سەرەتا
ئارام شێخ محەممەد: کورد لە بەغدا یەکهەڵوێستە

rudaw

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە پێویستی دەزانێت نوێنەرایەتی كورد لە عێراق نوێنەرایەتییەکی نەتەوەیی بێت لەسەر بنەمای هاوبەشی سیاسیی و پەیوەست بە پرسەکانی کورد و دەشڵێت"بە بەردەوامی یەکهەڵوێستبووین لەسەر هەموو پرسە جیاوازەکان هەڵوێستمان یەکخستووە".

ئارام شێخ محەممەد، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی رووداو لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی تەکنۆکرات لە عێراق و پشکی کورد لەو حکومەتە تەکنۆکراتە رایگەیاند "بەشێوەیەکی گشتی ئەوەی پەیوەندی بە پرسەکانی کوردەوە هەیە لە بەغدا و ئەنجوومەنی نوێنەران بە بەردەوامی یەکهەڵوێستبووین لەسەر هەموو پرسە جیاوازەکان و هەڵوێستمان یەکخستووە، لە ئێستا و لە رابردووشدا یەکگوتار و یەکهەڵوێست بووینە".

ئارام شێخ محەممەد گوتیشی "ئێمە وەکو کورد و فراکسیۆنە کوردستانییەکان رامانگەیاندووە لەگەڵ هەموو چاکسازییەکداین، ئەوەی پەیوەندی بە نوێنەرایەتی ئێمەوە هەیە وەکو کورد لە بەغدا وەک بەشێک لە پێکهاتەی ئەنجوومەنی نوێنەران لەگەڵ هەموو فراکسیۆنەکانی دیکە، کە دوو پێكهاتەی دیکەی سەرەکین، ئەوانیش هاوپەیمان هێزە عێراقییەکان و هاوپەیمانی نیشتمانی، بەڵام پێمانوایە رەهەندەکانی ئەو کارەی عەبادی دەیکات، روون نییە".

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژە بەوە دەدات، کە ئەوان خۆیان بۆ چەند ئەگەرێک ئامادە کردووە، لە گۆڕانکارییەکان "لە ئەگەری گۆڕانکاری لە هەر وەزارەتێک کە پشکی کوردە، لەرووی چەندایەتییەوە 20% ئەنجوومەنی نوێنەران پێکدەهێنین، بۆیە دەبێت 20% پشکەکانمان پێبدرێت، دوای ئەوەش ئێمە ئامادەین چاو بە پۆستەکان لەنێوان لایەنە سیاسییە کوردییەکاندا بخشێنینەوە بۆ دابەشکردنەوەی پۆستەکان بەپێی ئەو گۆڕانکارییانەی دەکرێن".

ئارام شێخ محەممەد ئاماژە بەوەش دەدات، کە ئەوان تەئکیدیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە، کە نوێنەرایەتیکردنی ئەوان لە حکوم لە عێراقدا "دەبێت نوێنەرایەتییەکی نەتەوەیی بێت لەسەر بنەمای هاوبەشی سیاسیی".

ئارام شێخ محەممەد رایگەیاند، هەموو ئەو ناوانە رەتدەکەنەوە، کە بەدەر لە فراکسیۆنە کوردییەکان پێشکەش بە حکومەتە تەکنۆکراتەکەی عەبادی کراوە، هۆکاری ئەوەش دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی، کە خەڵک دەنگی بە فراکسیۆنە کوردییەکان داوە بۆ ئەوەی نوێنەرایەتیان بکات، "لەلایەکی دیکەوە سیستەم لێرە سیستمێکی پەرلەمانییە، بۆ ئەوەی وەزیرێک پەسندبکرێت دەبێت لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگی پێبدرێت، کەواتە چۆن دەنگ بە کەسێک دەدرێت کە نوێنەری تۆ نەبێت، ئەی هەڵبژاردن بۆچی کراوە".

لەبارەی گەڕانەوەی نوێنەرانی کورد لە بەغدا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت "هەموو لایەنە سیاسییەکان تاوەکو ئێستا نەیانگوتووە، لەپرۆسەی سیاسی دەکشێینەوە، بەپێچەوانەوە لە بەغدا گفتگۆی هەموو حیزبە سیاسییە کوردستانییەکان لەسەر ئەوەیە پشکەکانی کورد چی لێدێت و چی لێنایێت، بۆیە پێویست بەوە ناکات کەس موزایەدە بکات و لە کوردستان بە جۆرێک قسە بکات و لە بەغداش بە جۆرێکی دیکە قسە بکات".

ئارام شێخ محەممەد دەشڵێت "هیچ حیزبێکی سیاسیی بە ئێمە نەگوتووە ئێمە پشتیوانتان نابین و لە بەغدا وەرنەوە، هیچ حیزبێکی سیاسیی ئەو قسەیەی بە هیچ فراکسیۆنێکی خۆی لە بەغدا نەگوتووە، بڕیاری گەڕانەوەی کورد لە بەغدا بڕیاری حیزبە سیاسییەکانە، نەک ئێمە".

لەبارەی دۆخی ئەمنی ناوچەی سەوز، ئارام شێخ محەممەد رایگەیاند، هەندێك جوڵە هەیە و هێزێكی ئەمنی زۆریش لە ناوچەی سەوز بڵاوەیان پێكراوە.

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بە مانگرتنەكەی موقتەدا سەدر كرد و رایگەیاند "دوو تەفسیری بۆ دەكرێت، كە یەكەمیان وەك فشارێك بەكاریدەهێنێت و دووەمیش بۆ راگرتنی خۆپیشاندەرانە لەهەر ئەگەرێكی خراپ".

 

لینكی‌ هه‌واڵه‌كه‌ له‌ روداو



بەیاننامە و لێدوان

Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure