سەرەتا
وتاری‌ عێراق له‌ كۆنگره‌ی‌ یه‌كێتی په‌رله‌مانه‌كانی جیهان- جنێف

10/25/2016

به‌ناوی‌ خوای‌ به‌خشنده‌و میهره‌بان
به‌ڕێز سه‌رۆكی ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی په‌رله‌مانه‌كانی جیهان، خوشك و برایان له‌ سه‌رۆك و ئه‌ندامانی‌ وه‌فده‌ به‌شداره‌ به‌ڕێزه‌كان.

سڵاوتان لێبێت

سوپاس و پێزانینمان هه‌یه‌ بۆ كاره‌كانتان له‌ پێناو په‌ره‌پێدان و ده‌سه‌ڵاتدارێتی ژیرانه‌و پێگه‌یاندنی چین و توێژه‌كان له‌سه‌رانسه‌ری‌ جیهان.
له‌و هه‌گبه‌یه‌ی‌ له‌ عێراقه‌وه‌ هێناومانه‌ چه‌ند پرسێكی گرنگ هه‌یه‌ كه‌ نه‌ك به‌ ته‌نها له‌سه‌ر دۆخی سیاسی و ئه‌منی و كۆمه‌ڵایه‌تی عێراق، به‌ڵكو له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌و جیهان به‌ چه‌ندین شێواز، وه‌ به‌ یه‌كسانی كاریگه‌ریان هه‌یه‌.
له‌ماوه‌كانی‌ رابردودا، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ عێراق ئه‌هواره‌كانی خسته‌ سه‌ر نه‌خشه‌ی‌ كه‌له‌پوری‌ مرۆیی، توانی به‌شێك له‌جێپێی‌ شایسته‌ی‌ خۆی‌ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی‌ گرنگیپێدانی‌ نێوده‌وڵه‌تی، هه‌ر بۆ ئاماژه‌ ده‌ڵێین ئه‌هواره‌كان ئه‌و شوێنه‌ن‌ كه‌ شارستانیه‌ته‌كانی سۆمه‌ری و ئه‌كادی و بابلی و شارستانیه‌تی له‌كش و ئۆرك و ئریدۆی‌ تێدا هاتوه‌ته‌ ئارا، ئه‌و شوێنه‌یه‌ كه‌ به‌ لانكه‌ی شارستانیه‌ته‌كان ناودێر كراوه‌و لێیه‌وه‌ گه‌لگامێش گه‌شته‌كه‌ی‌ به‌ره‌و جاویدان بون ده‌ستپێكردو ئیبراهیمی خه‌لیل، باوكی پێغه‌مبه‌ران به‌ مه‌به‌ستی‌ رۆشنگه‌ری‌ و ده‌رهێنانی مرۆڤایه‌تی له‌ تاریكیه‌وه‌ به‌ره‌و رۆشنایی هه‌نگاوه‌كانی‌ تێدا هه‌ڵهێنا.

هه‌ر له‌ عێراق له‌ماوه‌كانی‌ رابوردوداو به‌ ئێستاشه‌وه‌ روبه‌ڕوی‌ سه‌رسه‌ختترین باندی خوێناوی‌ له‌ مێژویی مرۆڤایه‌تیدا بوینه‌ته‌وه‌، له‌ عێراق له‌بری هه‌مو وڵاتانی جیهان به‌رده‌وام خوێن له‌ جه‌سته‌ی‌ هاوڵاتیان ده‌تكێ و سه‌روه‌ت و سامانی خه‌رج ده‌بێت و میراتی پێغه‌مبه‌ران و شارستانیه‌ته‌كه‌یان خاپور ده‌بێت.
ئه‌ی‌ ئایا جیهان به‌رپرسیارانه‌ له‌گه‌ڵ عێراق مامه‌ڵه‌ی‌ كردوه‌؟ ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌ لێره‌ین تا داواتان لێبكه‌ین به‌ به‌رپرسیاریه‌تی خۆتان هه‌ستن، ئێمه‌ رۆژانه‌ رۆڵه‌كانمان له‌ ده‌ستده‌ده‌ین و رێڕه‌وی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و بوژانه‌وه‌ له‌ وڵاتمان به‌ره‌و دواوه‌ ده‌چێت، چونكه‌ قه‌ده‌ری‌ ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ روبه‌ڕوی‌ ئه‌و تیرۆریستانه‌ ببینه‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌مو كونج و كه‌له‌به‌رێكی زه‌ویه‌وه‌ به‌ره‌و روی ئێمه‌ هاتون.

داواتان لێده‌كه‌ین به‌ جدی بیر له‌و ژنانه‌ی‌ عێراق بكه‌نه‌وه‌ كه‌ به‌ده‌ست لێكه‌وته‌كانی‌ شه‌ڕه‌وه‌ ده‌ناڵێنن، بیر له‌و منداڵانه‌ی عێراق بكه‌نه‌وه‌ كه‌ چوار ده‌یه‌یه‌ له‌ ساده‌ترین پێداویستییه‌كانی ژیانی‌ شه‌ره‌فمه‌ندانه‌ بێبه‌شن. باكاربكه‌ین له‌ پێناو گه‌نجانی عێراق كه‌ به‌ تواناو ژیریان ناسراون، چونكه‌ كاری‌ هاوبه‌ش هه‌مو سه‌ركه‌وتنێكمان بۆ فه‌راهه‌م ده‌كات و هیوایه‌كی نوێ له‌ ده‌رونماندا بۆ ژیان ده‌ڕوێنێت.

له‌وكاته‌ی‌ كه‌ جیهان بێده‌نگه‌و پشتی‌ له‌ به‌رپرسیاریه‌تی خۆی‌ كردوه‌ به‌رامبه‌ر عێراق، توركیای‌ دراوسێشمان هاتوه‌ بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی‌ هه‌ندێك له‌ خه‌ون و ویسته‌ ناڕه‌واكانی‌ له‌سه‌ر خاكی عێراق سه‌رباری ئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر ئاستی حكومه‌ت و گه‌ل  بونی ناڕه‌وای ئه‌و وڵاته‌ ره‌تده‌كرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش هه‌ڕه‌شه‌یه‌ له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی باشی دراوسێیه‌تی و بۆنی ئاشوبێكی لێدێت كه‌ باڵ ده‌كێشێت به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌و جیهان. بۆیه‌ به‌رێزان ئێستا ئێوه‌ له‌به‌رده‌م به‌رپرسیارییه‌كی تردان و عێراق داواتان لێده‌كات وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ پێویسته‌ له‌سه‌رتان ئه‌نجامی بده‌ن.

سه‌رباری‌ ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ی‌ كه‌ وه‌ك حكومه‌ت و گه‌ل روبه‌ڕوی‌ ده‌بینه‌وه‌ له‌عێراق، توانیومانه‌ سه‌رجه‌م هه‌وڵه‌كانی دوبه‌ره‌كی و هه‌ستی نه‌یاری‌ له‌نێوان پێكهاته‌كان شكست پێبهێنین. له‌ په‌رله‌مانی‌ عێراقیش له‌سه‌ر ئاستێكی به‌رزی‌ شه‌فافییه‌ت و رێزگرتن له‌ جیاكردنه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كان و دیموكراتیه‌تی راسته‌قینه‌ كارده‌كه‌ین. ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران تێچێنی هه‌بوه‌ له‌گه‌ڵ پرۆژه‌ی‌ چاكسازی كه له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه‌ له‌رێگه‌ی‌ خۆپیشاندانی ئاشتیانه‌و شارستانیانه‌ داواكرا، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ ئه‌نجومه‌ن كاری له‌سه‌ر راستكردنه‌وه‌ی‌ رێڕه‌وی پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ و لێپێچینه‌وه‌ له‌ كه‌مته‌رخه‌مان كرد له‌ناو ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن و سه‌رجه‌م جومگه‌كانی ده‌وڵه‌ت، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ژماره‌یه‌ك وه‌زیر له‌كارخران‌و ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی تریش ڵێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا كرا، ئێمه‌ هه‌رگیز واز له‌و رێچكه‌یه‌ ناهێنین كه‌ گرتومانه‌ته‌ به‌ر تا ئه‌وكاته‌ی‌ چه‌مك و به‌هاكانی دیموكراتی و ده‌سه‌ڵاتدارێتی ژیرانه‌ ده‌چه‌سپێنین.

به‌ڕێزان: له‌كاتێكدا كه‌ ئێستا بۆئێوه‌ ده‌دوێم، پاڵه‌وانه‌كانی عێراق له‌ سوپاو هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و خۆبه‌خشه‌كان و حه‌شدی شه‌عبی و پێشمه‌رگه‌و هۆزه‌ ره‌سه‌نه‌كان له‌بری‌ مرۆڤایه‌تی و جیهان دژ به‌ داعش له‌ شه‌ڕدان،  شاری‌ موسڵ-یش رزگار ده‌كه‌ن كه‌ هه‌زاره‌ها ساڵه‌ یه‌كێكه‌ له‌ روخساره‌كانی شارستانیه‌ت و ئه‌وه‌ی‌ به‌ بیری‌ مرۆڤایه‌تیدا نه‌یه‌ت تێیدا داعش ئه‌نجامیدا. ئێمه‌ بۆ هه‌مو جیهانی تۆمارده‌كه‌ین كه‌ سه‌رانسه‌ری‌ عێراق ئازاد ده‌كه‌ین و بانده‌كانی تاریكی واده‌هاڕین جارێكی تر سه‌رهه‌ڵنه‌ده‌نه‌وه‌.

به‌ڕێزان: سه‌رباری ئه‌وه‌ی‌ كه‌ هه‌ماهه‌نگی و هاوسۆزی له‌گه‌ڵ عێراق دڵی عێراقییه‌كان شاد ده‌كات و وایان لێده‌كات هه‌ست به‌ لایه‌نگری بكه‌ن بۆ خێزانی نێوده‌وڵه‌تی، به‌ڵام له‌م دۆخه‌دا ئه‌وه‌ی‌ پێویستمانه‌ دورتره‌ له‌ هه‌ماهه‌نگی و هاوسۆزی؛ ئێمه‌ پێویستمان به‌ كرداری‌ كاریگه‌ر و هه‌ڵسوكه‌وتی به‌رهه‌مدار هه‌یه‌، چونكه‌ ده‌ره‌نجامی ئه‌و كردارانه‌ بۆ ئێمه‌و بۆ نه‌وه‌كانی داهاتو ده‌بێت.

جارێكی تر؛ به‌رێز سه‌رۆك، سه‌رجه‌م شانده‌ به‌شداره‌كان، سوپاس و پێزانینمان هه‌یه‌ بۆتان، سه‌رله‌نوێ داواتان لێده‌كه‌ین كارمان له‌گه‌ڵ بكه‌ن بۆ سه‌قامگیری عێراق و جیهان و له‌وه‌شدا خێرو خۆشی بۆ هه‌مولایه‌كمان ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت.

ئارام شێخ محه‌مه‌د
 جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق
سه‌رۆكی‌ وه‌فدی‌ عێراق له‌كۆنگره‌ی‌ یه‌كێتی‌ په‌رله‌مانه‌كانی‌ جیهان
25/10/2016 جنێف




بەیاننامە و لێدوان

Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure