وتاری ئارام شێخ محه‌مه‌د له دوه‌مین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزیدییه‌كان
8/11/2016
به‌رێزان، ئاماده‌بوانی خۆشه‌ویست..
ئه‌مڕۆ پێكه‌وه یادی دوه‌مین ساڵه‌ی كوشتاری ئێزیدیه‌كان ده‌كه‌ینه‌وه، یادی ئه‌و تاوانه‌ی كاتێك ده‌ستیپێكرد كه داعش ده‌ستیگرت به‌سه‌ر شه‌نگالداو به‌و هۆیه‌وه هه‌زاره‌ها كه‌س شه‌هیدبون و هه‌زاره‌های تر ئاواره‌بون، دواتریش تائێستا، كاره‌ساتێكی مرۆیی گه‌وره به هه‌مو پێوه‌ره‌كان روی له ناوچه‌كه كرد.
دو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، رێكخراوی تیرۆریستی داعش، هه‌رچی له توانایدابو له سه‌ربڕین و ئه‌نجامدانی خراپترین تاوان به‌رامبه‌ر به ئێزیدیه‌كان ئه‌نجامیدا ته‌نها به تاوانی ئه‌وه‌ی ئێزیدییه‌كان له‌سه‌ر موڵك و ماڵی خۆیان بون و تامه‌زرۆبونی ژیان و ئازادی بون.
به‌ڕێزان، به‌پێی ئاماره بڕواپێكراوو فه‌رمییه‌كان، 1280 كه‌س له‌و هێرشه نه‌گریسه‌ی داعش بۆسه‌ر شه‌نگال شه‌هیدبون، 380 كه‌س به‌هۆی دۆخه‌كه‌وه مردون، تا ئێستاش 841 كه‌س بێسه‌روشوێنن، كاروانی ژن و كچه ئێزیدیه‌كانیش به‌ره‌و ئه‌و بازاڕه‌ی داینابو بۆ مامه‌ڵه‌كردن پێیانه‌وه وه‌ك كۆیله به‌رده‌وامی هه‌یه‌و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا 5838 كه‌س ده‌ستبه‌سه‌ر و ده‌ستگیركران كه 3500 یان ژن و كچ-ن و دوای هه‌ڵكوتانه سه‌ر شاخی شه‌نگال كران به كه‌نیزه‌ك، دو ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و ژماره‌یه‌ش كه منداڵ بون وه‌ك به‌ندی له‌لایه‌ن ئه‌و رێكخراوه تیرۆریستیه‌وه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا كراوه، حكومه‌تی هه‌رێم ته‌ئكید ده‌كاته‌وه كه ژماره‌ی ئاواره ئێزیدییه‌كان گه‌یشتوه‌ته 75%، ئه‌و رێژه‌یه‌ی دیكه‌ش ده‌مێنێته‌وه یان له‌ژێر چنگی داعشدایه، یاخود وه‌ك په‌نابه‌رن له ده‌ره‌وه‌ی عێراق و ئاواره‌ی وڵاتانی جیاجیا بون.
له دوه‌مین ساڵیادی ئه‌و تاوانه، داوا له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ده‌كه‌ین، له‌م كاره‌ساته گه‌وره‌یه‌دا له‌گه‌ڵماندا بن، داواش ده‌كه‌ین گشتاندن بۆ ئه‌و راپۆرته بكرێت كه پێش دو مانگ له‌مه‌به‌ر له‌لایه‌ن لیژنه‌ی نێوده‌وڵه‌تی-ه‌وه به‌ناوی (بۆ وێرانكردن هاتن) خرایه به‌رچاو و تا هه‌مو جیهاندا بڵاوبكرێته‌وه، چونكه له‌و راپۆرته‌دا به‌شێوه‌یه‌كی ورد و بێگومان، تاوانه‌كانی داعش ده‌رهه‌ق به ئێزیدییه‌كان دیكیۆمێنت كراوه.
به‌ڕێزان..
ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی یاسادانان، به جدی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ دۆزی ئێزیدییه‌كان كردوه‌و له دانیشتنی خۆی له 28ی نیسانی 20116دا به زۆرینه ده‌نگیدا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی قه‌زای شه‌نگال وه‌ك ناوچه‌یه‌كی كاره‌ساتبار بدرێته قه‌ڵه‌م، داواشی له‌لایه‌نه‌كانی جێیه‌جێكردن كرد ده‌ستبكه‌ن به گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی پێویست بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ژیانی ئاسایی بۆ ناوچه‌كه، ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ی كه ئه‌نجومه‌ن به ره‌سمی و به ده‌سته‌واژه‌ی بڕیار قه‌زای شه‌نگالی وه‌ك ناوچه‌ی كاره‌ساتبار ناساند‌و ئه‌وه‌ش كه تێیدا رویدا به (كوشتاری به كۆمه‌ڵ)ی ناساند، به‌ڵام به داخه‌وه هیچ كۆمه‌كی و هاریكارییه‌كمان نه‌بینی بۆ ئاوادانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌و قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی لێقه‌وماوان و زیانپێكه‌وتوان و كه‌سوكاری قوربانیان دوابه‌دوای ئه‌م بڕیاره.
ئه‌مڕۆش جارێكی تر داوا له حكومه‌تی عێراقی و حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌ینه‌وه به چڕوپڕی ده‌ستی هاوكاری درێژبكه‌ن و راسته‌وخۆ هه‌وڵی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شه‌نگال بده‌ن و ژیانی تێدا بگێڕنه‌وه‌و ئه‌و ئه‌ركه وه‌ك ده‌ستپێكی كاره‌كانیان بزانن به‌شێوه‌یه‌ك كه له ئاست كاره‌ساته مرۆییه‌كه‌دا بێت و شایسته‌بێت به مێژوی ئێزیدیه ره‌سه‌نه‌كان.
له كۆتاییدا، ئه‌وپه‌ڕی پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی خۆمان ئاراسته‌ی ماڵبات و كه‌سوكاری خاوه‌ن قوربانیه‌كان ده‌كه‌ین و رۆحیان هه‌میشه شادبێت له‌گه‌ڵ گشت شه‌هیداندا.
ئارام شێخ محه‌مه‌د
جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق
11-8-2016