سەرەتا
هەڵبژاردنى گردەکە وەک دوا مەنزڵ

5/26/2017

وتارى: ئارام شێخ محەمەد

نوسینەوەى زام و ئازارەکان کارێکى ئەوەندە ئاسان نیە، بەتایبەت ڕژانى تاڵییەک، کە برینێکى قوڵ و گەورەى کردبێتە ناو دڵ و دەرونمانەوە، کارێکى زۆر قورس و گرانە گوزارشتکردن لەکۆچى کتوپڕو چاوەڕواننەکراوى کاک نەوشیروان لەڕێى نوسینەوە، مەگەر تەنها خۆى ئاسا نوسین پارچەپارچە بکەین وەک گوڵچنین تابتوانین پڕاوپڕ ماناکانى ئەم قۆناغە بگەیەنینە خوێنەر.
خەڵکى کوردستان و هێز و لایەنە سیاسیەکان لەدواى گەڕانەوەى کاک نەوشیروان، چاوەڕێى دەرکەوتنیان دەکرد، تامەزۆرى بیستنى نیاز و تێڕوانیەکانى بون، چى دەڵێ و چى دەکات لەم قۆناغەدا، ئەو پرسیارە گەورەیە بو، هەموان چاوەڕێ بون پیاوى کردنەوەى گرێکوێرەکان وەڵامى باتەوە.
ئێمەومانان چاوەڕێى بینینیمان دەکرد، هاوشێوەى خەڵک پرسیارى زۆرمان هەبو لێیبکەین، ئەو وەڵامەى دەستمان ئەکەوت، کەمێک ماندوى ڕێگەى سەفەرەو لەچەند ڕۆژى داهاتودا ئەمانبینێ، بەڵام بەداخەوە، بەیانى ڕۆژى 19ى ئەم مانگە کۆچى دوایى کرد و بەجێیهێشتین.
لەسەر داواى خۆى گردەکەى هەڵبژارد وەک دوا مەنزڵ ، کەبڕیارێکى پڕاو پڕ دەلالەت و دوربینیە، بڕیارێکە هاوشێوەى هەنگاوەکانى لەژیانى سیاسیدا، ئاماژەى قوڵ و ژیرانەى لەپشتە و پێویستە هەڵوەستەى لەسەر بکەین.
مەسەلەیەکى سروشتى و باوە، هەر کەسێ گەر نەخۆشیش نەبێ، کاتێک باسى مردنى بۆ بکرێ یان خۆى هەست بەنزیکى مردن بکا، خەیاڵى بۆ لاى درێژەدان بۆ مانەوە لەژیان ئەڕوات، بەڵام کاک نەوشیروان لەمەشدا جیاوازبو، بڕیاریدا مردنەکەشى بکاتە ڕەمزێک بۆ بەزیندو هێشتنەوەى ئەوەى بنیاتى ناوە.
لەکاتى وەفاتى شوعلەخان، ئەو ئەوشێرە ژنەى ئەو وتەیەى لەسەر زەمینى واقیع سەلماند کە دەڵێت، لەپشت هەر پیاوێکى مەزن ژنێکى مەزن هەیە، کاک نەوشیروان لەتەکییەوە نەبو، گەرچى کەسەرێکى گەورەشى لەدڵیدا جێهێشت، لەگەڵ ئەوەشدا بڕیارى نەدا لەتەنیشت هاوخەم و هاوژینى ڕێگایەوە بنێژرێت، بۆچى ئەمەى نەکرد؟
کاک نەوشیروان بەم بڕیارەى ئەوەمان پێ ئەڵێ، بەئامادەبونى مەزارگە و ڕۆحم لەناوتان ، قەرەبوى نائامادەییم لەگەڵتان ئەکەمەوە، کاک نەوشیروان لەمەرگیشدا بەخشندە و خۆنەویست بو، مردنەکەشى کردە دیارییەکى گەورە بۆ بزوتنەوەى گۆڕان و گۆڕانخوازان و هەمو خەڵکى کوردستان.
بونى مەزارى کاک نەوشیروان لەناو گردەکە، وێڕاى پارێزگاریکردنى لەگردەکە لەهەر دەستوەردان و گۆڕانکارییەک، چى بۆ گردەکە و چى بۆ دامەزراوەکانى ناو گردەکە، بەرپرسیارتێتى مێژویى و ئەخلاقى و ئینسانى لەشانى خۆیەوە خستە سەرشانى خەڵکانى ئازادیخواز بەر لەگۆڕانخوازان و، هەمویانى کردە پاسەوانى پاراستنى کۆى ئەو بەهایانەى کە کاک نەوشیروان زیاتر لە نیوسەدە خەباتى بۆ کرد، لەڕێى دروستکردنى پارێزبەندییەکى کۆمەڵایەتى بۆ گردەکە و گۆڕان .
بەهەڵبژاردنى گردەکە وەک دوامەنزڵ، کاک نەوشیروان ئامادەییەکى ڕۆحى ئەبێ بەسەر سەرمانەوەو ئاماژەو پاڵپشتێکى گەورەشە بۆ مانەوەو پارێزگاریکردن لەبەزیندو مانەوەى بیروڕاکانى کاک نەوشیروان.
لەماوەى ڕابردودا هەموو ئەو گلەیى و چاوەڕوانیانەى کە خەڵکى کوردستان و بەتایبەت گۆڕانخوازان لەچاوەڕوانى گۆڕاندا هەیانبو، هەمو ئەوانەى ڕۆژێک لەڕۆژان هیواو خەمى گۆڕانکارییان هەبوە، کاک نەوشیروان بەمەرگى خۆى هەمویانى لەگەڵ گردەکە ئاشتکردەوە.
کاک نەوشیروان لەڕێگەى پۆل پۆل ئاپۆراى خەڵکەوە بۆ سەردانى مەزارەکەى، ئەبێتە چاودێرێکى بەهێز بەسەر گۆڕانى ناو گردەکە کە ڕۆژانە بینینى مەزارەکەو ئاپۆراى خەڵک، زامنێکى گەورە ئەبێت بۆ درێژەدان و بەردەوامى ئەو ڕێگایەى کاک نەوشیروان ئەندازیارى بو، لەمە بترازێ بەر لەبێڕەحمى مێژو، هەنسک و فرمسێکى خۆشەویستانى پیاوە خاکییەکە جگە لەو، ڕەحم بەکەس ناکەن.



بەیاننامە و لێدوان

Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure