سەرەتا
رونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ جێگری‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران-ه‌وه‌

نوسینگه‌ی‌ ڕۆژنامه‌وانی‌

جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق، ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌، ڕێگه‌ی‌ نه‌دابێت له‌ هوڵی‌ په‌رله‌مان به‌یاننامه‌ له‌باره‌ی‌ تاوانی‌ دژ به‌ئه‌رمه‌نه‌كان بخوێنرێته‌وه‌، ده‌شڵێت، ئه‌وانه‌ی‌ ئه‌و پڕوپاگه‌ندانه‌ ده‌كه‌ن، با به‌ڵگه‌كانیان بخه‌نه‌ڕو.
نوسینگه‌ی‌ ڕۆژنامه‌وانی‌ ئارام شێخ محه‌مه‌د، له‌ ڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا ڕایده‌گه‌یه‌نێت، چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبه‌ر هه‌ندێك له‌ پێگه‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كان ده‌نگۆی‌ ئه‌وه‌یان بڵاوكرده‌وه‌، گوایه‌ ئارام شێخ محه‌مه‌د ڕێگه‌ی‌ له‌په‌رله‌مانتارێكی‌ عێراق گرتبێت، به‌یاننامه‌یه‌ك له‌ باره‌ی‌ تاوانی‌ دژ به‌ئه‌رمه‌نیه‌كان بخوێنێته‌وه‌.
جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق، ده‌شڵێت، له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند ڕۆژی‌ ڕابردودا به‌پێویستمان نه‌زانی‌ وه‌ڵامی‌ ئه‌و پڕوپاگه‌ندانه‌ بده‌ینه‌وه‌، كه‌ سه‌رچاوه‌و ئامانجه‌كه‌ی‌ ڕوونه‌، به‌ڵام دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌م لاو ئه‌ولا هه‌ندێك كه‌س، به‌ناوی‌ به‌رگریكردن له‌مافه‌كانی‌ مرۆڤ قسه‌یان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌كرد، به‌گرنگمان زانی‌ خه‌ڵكی‌ عێراق به‌گشتی‌ و كوردستان به‌تایبه‌تی‌ له‌وه‌ ئاگادار بكه‌ینه‌وه‌، كه‌ وه‌رگرتنی‌ ڕه‌زامه‌ندی‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ی‌ به‌یاننامه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق پێویستی‌ به‌ڕه‌زامه‌ندی‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌، كه‌ له‌سه‌رۆك و دوو جێگر پێكدێت، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كاتێك هاتووه‌ بۆ لای‌ ئێمه‌ ڕه‌زامه‌ندی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌ن و جێگره‌كه‌ی‌ وه‌رنه‌گرتوه‌، به‌ڵام بێئه‌وه‌ی‌ ئه‌و كاره‌بكات، له‌ هه‌ندێك له‌ڕاگه‌یاندنه‌وه‌كانه‌وه‌ ئه‌وه‌ی‌ بڵاوكردۆته‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ ڕێگریمان لێكردووه‌، ئێمه‌ له‌كاتێكدا ئه‌و پڕوپاگه‌ندانه‌ ڕه‌تده‌كه‌ینه‌وه‌، دواش له‌و به‌ڕێزه‌و هه‌موو ئه‌وانه‌ش ده‌كه‌ین كه‌ بێئاگایه‌نه‌ تۆمه‌تی‌ ناڕه‌وامان ده‌خه‌نه‌ پاڵ، بابه‌ڵگه‌كانیان بخه‌نه‌ڕو، ئه‌وسا ئێمه‌ له‌به‌رده‌م خه‌ڵكی‌ كوردستان، ملمان له‌موو باریكتره‌.

نوسینگه‌ی‌ ڕۆژنامه‌وانی‌ ئارام شێخ محه‌مه‌د، جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق
27-4-2015



بەیاننامە و لێدوان

Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure