئەم دەستدرێژیی و تاوانکارییە ڕون و ناڕەوایەی دەسەڵاتدارانی تورکیا ئیدانە دەکەین، ئەوەیان بەبیر دەهێنینەوە کە دەستدرێژیکرنە سەر ژیانی هاوڵاتیانی وڵاتێکی هاوسێ وێڕای ئەوەی پێشێلکردنی سەروەری خاک و عورف و یاسا نێودەوڵەتیەکان و ڕێزنەگرتنە لەبنەمای پاراستنی دراوسێتی باش، هیچ گومانێکیشمان نیە کە دەستەبەرکردنی ئاسایش و ئۆقرەیی بەخوێنڕشتن و خولقاندنی جەنگ و پشێوی فەراهەمنابێت، بگرە ئاڵۆزی و ناسەقامگیری لەناوچەکە بەگشتی قوڵتر دەکاتەوە.
داوا لە حکومەتی فیدڕاڵی و وەزارەتی دەرەوەی عێراق و لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق دەکەم وەک بەرپرسیارو لایەنی پەیوەیست بە پاراستنی سەروەری وڵات، ڕێکاری پێویست دژ بەم دەستدرێژییە بەردەوامانەی تورکیا بگرنەبەر کە تائێستا بەهۆیانەوە دەیان هاوڵاتی شەهید و برینداربون و زیانێکی مادی گەورەش بەر هاوڵاتیانی ناوچە سنورییەکان کەوتوە.
لەم بۆنە خەمناکەدا پرسەو سەرخۆشی خۆم بەکەسوکاری شەهیدەکان دەگەیەنم و هیوادارم دوا کۆست و ناخۆشییان بێت.
ئارام شێخ محەمەد
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
۲۲/۳/۲٠۱۸