ئارام شێخ محهمهد: لێکۆڵینەوە لەهەموو بەرپرسان دەکرێت
دواڕۆژ
پەرلەمانی عێراق لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لەو پارانە دروستدەکات کە براونەتە دەرەوەی عێراق، جێگری سەرۆکی پەرلەمانیش رایدەگەیەنێت، لێکۆڵینەوەکە سەرجەم پارەی بەرپرسان بەوانەی هەرێمیشەوە دەگرێتەوە.
لەمیانەی دانیشتنی ئەمڕۆیدا پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لەو پارانە بکات کە بۆ دەرەوەی عێراق دزەپێکراون.
ئارام شێخ محەمەد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە دواڕۆژی راگەیاند، لیژنەکە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان سەرۆکایەتی دەکات و نوێنەرانی لیژنە پەیوەندیدارەکانی وەک یاسایی، دارایی، دەسپاکی و لێپێچینەوە و دادپەروەی ئەندام دەبن تیایدا.
وتیشی، کاری لیژنەکە بریتی دەبێت لە دیاریکردنی بابەتەکانی تایبەت بەو بوارە و کۆکردنەوەی زانیاری لەبارەی ئەو پارانەی لەلایەن بەرپرسانی عێراقەوە براونەتە دەرەوە، دواتریش دانیشتنێکی تایبەتی پەرلەمانی لەسەر ئەنجام دەدرێت.
جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئەوەشی وت، لەسەر زانیاری و کارەکانی لیژنەکە رێوشوێنەکان لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە دیاریدەکەن.
ئاماژەشیدا، مەبەستمانە هەندێک لایەنی دیکە لە دەرەوەی پەرلەمان بەشداری لە لیژنەکەدا بکەن وەک دەستەی دەسپاکی و ئەنجومەنی دادوەری و وەزارەتی دەرەوە، بەهۆی ئەوەی هەندێک لە رێوشوێنەکان پێویستیان بەو دامەزراوانە هەیە، بەتایبەتیش بەهۆی ئەوەی هەندێک لە بەرپرسان لە پاش ماوەیەک لە چونە دەسەڵات چەند حساباتێک لەدەرەوەی وڵات بەناویانەوە کراوەتەوە.
دەربارەی ئەوەی ئایا لێپێچینەوەکە ئەو پارانەش دەگرێتەوە کە دەوترێت لەلایەن بەرپرسانی هەرێمی کوردستانەوە براوەتە دەرەوە ئارام شێخ محەمەد رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لەهەموو بەرپرسان دەکرێت، پەرلەمانی عێراق پەرلەمانی فیدراڵییە و مافی لێپێچینەوەی لە هەمووان هەیە.
لینكی ههواڵهكه