ئارام شێخ محەممەد: عەبادی ئامادەیە پێشوازی لە شاندی هەرێمی كوردستان بكات
rudaw
جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیێنێت، حەیدەرعەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئامادەیە بۆ تاوتوێكردنی كێشە دارایەكانی نێوان هەولێر و بەغدا پێشوازی لە شاندی هەرێمی كوردستان بكات".
گوتیشی "عەبادی خۆی لەسەر هێڵە بۆ ئاسایی كردنەوەی دۆخی دوزخورماتوو".
ئارام شێخ محەمەد، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ (تۆڕی میدیایی رووداو) ئاشكرای كرد، دوێنێ (15ی تشرینی دووەمی 2015) لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی حكومەتی فیدراڵی عێراق كۆبوەتەوە.
لەبارەی ئامانجی كۆبونەوەكە، ئارام شێخ محەمەد رایگەیاند، لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك باسیان لە چەند تەوەرێك كردوە، لەوانەی كێشە دارایەكانی نێوان هەرێمی كورستان و بەغدا.
گوتیشی "عەبادی ڕایگەیاندوە ئامادەیە پێشوازی لەوەفدی هەرێمی كوردستان بكات تا پێكەوەو بەهەمووان بیر لە چارەسەرێكی گونجاو بكەینەوه".
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق باسی لەوەش كرد، حەیدەر عەبادی خۆی لەسەر هێڵە بۆ ئاسایی كردنەوەی دۆخی دوزخورماتوو. راشیگەیاندوە "هەردوو لایەنی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندی لەهەوڵی ئاسایی كردنەوەی دۆخی دوزخورماتووداین".
ئارام شێخ محەمەد ئاشكراشی كرد بۆ رونكردنەوەی بڕگە جیاجیاكانی پڕۆژە یاسای بودجەی 2016ی عێراق، هەر یەك لە وەزیرانی دارایی و نەوت و پلاندانان ئامادەیی كۆبونەوەی سبەینێ (17ی تشرینی دوەمی) ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبن.