وتاری ئارام شێخ محه‌مه‌د له قه‌زای سه‌یدسادق
3/24/2015
ئه‌مڕۆ ئارام شێخ محه‌مه‌د، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئه‌مڕۆ به‌شداریكرد له 27 ساڵیادی جینۆسایدكردنی قه‌زای سه‌یدسادق و له وتارێكدا ته‌ئكیدی له‌وه‌كرده‌وه كه له هه‌وڵدا ده‌بن بۆ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی زیانلێكه‌وتوانی ده‌ستی رژێمی به‌عس له ناوچه‌كه.
ده‌قی وتاره‌كه
خه‌ڵكی سه‌یدسادقی خۆشه‌ویست، شاری وه‌لی دێوانه‌و بڕیاری جوانه‌مه‌رگی شه‌هیدی خزمه‌تگوزرای، ئێمه‌ی كورد قه‌ده‌رمان وایه، هه‌میشه ناخۆشی و كاره‌ساته‌كان كۆمانده‌كاته‌وه، ئه‌وه‌ی زامه‌كانیش قوڵترده‌كاته‌وه، له‌بری یادكردنه‌وه‌ی شه‌هیدو قوربانیه‌كانمان، ئه‌م بۆنانه‌ش ده‌بنه وێستگه‌یه‌ك بۆ هه‌ڵڕشتنی گله‌یی و گازه‌نده‌ی هاوڵاتیان و چه‌ند باره‌كردنه‌وه‌ی داوای، به‌ڵێنه جێبه‌جێنه‌كراوه‌كانی حكومه‌ته یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.
خۆشه‌ویستان، ده‌زانین به‌لێنی زۆرتان پێدراوه به‌ڵام به‌داخه‌وه تائێستا مه‌ره‌كه‌بی سه‌ركاغه‌زه‌و چوارچێوه‌ی قسه‌ی تێنپه‌ڕاندوه، ئیتر ده‌بێ ئه‌و قۆناغه تێپه‌ڕێت، ئه‌وه‌ی گرنگه ئێوه بیزانین، ئێمه له‌سه‌رو به‌ندی ئاماده‌كردنی دو ڕاپۆرتی تێروته‌سه‌لداین، كه یه‌كێكیان بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌و ئه‌وی دیكه‌شیان بۆ به‌غدایه، كه به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ خوشك و براكانمان له‌سه‌رجه‌م فراكسیۆنه كوردییه‌كان له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق هه‌وڵی به‌نجامگه‌یاندنی ده‌ده‌ین.
ئه‌و ڕاپۆرته‌ی ده‌یده‌ینه به‌رپرسانی هه‌رێم، پشت به‌ستوه به‌و داوایانه‌ی كه پارێزه‌ران، ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، ڕۆشنبیران و ڕۆژنامه‌نوسانی شاری سه‌یدسادق، له بۆنه جیاوازه‌كاندا پێشكه‌شیانكردووه، به‌تایبه‌ت دوای خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییه‌كانی چین و توێژه جیاوازه‌كانی سه‌یدسادق كه به‌هۆی نه‌بونی خزمه‌تگوزرای و په‌راوێزخستنی شاره‌كه ئه‌نجامیاندا، به‌دواداچون بۆ به‌لێنه‌كان ده‌كه‌ین. ڕاسته ئه‌و دۆخه‌ی هه‌رێمی پیدا تێپه‌ڕده‌بێ، بارگرانیه‌كی گه‌وره‌ی بۆ حكومه‌ت دروستكردوه، به‌ڵام به‌شێك له داواكان ده‌كرا جێبه‌جێبكرێن.
ڕاپۆرتی دووه‌میشیان، كه به‌نیازین له‌به‌غدا كاری له‌سه‌ر بكه‌ین، جوڵاندنی پرسی قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی شاره‌كه‌تان و سه‌رجه‌م ناوچه زیانلێكه‌وتوه‌كانی كوردستانه له‌سه‌ر ده‌ستی ڕژێی پێشوو، كه ئه‌ركی حكومه‌تی ئێستای عێراقه پابه‌ندبێت به قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی زیانلێكه‌وتوان، ئه‌وه‌ی كاری ئێمه‌شی ئاسانتركردووه، ناساندنی شاره‌كه‌تانه وه‌ك یه‌كێك له‌و ناوچانه‌ی ڕوبه‌ڕوی خاپوركردن و جینۆسایدبونه‌ته‌وه، له‌لایه‌ن دادگای باڵای تاوانه‌كانی عێراقه‌وه.
خاڵێكی تر كه به‌پێویستی ده‌زانم له‌م بۆنه‌یه‌دا، هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بكه‌م، زه‌روره‌تی ڕێزگرتنه له ده‌نگ و ئیراده‌ی خه‌ڵكی شاره‌كه‌تان له كاتی پێكهێنانی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه بۆمانه‌وه له‌سه‌ر پارێزگای سلێمانی، یان چونه سه‌ر ئه‌و پارێزگا نوێیه، به‌شێوه‌ی (ڕاپرسی).
ئه‌وه‌ی ماوه بیلێن، له ساڵیادی 27 ساڵه‌ی كاره‌ساتی جینۆسایدكردنی شاری سه‌یدساقدا، سه‌ری ڕێز و نه‌وازش بۆ شه‌هیدانی ئه‌و كاره‌ساته‌و شه‌هیدانی شه‌ڕی تیرۆر داده‌نوێنین، كه شاره‌كه‌تان له‌ومه‌یدانه‌شدا، خوێنی پۆلێك پێشمه‌رگه‌و به ده‌یان برینداری پێشكه‌ش به كوردستان كردوه.