ئارام شێخ محهمهد: پێویستە ئاڵۆزیەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێت
NRT
ئارام شێخ محەمەد جێگری سەرۆكی ئهنجومهنی نوێنهرانی عێراق سەبارەت بە رێكەوتنی نەوتی نێوان هەرێم و بەغدا به NRT راگەیاند، پێویستە هەوڵبدرێت ئاڵۆزیەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەڕیگەی سەردان و گفتوگۆوە چارەسەر بكرێت.
جێگری سەرۆكی ئهنجومهنی نوێنهرانی عێراق وتی "تا ئێستا ئەوەی لە نێوان هەرێم بەغداد دەربارەی نەوت ڕێككەوتنی لەسەر كراوە ڕون نییە، چونكە هەرێم دەڵێت ڕێككەوتنە و لێپرسراوە عێراقیەكان دەڵێن لێكحاڵیبونە و ڕێككەوتن نەكراوە".
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوەندەی ئەوان ئاگاداربن شاندی هەرێم لە كۆبونەوەكانی لەگەڵ لێپرسراوە عێراقیەكان ڕونكردەوە دەداتە حكومەتی ئتیحادی، چونكە حكومەتی هەرێم دەڵێت ناتوانێت بە تێكرایی ئەو بڕە نەوتە هەناردە بكات، چونكە كێشەی تەكینیكی هەیە و حكومەتی بەغداش گومانی هەیە.
جێگری سەرۆكی ئهنجومهنی نوێنهرانی عێراق وتیشی" بۆ ڕەواندنەوەی گومانەكان باشتر وایە گفتوگۆو سەردان هەبێت بۆ ئەوەی رێكەوتن هەبێت، پێكهاتن لەسەر ئەو دۆسیەیە دەبێتە رێككەوتنێكی دارایی و ئابوریش لە نێوان هەرێم و بەغدا، جگە لەوەش خەڵكیش بە تەواوی ئاگادار دەبن لە دۆخەكە".
دەربارەی بەشداری ئەوان لە كۆبونەوەكانی نێوان شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ئیتیحادی " ئارام شێخ محەمەد ئاماژەی بەوەكرد كۆبونەوەكە كۆبونەوەیەكی حكومیەو ئەوان بەشداری ناكەن".
سەبارەت بە دواكەوتنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان و رۆڵی ئەوان لەوبارەیەوە، جێگری سەرۆكی ئهنجومهنی نوێنهرانی عێراق وتی: "ئەوان وەك نوێنەرانی كورد لە بەغدا هەمو هەوڵێكی خۆیان خستۆتە گەڕ لەو بوارەدا، بەتایبەت لە چەسپاندنی 17%ی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان و بودجەی پێشمەرگە".
ئارام شێخ محەمەد، وتیشی "ئەوەی بۆتە ڕێگری لەبەردەم ڕیكەوتنی نەوتی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی ئیتیحادی ئەوەیە، ئەگەر لایەنێك پابەندی ڕێكەوتنەكە نەبوو لایەنەكەی تریش پابەند نابێت پێوەی، بۆیە دەبێت هەم هەرێم هەم بەغدادش پابەند بن بەڕێكەوتنەكەوە".
ڕێککەوتننامەی هەولێر و بەغدا لە دو کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٤ واژۆکرا، بەپێی رێکەوتننامەکە دەبێت هەولێر رۆژانە لەکێڵگەکانی هەرێمی کوردستانەوە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ بکات و یارمەتی حکومەتی عێراقیش بدات لەگواستنەوەی ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی کەرکوک بۆ بەندەری جیهانی تورکی، لەبەرامبەردا حکومەتی عێراق پابەند دەبێت بەناردنی پشکی ١٧%ی بودجەی عێراق بۆ هەرێم و یەک ترلیۆن و ٢٠٠ ملیار دیناری پێشمەرگەش دەدات.
http://nrttv.com/detailnews/2015/02/14/1235477855466