جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق: جێبەجێنەکردنى رێکەوتنەکان پرۆسەى سیاسى دەگەڕێنێتەوە چوارگۆشەى یەکەم
sbeiy
ئارام شێخ محەمەد، جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق رایدەگەیەنێت؛ جێبەجێنەکردنى رێکەوتنى سیاسى نێوان لایەنەکان پرۆسەى سیاسى دەهێنێتەوە چوارگۆشەى یەکەم، بۆئەوەش بەپێویستى دەزانێت کوتلە سیاسیەکان پابەندبن بە رێکەوتنى سیاسى نێوانیان کە حکومەتى نوێى عێراقى پێکهێنا.
ئەمڕۆ شەممە، دواى ئاڵۆزیەکانى ناو پەرلەمان، ئارام شێخ محەمەد لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵەکانى راگەیاندن، ئاماژەى بە گرنگى پەیوەستبونى کوتلە سیاسیەکانى ناو ئەنجومەنى نوێنەران و هێزە بەشدارەکانى ناو حکومەت کرد بە رێکەوتنى سیاسی نێوان سەرجەم لایەنەکان کە لەسەر ئەو بنەمایە حکومەت بە سەرۆکایەتى حەیدەر عەبادى پێکهێنراوە.
جەختى لەوەشکردوەتەوە کە جێبەجێنەکردنى بڕگەکانى ئەو رێکەوتننامەیە بەدڵنیاییەوە کاریگەرى دەبێت لەسەر ئاشتەوایى نیشتیمانى و چەقبەستنى دۆخى سیاسى و گەڕاندنەوەى بۆ چوارگۆشەى یەکەم و دروستکردنى جۆرێک لە دڵەڕاوکێ و دەشڵێت: "ئاشتەوایى راستەقینە پێویستى بە دروشم نیە، بەڵکو پێویستى بە کردار و نیەتى رون و کارکردن و خستنەگەڕى هەوڵەکانە".
جەختى لەوەشکردوەتەوە کە سبەینێ شاندێکى باڵاى هەرێمى کوردستان سەردانى بەغدا دەکەن بۆ وتوێژ لەگەڵ بەرپرسانى حکومەتى ناوەند لەبارەى رێکەوتنى پێشوى نێوان هەولێر و بەغدا و بابەتى هەناردەى نەوت و پشکى دارایى هەرێمى کوردستان لە بودجەى عێراق.
http://sbeiy.com/Detail.aspx?id=42743&LinkID=6