ئارام شێخ محه‌مه‌د: له‌م قۆناغه‌دا داوای مافی پێشمه‌رگه‌و چاره‌سه‌ری ناوچه جێناكۆكه‌كان ده‌كه‌ین
4/29/2017
ئاماده‌بوانی به‌ڕێز
سه‌ره‌تا پێمخۆشه سوپاسی گه‌وره‌و بێ پایانی خۆم ئاراسته‌ی ئه‌و كه‌سانه بكه‌م كه ئه‌م ئاهه‌نگه‌یان رێكخست، ئه‌م ده‌ستپێشخه‌ری و هه‌ڵوێسته نیشتمانیه بۆ پشتیوانی هێزه چه‌كداره‌كانمان به‌ڵگه‌یه بۆ پشتگیریكردنی هه‌موان له‌و كه‌سانه‌ی ئێستا به‌ڕوی سه‌رسه‌ختترین و دڕه‌نده‌ترین رێكخراودا چونه‌ته‌وه كه هه‌ڕه‌شه‌ی له‌سه‌ر ئاسایش و ئاشتی جیهان دروستكردوه، ئه‌وانه جه‌نگاوه‌ره پاڵه‌وانه‌كانی عێراقن كه خاوه‌ن باشترین بنه‌چه‌ی ئه‌م گه‌له‌ن.
به خوێنی ئه‌وان ژیان به‌رده‌وام ده‌بێت، وه به خوێنی ئه‌وان ئیش و كاره‌كان به‌رده‌وامن، ئه‌مڕۆ كه له‌ژێر سه‌قفی په‌رله‌مانداین و پێكه‌وه پاش كه‌مێكی تر داده‌نیشین و قسه‌ده‌كه‌ین و مشت‌ومڕ ده‌كه‌ین و له‌وه‌یه جیاوازبین یان رێكبین، هه‌مو ئه‌مانه كاتێك روده‌دات ژیان به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی له خوێندنگه‌كان و فه‌رمانگه‌كان و كارگه‌كان به‌رده‌وامه، پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ئه‌مه چۆن روده‌دات، وه‌ڵامه‌كه رونه، كۆمه‌ڵێك پاڵه‌وان هه‌یه كه به ئه‌وپه‌ڕی ئازایه‌تیه‌وه ده‌جه‌نگن و خوێنی پاكیان له پێناو به‌رده‌وامی ژیان ده‌ڕێژن، بۆیه ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ بۆ ئه‌و پاڵه‌وانانه پێشكه‌شی ده‌كه‌ین زۆر زۆر كه‌مه.
رۆڵه‌كانمان ئازایه‌تی و دڵسۆزی خۆیان بۆ وڵات سه‌لماندو به‌خوێنی پاكیان پارێزگاری‌یان لێ‌كرد، لێره‌دا ده‌پرسین..؟ ئایا ئێمه‌ی سیاسی-ش ده‌توانین دڵسۆزی و ئیراده‌ی خۆمان بسه‌لمێنین بۆ ته‌واوكردنی ئه‌و سه‌ركه‌وتانه‌ی هاتونه‌ته‌دی و بتوانین له‌سه‌ر واقیعی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و خزمه‌تگوزاری ره‌نگی پێ بده‌ینه‌وه..
به‌ڕێزان پارسه‌نگیه‌كه زۆر ئه‌سته‌مه و به قه‌باره‌ی قوربانیدانه‌كان ئێمه وه‌ك سیاسییه‌كان پێویسته به گیانێكی نیشتمانیه‌وه مامه‌ڵه بكه‌ین و ناكۆكیه به‌رته‌سكه‌كانمان بخه‌ینه لاوه، چونكه ئێمه رومان له قۆناغێكی نوێیه له دوای داعش-ه‌وه، ئه‌مڕۆ پێویستمان به روانگه‌یه‌كی رون و نه‌خشه‌رێگه‌یه‌ك هه‌یه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ناوچه ئازادكراوه‌كان و گێڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان و هه‌وڵدانی بێ وچان و ده‌ستباری یه‌كتر له‌نێوان سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان و كردنه‌وه‌ی په‌ڕه‌یه‌كی نوێ بۆ گێڕانه‌وه‌ی ژیان له‌گه‌ڵ سه‌رپێخستنی فه‌رمانگه‌و دامه‌زراوه حكومیه‌كان بۆ رۆڵگێڕانی سروشتی خۆیان له‌ناوچه ئازادكراوه‌كان، زیاتر له‌وه‌ش پێویستمان به وه‌ره‌قه‌یه‌كی گشتگیری ته‌سویه‌ی سیاسی و ئاشته‌وایی راسته‌قینه هه‌یه له نێوان خۆماندا.
ئاماده‌بوانی به‌ڕێز..
دوباره‌كردنه‌وه‌ی دروشم دادی ئێمه نادات،به‌ڵكو پێویسته رۆبچین له گرنگی ئه‌و سپارده نیشتمانی و ئه‌خلاقیه‌ی خراوه‌ته ئه‌ستۆمان، بۆیه ئه‌مڕۆ وه‌ك په‌رله‌مان پشتیوانی خۆمان بۆ هێزه چه‌كداره‌كان و حه‌شدی شه‌عبی و پێشمه‌رگه نوێ ده‌كه‌ینه‌وه، وه ئێمه وه‌ك نوێنه‌رانی گه‌ل، جارێكی تر دوپاتی ده‌كه‌ینه‌وه كه پشتیوانییه‌كی به‌هێزی سوپا‌و هه‌مو به‌شه سه‌ربازییه‌كانین، ئه‌وه‌ش ده‌مێنێته‌وه له‌سه‌ر حكومه‌ت ئه‌وه‌یه مافه‌كانیان دابین بكات و موچه‌كانیان به ته‌واوه‌تی خه‌رجبكات به‌وشێوه‌یه‌ی كه په‌رله‌مان له یاسای بودجه‌دا په‌سه‌ندنی كردوه.
له‌مڕۆژانه‌دا عێراق سه‌رقاڵی شه‌ڕێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌و به‌رده‌وامه دژ به هێزه توندڕه‌وه‌كان و تیرۆر كه ده‌یانه‌وێت ته‌گه‌ره بخه‌نه به‌رده‌م رێڕۆشتنی گه‌ل و بوژانه‌وه، بۆیه وه‌ستانه‌وه به‌ڕوی تیرۆر و زاڵبون به‌سه‌ریدا، بێگومان ژیانێكی شكۆمه‌ندانه بۆ هاوڵاتیان فه‌راهه‌م ده‌كات و رێگه‌خۆشده‌كات بۆ تێكشكاندنی ته‌گه‌ره‌كان و هێنانه ئارای چاره‌سه‌ری گونجاو بۆ كێشه‌و قه‌یرانه‌كان.
زۆر كه‌س هه‌بون گره‌وی ئه‌وه‌یان كردبو رۆڵه‌كانمان له گۆڕه‌پانه‌كانی جه‌نگ ده‌به‌زن، هه‌شبو زیاتر له‌وه‌یان ده‌وت و به راشكاوی ده‌یانوت هه‌رگیز ناگه‌ینه ناوچه داگیركراوه‌كانی ژێرده‌ستی تیرۆریستان و جارێكی دیكه ئه‌و ناوچانه ناگه‌ڕێنه‌وه باوه‌شی نیشتمان، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌وه ئێمه متمانه‌مان هه‌بو و له‌وه‌ش دڵنیابوین كه پاككردنه‌وه‌ی خاكه‌كه‌مان ته‌نها له‌سه‌ر كات وه‌ستاوه، ئه‌وه‌تا ئه‌مڕۆ هێزه عێراقییه‌كان له لێواری سه‌ركه‌وتنی كۆتایی و ئازادكردنی ته‌واوه‌تی موسڵ و زاڵبونن به‌سه‌ر چه‌ته‌كانی داعشدا.
خۆشه‌ویستان..
زۆر پێویسته له‌مڕۆژانه‌دا هه‌نگاوی سیاسی جدی گرنگ بنێین، له جێگیركردنی نه‌خشه‌ڕێگای ته‌سویه‌ی كێشه‌كان له دوای داعش-ه‌وه ده‌ستپێبكات و به‌رهه‌مگیری ئه‌و سه‌ركه‌وتنه گه‌ورانه‌ش بكه‌ین كه له‌سه‌ر ده‌ستی هێزه چه‌كداره‌كان به‌دیهاتون.
گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ زێدی خۆیان پێویسته له ده‌ستپێكی هه‌نگاوه‌كاندا بێت، به‌ڵام دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری سیاسی و رێكه‌وتن له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌بردنی ناوچه ئازادكراوه‌كان-یش له گرنگترینه‌كانن به مه‌به‌ستی هێنانه ئارای سه‌قامگیری هه‌میشه‌یی له‌و ناوچانه.
لێره‌دا ته‌ئكید له‌سه‌ر پێویستی رێكخستنی سه‌رجه‌م هێزه چه‌كداره‌كان و دیاریكردنی ئه‌ركیان ده‌كه‌ینه‌وه به‌پێی یاسا له قۆناغی دوای داعش هاتنه ئارای سه‌قامگیری، ئێمه دڵنیایین له‌وه‌ی كه ئه‌و ده‌ستانه‌ی توانیان كه‌رامه‌ت و وڵاتمان بپارێزن، ئه‌گه‌ر ئیراده‌ی جدیمان هه‌بێت؛ ده‌ستناگرنه‌وه له ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێی نیشتمان، ئێمه ده‌توانین داهێنان بكه‌ین و ئه‌زمونێكی نوێ دروستبكه‌ین و قه‌ره‌بوی ئه‌وه‌بكه‌ینه‌وه له رابوردودا له ده‌ستماندا.
به‌ڕێزان.. هێنانه ئارای چاره‌سه‌ری ریشه‌یی بۆ كێشه‌ی شایسته‌یی پێشمه‌رگه‌و به كردار داننان پێیدا وه‌ك به‌شێكی راسته‌قینه له دامه‌زراوه‌ی به‌رگری عێراقی و وه‌رگرتنی سه‌رجه‌م مافه داراییه‌كان و چه‌ك و مه‌شق و راهێنان وه‌ك سه‌ربازی عێراقی، به به‌شێكی گرنگ له چه‌مكی پێ‌زانین و هه‌ستكردن به لایه‌نگری بۆ ئه‌م خاكه ده‌زانین.
هه‌روه‌ك داوا ده‌كه‌ین چاره‌سه‌ری گونجاو بۆ ناوچه جێناكۆكه‌كان بدۆزرێته‌وه‌و هه‌روه‌ك بیستمان بكرێت به (ناوچه‌ی كۆك له‌سه‌ر) تا بتوانین له‌سه‌ر واقیع پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه و چه‌مكی هاوبه‌شی و برایه‌تی له نێوان پێكهاته‌كان له‌و ناوچانه و سه‌رجه‌م عێراق ره‌نگ پێ بده‌ینه‌وه، هه‌مو ئه‌و كارانه به‌بۆچونی ئێمه له كاره گرنك و پێویسته‌كانن له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا له پێناو نه‌خشاندنی سه‌قامگیری ئه‌منی و سیاسی و كۆمه‌ڵگاو گه‌شتن به كه‌ناری ئارامی به تایبه‌ت له ناوچه ئازادكراوه‌كان.
له كۆتاییدا جارێكی تر سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراسته‌ی هه‌مو ئه‌و كه‌سانه ده‌كه‌م كه ئه‌م ئاهه‌نگه‌یان رێكخست، سه‌ربه‌رزی و شكۆ بۆ سه‌رجه‌م شه‌هیدان، درود بۆ سه‌رجه‌م پاڵه‌وانانی عێراق له به‌ره‌كانی جه‌نگ.
السلام علیكم و رحمه الله وبركاته