سەرەتا
به‌یاننامه‌ی‌ جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران له‌باره‌ی‌ شه‌هیدكردنی سێ پێشمه‌رگه‌ دیله‌كه‌ به‌ده‌ستی چه‌كدارانی داعش

نوسینگه‌ی‌ ڕۆژنامه‌وانی‌

جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق، ڕه‌خنه‌ له‌ هاوپه‌یمانی‌ دژه‌ داعش و كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ده‌گرێت و به‌بێ هه‌ڵوێست وه‌سفیان ده‌كات به‌رامبه‌ر به‌ شه‌هیدكردنی‌ ڕۆڵه‌كانی‌ كورد دور له‌هه‌مو به‌ها مرۆیی‌ و ڕێسا و یاسا زه‌مینی‌ و ئاسمانیه‌كان و پاراستنی‌ مافی‌ دیل له‌لایه‌ن تیرۆرستانی‌ داعشه‌وه‌، داواش له‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌كانی‌ هه‌رێم و وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌كات، هه‌رچی‌ توانایان هه‌یه‌ بیخه‌نه‌ گه‌ڕ بۆ ڕزگاركردنی‌ پێشمه‌رگه‌ دیله‌كان.
نوسینگه‌ی‌ ڕۆژنامه‌وانی‌ ئارام شێخ محه‌مه‌د جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕایده‌گه‌یه‌نێت، جارێكی‌ تر تیرۆرستانی‌ داعش، دور له‌هه‌موو ڕێسا و یاسا ئاسمانی‌ و زه‌مینیه‌كان و به‌ها مرۆیی‌ و ئه‌خلاقییه‌كان ته‌نانه‌ت دور له‌ بنه‌ماكانی‌ پاراستنی‌ مافی‌ دیل له ‌ئایینی‌ پیرۆزی‌ ئیسلام،  سێ‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ قاره‌مانیان به‌دڕندانه‌ترین شێوه‌ شه‌هیدكرد، كه‌ ته‌نها تاوانیان ئه‌وه‌یه‌ كوردبون و به‌رگریان له‌ خاك و نیشتمانیان كردوه‌.
جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، گه‌لی‌ كورد و گه‌لانی‌ ڕۆژهه‌ڵات له‌كاتێكدا یادی‌ له‌گۆڕنانی‌ زوحاكی‌ سته‌مكار ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌مڕۆ گروپێكی‌ سته‌مكار و زوحاك په‌رست له‌ژێر ناوی‌ داعشدا،  رۆڵه‌كامان به‌دڕندانه‌ترین شێوه‌ تیرۆر ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت به‌و ڕه‌فتاره‌ نامرۆڤانه‌یان زه‌فه‌ر به‌وره‌ی‌ پۆڵاینی‌ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانمان به‌رن، كه‌ ئه‌وه‌ خه‌ونه‌و ئه‌زمونی‌ ده‌یان ساڵه‌ی‌ ڕابردوش ئه‌وه‌ی‌ سه‌له‌ماندوه‌ گه‌لی‌ كورد به‌و تاوانانه‌ نه‌ك چاوترسێن نابێت، به‌ڵكو ڕق ئه‌ستورتر و شێلگیرتر ده‌بێت له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی‌ ته‌واوی‌ مافه‌ نه‌ته‌وه‌یییه‌كانی‌.
ئارام شێخ محمه‌د ڕه‌خنه‌ش له‌هاوپه‌یمانانی‌ دژه‌ داعش  ده‌گرێت و ده‌ڵێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ خوازیاری‌ بووین پرۆسه‌ی‌ ڕیشه‌كێشكردنی‌ تیرۆرستانی‌ داعش له‌عێراق به‌خێرای‌ به‌رێوه‌ناچێت و خاوبونه‌وه‌یه‌كی‌ زۆری‌ پێوه‌ دیاره‌، به‌تایبه‌ت له‌م ماوه‌ی‌ دواییدا، بۆیه‌ داوا له‌كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ده‌كه‌ین، هێرشه‌كانی‌ بۆ سه‌ر ئه‌و گروپه‌ دڕه‌نده‌و دڵڕه‌قه‌ چڕ بكاته‌وه‌و په‌له‌بكات له‌ڕزگاری‌ مرۆڤایه‌تی‌ له‌و به‌ڵا كوشنده‌یه‌.
دڵنیاشین، پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانمان چۆن تۆڵه‌ی‌ شه‌هید هوجام سورچیان كرده‌وه‌و بكوژه‌كه‌یان به‌سزا گه‌یاند، لێناگه‌ڕێن بكوژانی‌ ئه‌و سێ‌ شه‌هیده‌ش ئه‌و تاوانه‌یان به‌سه‌ردا تێپه‌ڕێت.
وێڕای‌ سه‌رخۆشیمان له‌ كه‌سوكاری‌ ئه‌و سێ‌ شه‌هیده‌ قاره‌مانه‌ و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی‌ ڕێگای‌ ڕزگاری‌ كوردستان، داوا له‌هه‌رسێ‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی‌ هه‌رێم و وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندداره‌كان ده‌كه‌ین هه‌رچیان له‌ده‌ستدێت بۆ ڕزگاركردنی‌ گیانی‌ پێشمه‌رگه‌ دیله‌كانی‌ تر بیكه‌ن.

نوسینگه‌ی‌ ڕۆژنامه‌وانی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق

20-3-2015



بەیاننامە و لێدوان

Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure