سەرەتا
وتارى ئارام شێخ محەمەد لە ساڵیادی دەرکردن و دەستبەسەرکردنی کوردانی فەیلى

4/16/2017

خوشك و برایانی ئاماده‌بو؛ ئه‌م كاته‌و هه‌مو كاتێكتان باش...

ئه‌مڕۆ پێكه‌وه‌ یادی كاره‌ساتی كوردانی‌ فه‌یلی ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ پێش سێ ده‌یه‌ له‌مه‌وبه‌ر، له‌سه‌ر ده‌ستی پیاوه‌كانی رژێمی دیكتاتۆری‌، به‌بێ هیچ تاوانێك روبه‌ڕوی‌ توندترین و سه‌ختترین ئه‌شكه‌نجه‌ بونه‌وه‌، رژێمی له‌ناوچو زیاتر له‌ پێنجسه‌د هه‌زار كوردی فه‌یلی‌ ده‌ربه‌ده‌ر كرد، بیست و دوو هه‌زار له‌ باشترین گه‌نجه‌كانی ئه‌م پێكهاته‌یه‌شی خسته‌ ناو به‌ندیخانه‌ تاریكه‌كانه‌وه‌ كه‌ تا ئێستاش چاره‌نوسیان نادیاره‌.
ئه‌وه‌ی‌ كوردانی فه‌یلی‌ روبه‌ڕوی‌ بونه‌وه‌، به‌ هه‌مو پێوه‌رێك تاوان بو، پرۆسه‌گه‌لێكی كۆمه‌ڵكوژی‌ رێكخراو بو له‌سه‌ر ده‌ستی‌ تاقمه‌كه‌ی‌ سه‌دام، هه‌ر ئه‌و تاوانانه‌ی‌ به‌رامبه‌ریان كرا، بۆ چه‌ند ده‌یه‌یه‌ك بوه‌ هۆی‌ ده‌رده‌سه‌ری‌ و كوێره‌وه‌ری‌. تاڵی و ده‌رده‌سه‌رییه‌كانی ئه‌وان به‌سترایه‌وه‌ به‌و ململانێ سیاسییه‌ی‌ له‌نێوان وڵاتانی‌ دراوسێ و كێشه‌ مرۆییه‌كاندا هه‌بو، رژێمی‌ له‌ناوچو بۆ سودوه‌رگرتن له‌ ململانێكانی له‌گه‌ڵ ئێرانی دراوسێ، ره‌گه‌زنامه‌ی‌ عێراقی له‌ كوردانی‌ فه‌یلی‌ وه‌رگرته‌وه‌.
له‌ ساڵی 1980، وه‌زیری‌ ناوخۆی‌ عێراقی كۆمه‌ڵێك بڕیار و رێوشوێنی هه‌ڕه‌مه‌كی بۆ ده‌ركردنی ئه‌وانه‌ ده‌ركرد كه‌ ئه‌وان ناویان ده‌بردن به‌ (ئه‌و ئێرانیانه‌ی‌ له‌ وڵاتدان و خاوه‌نی ره‌گه‌زنامه‌ی‌ عێراقی نین له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی‌ داوای ره‌گه‌زنامه‌یان كردوه‌و كاره‌كه‌یان یه‌كلا نه‌بوه‌ته‌وه‌).
هه‌روه‌ك بڕیاره‌كه‌ ئاماژه‌ی‌ ئه‌وه‌شی‌ تێدابو ئه‌و گه‌نجانه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر بكرێن له‌ گرتوخانه‌ی‌ پارێزگاكان تا كاتێكی نادیار كه‌ ته‌مه‌نیان له‌ نێوان 18-28 ساڵدا بو، هه‌ر به‌پێی‌ ئه‌و بڕیاره‌ گوله‌بارانی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كرا كه‌ وه‌رده‌نران له‌ عێراق ئه‌گه‌ر هه‌وڵی گه‌ڕانه‌وه‌یان دابوایه‌و له‌ دۆخێكی ئه‌وپه‌ڕی‌ خراپدا فڕێدرابونه‌ نزیك سنوری‌ ئێرانه‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدابو كه‌ سه‌روماڵیان ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرابو، كوڕه‌كانیشیان به‌ بارمته‌گیرابون.

به‌ڕێزان...
پێشتر وتمان و ئه‌مڕۆش دوباره‌ی‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌: بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی‌ شۆڕشی‌ هه‌ڵوه‌شاوه‌ كه‌ دژ به‌ كوردانی فه‌یلی ده‌ركراون و زۆربه‌یان هه‌ڵوه‌شاونه‌ته‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ كاریگه‌رییه‌كانیان تائێستاش بارێكی قورسی له‌سه‌ر شانی كوردی‌ فه‌یلی‌ دروستكردوه‌و تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌.. چاره‌سه‌ری‌ ئه‌نجامه‌كانی ئه‌و تاوانانه‌ش پێویستی‌ به‌ بڕیار و یاسای نوێ و گرتنه‌به‌ری‌ رێوشوێنی ئیلزامی راپه‌ڕاندن هه‌یه‌ تا ئه‌نجامی كرده‌یی و به‌رچاو و جدی و خێرا لێبكه‌وێته‌وه‌ بۆ لابردنی شوێنه‌واری‌ كاره‌ساتباری‌ ئه‌و تاوانانه‌، لێره‌دا كه‌ جه‌خت له‌ وشه‌ی‌ (خێرا) ده‌كه‌ینه‌وه‌ مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ دادپه‌روه‌ری‌ خاووخلیچ به‌ هه‌مان شێوه‌ جۆرێكه‌ له‌ سته‌م.
ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌وباره‌یه‌وه‌ یاسای پێویستی‌ ده‌ركردوه‌ هه‌رچه‌نده‌ كه‌ پێویستیان به‌ هه‌موار هه‌یه‌، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران-یش به‌ هه‌مو ده‌زگاكانیه‌وه‌ رێنمایی ده‌ركردوه‌، كه‌واته‌ هیچ شتێك نه‌ماوه‌ جگه‌ له‌ جێبه‌جێكردن، ئه‌مه‌ش ئه‌و گرێكوێره‌یه‌ كه‌ بوه‌ته‌ هۆی‌ كوێره‌وه‌ری‌ ئه‌م چینه‌ له‌ناو ره‌فه‌و دۆڵابی فه‌رمانگه‌كانی‌ ده‌وڵه‌ت و به‌رۆتین كه‌ جگه‌ له‌ كێشه‌گه‌لێكی نوێ هیچی‌ بۆ كوردانی فه‌یلی‌ نه‌چنیوه‌ته‌وه‌.

خۆشه‌ویستانی ئاماده‌بو..
له‌ روانگه‌ی‌ مرۆیی و ئه‌خلاقیه‌وه‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌رمان پێویسته‌ بۆ كوردانی فه‌یلی‌ ئه‌نجامی بده‌ین، ئه‌وه‌یه‌ جارێكی تر داوا له‌ سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران بكه‌ین نوسینگه‌یه‌كی تایبه‌ت و راسته‌وخۆ به‌ خودی سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه‌ پێكبهێنێت به‌ناوی‌ (نوسینگه‌ی‌ كاروباری‌ كوردانی فه‌یلی‌) وه‌ك هه‌مو كێشه‌كانی‌ تر، ئه‌و نوسینگه‌یه‌ به‌ خودی‌ كوردانی‌ فه‌یلی‌ به‌هێزبكرێت چونكه‌ ئه‌وان خۆیان زیاتر له‌ هه‌مو كه‌س ئاگاداری‌ كوێره‌وه‌ری‌ و ئازاره‌كانی خۆیانن، ئه‌ركی‌ ئه‌و نوسینگه‌یه‌ ئاماده‌كردنی رێنمایی و ده‌ركردنی بڕیاری‌ راپه‌ڕاندنی ئیلزامی بێت و دوربێت له‌ هه‌ر راڤه‌و بۆچونێك بۆی‌ بكرێت له‌لایه‌ن دامه‌زراوه‌ جیاوازه‌كانی ده‌وڵه‌ته‌وه‌.
• خاڵێكی تر، ده‌مانه‌وێت ئاماژه‌ی‌ پێ بكه‌ین بریتیه‌ له‌ موڵك و ماڵه‌ ده‌ستبه‌سه‌ردا گیراوه‌كانی كوردانی فه‌یلی‌، ئه‌مه‌ش ئه‌و گرێكوێره‌یه‌ كه‌ یاسای ناكۆكی موڵكداری‌ شێواندویه‌تی، ئه‌و ئازارانه‌ی‌ كه‌ به‌ حساب داخه‌وه‌ ده‌وڵه‌ت چاره‌سه‌ری كردوه‌، مافی‌ فه‌یلییه‌كانی‌ زه‌وت كردوه‌ته‌وه‌و ئه‌وله‌ویه‌تی داوه‌ به‌ داگیركه‌ران، سه‌دامییه‌كان له‌ موڵك و ماڵی‌ كوردانی فه‌یلی‌ ده‌مێنێته‌وه‌و به‌پێی‌ یاساكه‌ ده‌بێت كورده‌كه‌ به‌دوای‌ شوێنێكدا بگه‌ڕێت خۆی‌ تێیدا داڵده‌ بدات! كه‌واته‌ دادگه‌ری‌ له‌ كوێدایه‌، به‌ دیاریكراوی‌ ئه‌م خاڵه‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌ به‌رپرسیاریه‌تی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌راندایه‌ هه‌مواری‌ بكاته‌وه‌ به‌ هاوكاری‌ و هه‌ماهه‌نگی فراكسیۆنه‌كان، ئه‌و یاسایانه‌ش كه‌ ده‌رچوێنراون دادگه‌ری‌ ده‌رهه‌ق به‌م توێژه‌ سته‌ملێكراوه‌ تێیاندا ره‌چاونه‌كراوه‌و یاسای ره‌گه‌زنامه‌ش مافی هاوڵاتیبونی بۆ نه‌گه‌ڕاندونه‌ته‌وه‌.

بۆیه‌ ده‌ڵێین: ناكرێت قسه‌ له‌سه‌ر دروستكردنی ده‌وڵه‌ت بكه‌ین به‌بێ ئه‌وه‌ی‌ مافی هه‌موان جێگیربكه‌ین، هه‌روه‌ك جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ داننان به‌ ماف به‌ ته‌نها به‌س نییه‌ و ده‌سته‌به‌ری‌ گێڕانه‌وه‌ی‌ مافه‌ ره‌واكان ناكات، پێویسته‌ یاساكان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی‌ راپه‌ڕاندنه‌وه‌ جێبه‌جێ بكرێت تا خاوه‌ن مافه‌كان له‌سه‌ر زه‌مینی واقیع مافه‌كانی خۆیان ببیننه‌وه‌ نه‌ك له‌ناو ده‌قه‌كاندا، یان باسكردنی له‌ بۆنه‌كان به‌ تایبه‌ت له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا.

به‌ شێوه‌یه‌كی كرده‌یی، سه‌ركردایه‌تی سیاسی له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان نه‌یتوانیوه‌ سه‌ركه‌وتوبێت له‌ گرتنه‌خۆ و به‌رگری‌ له‌ مافی كوردانی فه‌یلی‌، بۆیه‌ لێره‌دا داوا له‌ برا كورده‌ فه‌یلیه‌كانمان ده‌كه‌ین كێشه‌و بۆچونه‌ جیاوازه‌كانیان تێبپه‌ڕێنن و لیژنه‌یه‌ك له‌ نوێنه‌رانی راسته‌قینه‌ی‌ خۆیان پێكبێنن تا پێكه‌وه‌ كاربكه‌ین بۆ جێگیركردن و جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانیان.
له‌ كۆتاییدا سه‌ربه‌رزی‌ و شكۆ بۆ كوردانی فه‌یلی‌ و هه‌مو شه‌هیدانی‌ عێراق، سڵاو بۆ پاڵه‌وانانی‌ عێراق كه‌ به‌ خوێنی پاكیان به‌رگری‌ له‌ زه‌وی‌ و پیرۆزییه‌كانمان ده‌كه‌ن.



بەیاننامە و لێدوان

Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure