سەرەتا
وتاری‌ ئارام شێخ محه‌مه‌د له‌ ساڵیادی بۆردومانی قه‌ڵادزێ

4/26/2015

به‌ناوی‌ خوای‌ گه‌وره‌ و میهره‌بان


به‌رێزان هاوڵاتییان و هاونیشتمانییانی‌ قه‌زای‌ پشده‌ر و قه‌ڵادزێی‌ دووجار شه‌هید......
24/4 ڕۆژێكی‌ جیایه‌ له‌ مێژووی‌ خه‌باتی‌ ڕزگاریخوازی‌ گه‌لی‌ كوردستان و بۆ قه‌ڵادزێییه‌كان ناسنامه‌یه‌كی‌ دیاری‌ مێژوویی‌ قوربانیدان و خه‌باتیانه‌.
24/4/74 ڕۆژی‌ تاوانی‌ بۆمبارانكردن و شه‌هیدكردنی‌ شاره‌كه‌و زانكۆی‌ سلێمانیه‌،  24/4/82  یش، ڕۆژی‌ ڕاپه‌ڕینی‌ خه‌ڵك و به‌گژاچونه‌وه‌ی‌ ده‌زگا داپلۆسێنه‌ره‌كانی‌ به‌عسه‌ و گوزراشتێكی‌ نه‌مره‌ له‌ ئازایه‌تی‌ و نه‌به‌ردی‌ خه‌ڵكی‌ ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌، كه‌ به‌خوێنی‌ ئاڵی‌ دایكه‌ ئامینه‌و خوشكه‌ سنه‌وبه‌ر و چه‌ندین شه‌هیدی‌ تر له‌ مێژووی‌ خه‌باتی‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ماندا وه‌ك ڕۆژێكی‌ پڕ شانازی‌ نه‌خشێنرا.
قه‌زای‌ پشده‌ر، لاپه‌ڕه‌كانی‌ سه‌روه‌ری‌ و قوربانیدانی‌ زۆر زۆرن،  قوربانییه‌كانی‌ له‌سه‌رده‌می‌ شه‌ڕی‌ نێوان عێراق ئێران كه‌ گۆڕه‌پانی‌ ئه‌و جه‌نگه‌ ماڵوێرانكه‌ره‌ بوو، جیا له‌وه‌ش، به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ لانك و ماڵ و هێلانه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌و شۆڕشه‌ یه‌ك له‌دوای‌ یه‌كه‌كان بوو، له‌كۆتایی‌ هه‌شتاكانی‌ سه‌ده‌ی‌ ڕابردودا ڕاگوێزراو ناوچه‌كه‌ كرایه‌ ناوچه‌یه‌كی‌ یاساغكراو و شار و گوند و دار و په‌ردوی‌ له‌گه‌ڵ زه‌وی‌ ته‌ختكراو خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ ڕاگوێزرا بۆ ئۆردوگا زۆره‌ملێكانی‌ سنوری‌ پارێزگای‌ هه‌ولێر و سلێمانی‌. له‌دوای‌ ڕاپه‌ڕینی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان، جیا له‌ به‌شداری‌ قه‌ڵادزێیه‌كان له‌ ڕاپه‌ڕین له‌ ئۆردوگا زۆره‌ ملێكان، به‌زویش له‌سه‌ر ئه‌ركی‌ خۆیان ئاوه‌دانیان ده‌ستپێكرده‌وه‌و ژیانیان گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ ناوچه‌كه‌.
به‌درێژایی‌ مێژوویی‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتی‌ كوردییش، ئه‌م ناوچه‌یه‌ وه‌ك پێویست خزمه‌ت نه‌كراوه‌، دوای‌ ڕووخانی‌ ڕژێمی‌ به‌عسیش، بارته‌قای‌ دوژمنكاری‌ و وێرانكاریی‌ ڕژێمه‌ یه‌ك له‌دوای‌ یه‌كه‌كانی‌ عێراق، خزمه‌تی‌ ئه‌و شاره‌ نه‌كراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ش هه‌وڵی‌ سیاسی‌ و یاسایی و خه‌باتی‌ په‌رله‌مانی‌ پێویسته‌ و له‌وچوارچێوه‌شدا خوشك و براكانتان درێغی‌ ناكه‌ن و له‌جێی‌ متمانه‌ی‌ سه‌رجه‌م خه‌ڵكی‌ كوردستان و ناوچه‌ تێكۆشه‌ره‌كه‌تان ده‌بن.
یه‌كێك له‌ گرنگترین هه‌نگاوه‌كانی‌ خزمه‌تی‌ ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ ، به‌ره‌سمیكردنی‌ مه‌رزی‌ كێلێه‌، كه‌ له‌ماوه‌ی‌ ڕابردوو له‌ڕێگه‌ی‌ په‌رله‌مانتارانی‌ كورد له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان و عێراق و نوێنه‌رانی‌ ناوچه‌كه‌تان به‌باشی‌ جوڵێنراوه‌و بۆ ئه‌وه‌ش لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان عێراق ،ڕه‌زامه‌ندییان ده‌ڕبڕیوه‌و ئومێد ده‌كه‌ین به‌زوویی‌ ئه‌و ئه‌ركه‌ ڕاپه‌ڕێنین و بوژانه‌ و جموجۆلێكی‌ بازرگانی‌ باش ڕوو له‌م ده‌ڤه‌ره‌ خۆشه‌ویسته‌ بكات.
له‌كۆتاییدا، سه‌ری‌ ڕێز و نه‌وازش بۆ گیانی‌ پاكی‌ شه‌هیدان داده‌نوێنین و خوای‌ گه‌وره‌ كوردستان له‌ ده‌ستی‌ ڕه‌شی‌ دوژمنان بپارێزێت.



بەیاننامە و لێدوان

Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure